ڕاگەیاندنی سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە: کوردستان نابێ ببێتە مەیدانی ڕەمبازێنی داعش و کۆنەپارێزانی جیهادی

ڕاگەیاندنی سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە:

کوردستان نابێ ببێتە مەیدانی ڕەمبازێنی داعش و کۆنەپارێزانی جیهادی


کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

خەڵکی خەباتکاری مەریوان، لاوانی دارسێران!


هەر وەک هەمووتان ئاگادارن ڕۆژی شەممە رێکەوتی ١ی مەی ٢٠٢١ زایینی، ١١ی گوڵانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە چرا سەوزی هێز و ئۆرگانە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران و ئیتلاعات چەند چەکدار و شمشێر بەدەستی کۆنەپارێزی سەلەفی و داعشی هێرش دەکەنە سەر بنەماڵەیەکی خەڵکی گەڕەکی دارسێرانی مەریوان و بە مەبەستی کوشتن، یەکێک لەکوڕەکانی ئەو بنەماڵەیە دەدەنە بەر شمشێر و بەخەستی برینداری دەکەن کە تا ئێستا لە بیمارستانی مەریوان لەژێر چاوەدێری پزشکیدایە. هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر داعشییەکان کە بە ئاشکرا چەکیان هەڵگرتووە و هێرش دەبەنە سەر خەڵک نەبووە و تەنیا چاودێری ڕووداوەکە دەکەن. هەڵبەت ئەوە جاری یەکەم نیە پێش ئەو ڕووداوە لە مەریوان، لە شارەکانی جوانڕۆ و ڕوانسەر کردەوەی داعشیمان بینیوە ئەو جارانەش شایەتی چرا سەوزی هێزە ئینتزامییەکان و لە ڕاستیدا هاوکاری ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆیان بووین.

بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر خەڵکی ئازادیخواز و مافخوازی کوردستان بناژۆخوازی شیعە لەگەڵ سەلەفییەت و بیری داعشی، سەرەڕای هەر کێشە و ناکۆکییەکی نێوان خۆیان، دەستیان داوەتە دەستی یەک.

خەڵکی خەباتکاری مەریوان و بە تایبەت دارسێران تا ئێستا بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی و توڕەیی خۆیان بەرامبەر بەو کردەوە قێزەونەی داعشییەکان و خەمساردی و لە ڕاستیدا هاوکاری هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم نیشان داوە.

کۆمەڵە وێڕای مەحکووم کردنی پەلاماری چەکدارانەی سەلەفیە جیهادییەکان بۆ سەر خەڵک و پشتیوانی لە خەڵکی دارسێران بانگەوازی هەموو خەڵکی ئازادیخواز و خەباتکاری مەریوان دەکا کە بە هەر شێوەیەک خۆیان بە گونجاویی دەزانن پشتیوانی خۆیان لە خەڵکی دارسێران و لە بنەماڵەی بریندارەکە دەرببڕن و ئەو کردەوە قێزەونە مەحکووم بکەن.

جێی خۆیەتی هەموو خەڵکی کوردستان بە وردی بڕوانە ئەو ڕووداوە و ئیجازە نەدەن بە هەر بیانوویەکی پڕو پووچ کوردستان ببێتە مەیدانی ڕەمبازێنی کۆنەپارێزان.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی

١٣ی گوڵان ١٤٠٠

٣ی مەی ٢٠٢١


 







ئه‌م بابه‌ته 583 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:39:03/05/2021