پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی: ٢٧ی ڕەشەممە، رۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە

کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،

بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان،

هاوڕێیان و تێکۆشەرانی کۆمەڵە،

درێژەدەرانی رێبازی پیرۆزی کۆمەڵە، بنەماڵە رەنجکێشاو بەڵام سەربەرزەکانی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە، رۆژی خەبات و تێکۆشان و وەستانەوەتان باش.

٣٣ ساڵ بەر لەئێستا و لە وەها رۆژێکدا گوردانی قارەمانی شوان، خوێنیان تێکەڵ بە خوێنی ٥٠٠٠ کەس لە خەڵکی شاری هەڵبجە کرا کە بوونە قوربانی شەڕی جینایەتکارانەی ٢ دەوڵەتی ئێران و ئێراق.

شۆرشی گەلی کورد بە درێژایی تەمەنی، هەوراز و نەشێوی کەم بە خۆیەوە نەبینیوە، بە هەزاران و سەدان هەزار رۆڵەی کورد لە پێناو ئامانجی بەرزی رزگاری و ئازادیدا گیانیان بەخت کردووە، کۆمەڵەش لە تێکۆشانی زیاتر لە ٥٠ ساڵی خۆیدا پشکی گەورەی بەر کەوتووە و زیاتر لە ٣٠٠٠ هەزار پێشمەرگە و تێکۆشەری کۆمەڵە گیانیان بەخت کردووە.

بە مەبەستی رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشان و فیداکاری سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و هەموو ئەو ئازیزانەی کە لە پێناو ئازادی,یەکسانی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد، خوبەخشانە و لەخۆبردووانە تێکۆشاون و لە ریزەکانی کۆمەڵە گیانیان بەخت کردووە، ٢٧ی رەشەمە، رۆژی گیانبەختکردنی ٦٨ قارەمانی کۆمەڵەمان لە گوردانی شوان وەک رۆژی شەهیدانی کۆمەڵە دیاری کردووە.

٢٧ی ڕەشەمە بەر لە هەموو شتێک رۆژی رێز گرتنە لە ئینسان، رێز گرتنە لە هەموو ئەوانەی دەنگیان کپ کراوە، لە هەموو ئەوانەی گوردانی شوان و هەموو شەهیدە سەربەرزەکانمان بۆ داکۆکێ لێیان لە هیچ فیداکاری و تێکۆشانێک سڵیان نەدەکردووە، و هەنووکەش درێژەدەرانی ئەو رێبازه بەردەوامن تا گەییشتن بە ئامانج.

پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی، سەمبول و نەمادی هاوڕێ گەلی کوردە بۆ رزگاری و سەربەستی، بۆ نەچەوسانەوە، بۆ وەستانەوە و بەرەنگاری لە بەرانبەر ئەوانەی داگیریان کردووە و ئازادیان لێ زەوت کردووە، گیانبەخت کردنی بە کۆمەڵی هاورێیانی گوردانی شوانیش نیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە گەلی کورد بە کۆمەڵ و پێکەوە وەستاوە و چۆکی دانەداوە و داشی نادا، نیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە کۆمەڵانی خەلک ئامادەن بەهای ئەو وەستانەوەیە بدەن، هەر بۆیە ٤٢ ساڵە پێشمەرگایەتی لە کوردستان بۆ چرکە ساتێکیش نەوەستاوە و هەنووکەش ئەو سەنگەرەی هاوڕێیانی گیانبەختکردوومان سازیان کردبوو، بە ئاوەدانی ڕاگیراوە.

هاوڕێیانی پێشمەرگە.......

ئەمساڵ لە کاتێکدا ڕێز لە ٢٧ی ڕەشەمە دەگرین کە باروودۆخی گشتی خەڵکی وڵاتەکەمان لەو پەڕی خراپی دایە، سەڕەڕای دۆخی خراپی ئابووری کە تەنگی بە کۆمەڵانی خەڵک هەڵچنیوە، قەیرانی کۆرۆنا و ناکارامەیی دەسەڵات لەو بوارەشدا بە تەواوی بۆتە هۆکارێکی دیکە بۆ نەهامەتی و زەختی زیاتر، رۆژانە ئازیزنمان تووشی ئەو نەخۆشیە دەبن و کۆماری ئیسلامیش کە ڕێبەرەکەی واکسەنی وڵاتانی رۆژئاوایی حەرام ڕاگەیاندووە، ڕاستەوخۆ بۆتە هۆکاری گیان لە دەست دانی خەڵکی بێ دەرەتانی وڵات.

هەموو پێوەرە بابەتیەکانی ئێستای خەڵک و مێژووی ڕەشی کۆماری ئیسلامیش پێمان دەڵێن کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی هیچ ڕێگایەکەی دیکەی جیا لە وەستانەوە بەرانبەر بەو دەسەڵاتە نەگریسە نیە، هەر بۆیە ئەرکی ئێمه لە پێشووش قورسترە، جێی خۆیەتی بە گڕ و تینێکی تازەوە، بە هیمەتێکی زیاتر و گوردانی شوان و قارەمانەتیەکانیانی بکەینە هەوێنی تێکۆشانی زیاتر و پەیامی وەستانەوە و بەرەنگاری گەلی کورد و چۆک دانەدانی، تەنانەت لەو بارودۆخە دوژوارەشدا بگەیێنینە هەموو جیهان، ئێستاکەش گەلی زوڵم لێکراوی کورد چاوی هیمەتی لە ڕۆڵە پێشمەرگەکانیەتی، با پێکەوە و بە گڕو تینی گوردانی شوانەوە پەیامی هیمەتی بەرزی کۆمەڵە بۆ رزگاری و سەربەستی گەلەی کورد بۆ جارێکی دیکەش بنێرینەوە بۆ بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان و بڵێین سەنگەر ئاوەدانە.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش ڕێز دەگرین و سەری کڕنۆش دادەنوێنین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، گڵمتکی ئاڵ هەڵگەڕاوی مەزاری گیانبەختکردووانمان ماچ دەکەین و پەیمانیان لەگەڵ تازە دەکەینەوە کە تا گەییشتن بە ئامانجە بەرزەکانیان لە تێکۆشان ناوەستین. ڕوو دەکەینە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە و پێیان دەڵێین ڕێگای پیرۆزی پێشمەرگایەتی شانازیەکەی گەورەیە، شانازییەکە کە شانی بە هێزی دەوێ، دەبێ وانەکانی گوردانی شوان بکەنە چرای ڕێنوێنی خەبات و دڵنیا بین ئاسۆ ڕوونە و درەنگ یا زوو شنەی سەربەستی لە شاباڵی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەدات.

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٢٧ی ڕەشمەی ١٣٩٩ی هەتاوی






ئه‌م بابه‌ته 366 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


ئه‌م بابه‌ته 40 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:26:27/04/2021