سازانی ئۆرووپا ئەگەری شەڕ بەهێز دەکات!



سازانی ئۆرووپا ئەگەری شەڕ

بەهێز دەکات!

ئەردەڵان فەرەجی

بە پێی ئامارە ڕەسمی و ناڕەسمییەکان کەمتر لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا ٦ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی ٨٤.٢ میلیۆن کەسی ئێران (ئاماری iraneconomist) لە ئێران لایەنگری ڕژیمی کۆماری ئیسلامین و بەراوردە مەیدانییەکان بە پێوەی ئەو شوێنانەی کە کۆماری ئیسلامی لە خۆنیشاندانە دەوڵەتییەکان ئەنجام دراوە، ئەمە پشت ڕاست کراوەتەوە. ئەگەرچی هەندێکی تر پێیان وایە ئەو ڕێژەیە زۆر لەوە کەمترە. بە چاوپۆشی لەو بۆچوونەش لەم حاڵەتدا، کۆماری ئیسلامی دەنگ و پشتگیری ١٣.٨٪ خەڵکی ئێرانی لە پشتە. ڕەنگە ئەمە بە بەراورد لەگەڵ ٤١ ساڵ لەمەوبەر کە کۆماری ئیسلامی هاتە سەرکار، داڕمان و هەڵوەرینی بەرچاوی کردبێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەم کەمینەبوونە ڕەهایەی هەروا لە حوکمڕانی بە سەر ئێراندا بەردەوامە.

ئەم کەمینەیە دەستی بە سەر هەموو سەرچاوە سەرزەمینی و ژێرزەمینییەکانی وڵاتی ئێران دا گرتووە. ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە کە ساڵانە سەدان میلیارد دۆلار تەنیا لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوەی دەست دەکەوێت. ئەو داهاتە ئەگەر لە خزمەتی ئاوەدانی و خوشگوزەرانی خەڵکی ئێراندا بەکار ببرایە، بە دڵنیاییەوە ئێران یەکێک کە وڵاتە نموونەییەکانی جیهان دەبوو لە بواری پێشکەوتوویی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، بەڵام بە پێچەوانە سیاسەتە نەزانکار، هەڵە و چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی وای کردووە کە ئەمڕۆکە ئێران لە پلەی یەکەمی هەموو هێماگەرێکی دواکەوتووی، هەژاری، چەرمەسەری و نەهامەتی خەڵکەکەی بێت لە ئاستی جیهان دا.

داهاتی گەورە و بەهێزی ئێران لەماوەی ٤١ ساڵی ئێران بۆ شەڕ و ئاژاوە و ترس و تۆقاندن و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بە هەموو جیهان و ناوچەکەدا تەرخان کرا و ئەگەریش شتێک لە بنی مەجەڵەکەدا مابێت، بەرپرسە ورد و درشتەکانی ئەو ڕژیمە دزیان و بەتاڵان و تاراجیان بردووە.

ئەوەی ماوەتەوە سەروەت و سامانی قۆرغ کراوی دەستی خامنەیی و ئۆرگان و ڕێکخراوەکانی ژێر چاودێری بەیتی ڕەهبەری و سپای پاسدارانە کە ئەویش تەرخان کراوە بۆ بەهێز هێشتنەوە هێزی سەرکوت و داپڵۆسین.

بە بەراوردی ڕۆیتێرز تەنیا سامانی خامنەیی زیاتر لە ٩٥ میلیارد دۆلارە کە دەیتوانی لەم دۆخەدا یارمەتیدەری خەڵکی ئێران بێت، بەڵام تەنانەت لە سەردەمی قەیرانی کۆرۆنادا، بە هەزار ئەما و ئەگەر و مەرج ڕازی بووە کە ١ میلیارد بدات بە دەوڵەت بۆ پرسی کۆرۆنا و ئەویش چکە چکە و بە پێخۆر. خامنەیی دەزانێ کە هەموو سەروەتی خۆی و سپا و دارو دەستەکەی بەشی سەرکوتی خەڵک ناکات و سەرەنجام هەر کورت دێنێ، بە هەزار فرت و فێڵ خەریکی ڕاو و ڕووت و تاڵانی گیرفان و پاشکەوتی خەڵکی ئێرانە. ڕۆژێک بەناوی قەرزولحەسەنە، ڕۆژێک بە ناوی سەهامی عیدالەت و بازاڕی بووس، ڕۆژێک بە گۆڕینی پێناسی موستەزعەف (لەڕوانگەی خامنەیی، کەسێک موستەزعەفە کە زەوی و ماڵەکەی غەسب کرابێت و مافی خۆیەتی کە دەبێت وەری بگرێتەوە- هەر بۆیە دێهاتەکەی ئەحواز دەستێنێتەوە) و...

لە کاتێکدا کە ڕوانینی کۆماری ئیسلامی بۆ ئابووری کە خومەینی بە «اقتصاد مال خر!»ی دەزانی و ناتەبایی شەریعەتی ئیسلامی لەگەڵ زانستی ئابووری و سەرباری ئەوانەش نەزانکاری و دزی و ڕاو و ڕووتی بەرپرسانی ئەو ڕژیمە و تەرخان کردنی ساڵانەی سەدان و بگرە بە میلیارد دۆلار سامانی خەڵکی ئێران بۆ پەرەپێدان و پشتیوانی کردن لە گرووپە توندئاژۆ تیرۆریستییەکان لە هەموو جیهان و بە تایبەتی لە ناوچەکە، ئەم دواییانەش گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای هاتووەتە سەر کە بەشێکی گەورەی لە داهاتی فرۆشی سامانی خەڵکی قۆرغ کراوی دەستی کۆماری ئیسلامی پەک خستووە. بەم یەک دوو ساڵە کۆماری ئیسلامی دەست یارمەتی بۆ گرووپە شەڕاشۆ و ئاژاوەگێڕەکانی ناوچەکە کورت بووەتەوە و لە لایەکی دیکەوە لە ناوخۆی ئێران خەڵک لە دۆخێکی خراپی ژیان و گوزەران دان.

لە ماوەی ٣ هەفتەی ڕابردوو پرسی درێژ کردنەوەی گەمارۆی چەک و چۆڵەکان دژی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بە ڕۆژەڤ. وا بوو کە گەڵاڵەی پێشنیاری ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئەم گەمارۆیانە دەنگی پێویستی نەهێنایەوە (سەرەڕای دژە ئەخلاقی بوونی هەڵوێستی وڵاتانی ئۆرووپایی بەرجام- ئەگەر بۆ باقی گەمارۆکان هاوسۆزییەک ببێت بۆ ئێران، لەپرسی گەمارۆی چەک و چۆڵ ئەو گرێ ئەخلاقییەش بوونی نییە)، ئەمریکا بە پشت بەستن بە خاڵی ١٢ی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە کە هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی کۆماری ئیسلامی کە پێشووتر بە پێی ڕێکەوتننامەی بەرجام، هەڵپەسێردرابوو، کارا بکرێتەوە، لە لایەکی دیکەوە ئەندامانی ئۆرووپای بەرجام و چین، ڕووسییە و کۆماری ئیسلامی لەو بڕوایەدان کە ئەمریکا بە دوای کشانەوەی لە بەرجام بۆی نییە کە کەڵک لە بڕیارنامەکانی بەرجام بکات. دیارە بە پێی لێکدانەوەکان ئەم پرسە بووەتە ئاڵۆزترین دۆسییەی یاسایی-سیاسی مێژووی دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە نەگەیشتنە دەرئەنجامێک بە پێی ئەو مۆڵەتەی کە مایک پەمپێئۆ ڕایگەیاندووە، سەعات ١٢ی نیوەشەوی ٣٠ خەرمانان هەموو گەمارۆکان دووبارە دژی کۆماری ئیسلامی دەخرێنەوە گەڕ.

ئەم دۆخە جیهانی و ناوەندە جیهانی تووشی وڕ بوون و ئاڵۆزییەکی جیددی یاسایی و سیاسی دەکات. کۆماری ئیسلامی بە نیازە بە سیاسەتی «از این ستون بە اون ستون فرجی» تێدەکۆشێت یەکلایی کردنەوەی ئەم دۆسییەیە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا وەدەرنگی بخات. لە لایەکی دیکەوە ترامپ کە ڕکابەرایەتییەکی نزیک دایە لەگەڵ «جۆ بایدێن» دەخوازێت بە پێی پێویست کارنامەیەکی سەرکەوتوو بۆ گەلەکەی بخاتە ڕوو کە جارێکی دیکە دەنگی متمانە وەرگرێتەوە بۆیە پێوستی بە سەرکەوتن هەیە لە دۆسییەی ئێراندا. گڵۆپی سەوزی هەڵکردووە بۆ ئیسرائیل بۆ زەربە لێدان لە ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی بە مەبەستی کاردانەوە نواندنی کۆماری ئیسلامی هاتنە مەیدانی ئەمریکا بۆ پشتیوانی هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی لە ناوچەکە و هێنانە دی ئەگەری بەریەک کەوتنی سەربازی.

هەڵوێستی ئۆرووپاییەکان دژواز و دووفاقەیە، لە لایەکەوە بە هۆی ئەوەی کە توانای وەستانەوەیان لە بەرامبەر ئەمریکا دا نییە لە دڵی خۆیان دا ستایشی کۆماری ئیسلامی دەکەن و لە لایەکی دیکەوە ترسیان لە ڕاستی پشتیوانی تیرۆریزمی نێو دەوڵەتی هەیە لە لایەن ڕژیمی تارانەوە و دەست پێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە موشەکە بالیستیکە دوور هاوێژەکان کە توانای هەنگاوتنی ناوەڕاستی پێتەختی وڵاتانی ئۆرووپایی هەیە، لە دڵەوە ستایشتی ڕۆڵی ئەمریکا دەکەن لە بەرامبەرئەو ڕژیمەدا.

ئەم ئاڵۆزییە دوو ئەنجامی گشتی لێ بەدی دەکرێت، یان تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی و چارەسەری ئەم پرسە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە و یان تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی وەشاندنی گورزی کاریگەری سەربازییەوە. هەموو ئاشتیخوازان ئاواتەخوازن لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەو پرسە یەکلایی ببێتەوە، بەڵام ئەی ئەگەر ئەم ڕێگەچارەیە سەری نەگرت؟

بەدەر لە ڕەهەندە ئەخلاقییەکەی پرسی شەڕ و بەریەک کەوتنی سەربازی، بەڵام موماشات و سازشی ئۆرووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کوشتار و وێرانی و ئاوارە بوونی زۆرتر و درێژماوەتری بۆ خەڵکی ئێرانی بەدواوە دەبێت، ئێران زۆرتر دەخاتە باوەشی ڕووس و چینەوە و ... بەڵام ئەرزی واقیع دەڵێت کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی زۆروێژ و زۆردارە و تەنیا لە ڕێگەی زۆرەوە ناچار بە تەسلیم بوون دەبێت و هەربۆیەشە بە کەمینەیەکی ڕەهاوە حوکمڕانی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران دەکات کە واتە هاوسۆزی و لایەنگیری شەرمنانەی ئۆرووپا لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی و بە زیانی خەڵکی ئێرانە، لە بەرامبەردا هاوهەڵوێستی ئۆرووپا لەگەڵ ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی و لە بەرژەوەندی خەڵکی ئێران دایە. مێژوو لە سەر هەڵوێستی ئۆرووپای مودەعی مۆدێڕنییەتە و شارستانییەت قەزاوەتێکی ڕەق دەکات، ئەگەر هەڵوێستی هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی ئێرانی نەبێت.


ئه‌م بابه‌ته 255 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:28:03/09/2020