ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ بەرەنگاری و موقاوەمەت سرووشتی ترین کاردانەوەی خەڵکی کورد بوو وەک نەتەوەیەک بەرامبەر داگیرکاری و داپڵۆسیندا.

ئەبووبەکر مودەڕیسی؛

بەرەنگاری و موقاوەمەت سرووشتی ترین کاردانەوەی خەڵکی کورد بوو وەک نەتەوەیەک بەرامبەر داگیرکاری و داپڵۆسیندا.

٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی خومەینی ڕێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی لە وتاربێژییەکی دا فەرمانی هێرشی بۆ سەر کوردستان دەرکرد و فرمانی بە هەموو هێزە زەمینی، ئاسمانی و دەریاییش دا کە هێرش بکەنە سەر کوردستان و لە ئەگەری سەرپێچی لەو فرمانە، تووشی سزای توند دەبنەوە. هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەو فرمانە هێرشیان کردە سەر خاک و خەڵکی کوردستان و سەدان جینایەتیان دژی خەڵکی کوردستان تۆمار کرد. لە بەرامبەردا خەڵکی کوردستان لە ئاستی جەماوەری کەوتنە بەرەنگاری ئەو هێرش و داگیرکارییە. ئەم ڕۆژە بە ”ڕۆژی بەرەنگاری نەتەوەیی"یەوە ناوزەد کراوە، لەم یادە دا ”ئاسۆی ڕۆژهەڵات" وتووێژێکی لەگەڵ هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵە ڕێکخستووە کە ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە، دەقی ئەو وتووێژەیە.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ هاوڕێ ئەبووبەکر سڵاو و سپاس لە جەنابەت بۆ بەشداریتان لەم وت و وێژەدا. پرسیاری سەرەتاییم بەوەوە دەست پێ دەکەم ئەگەر خومەینی فەرمانی هێرشی دەرکرد بۆچی کورد”بەرەنگار و مقامەت"ی هەڵبژارد؟ کورد ڕێگەیەکی دیکەی جگە لە بەرەنگاری نەبوو، بۆ وینە «سازش» و ئەگەر نەشڵێین «تەسلیم بوون"؟ ئەو پرسیارە بۆیە دێنمە گوڕێ چونکا هەن خەڵکانێک کە دۆخی ناپێشکەوتووی و پشت گوێ خستنی کوردستان و دواکەوتوو ڕاگرتنی کوردستان لەو سەردەمەوە تا ئێستا دەخەنە ئەستۆی ئەو مقاومەت و بەرەنگارییەی کە کورد لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا نواندی.

هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ دەست بردن بۆ بەرەنگاری و موقاوەمەت بە جێگای تەسلیم، سرووشتی ترین کاردانەوەی خەڵکی کورد بوو وەک نەتەوەیەک بەرامبەر داگیرکاری و داپڵۆسین. دیارە ئەوە لێکدانەوەیەکی چەند رەهەندی دەوێ. لە پلەی یەکەم ئەو بەرەنگاری و بەرگرییەی کورد کردی لەو کاتەدا نیشاندەدا کە کورد خاکی کوردستان بە زێدی خۆی و باب و باپیرانی خۆی دەزانێ و سەروەری و کیانێکی نەتەوەیی لەو زێدە و خاکە بە مافێکی سرووشتی و بێئەملاو وئەولا خۆی و لەشکرکێشییەکەی خومەینیشی بە داگیرکاری لە قەڵەم لێداوە. ئەوە هیچ شتێک بە ئێمە ناڵێ جگە لەوە کە کورد هەڵبەت زۆر پێش ئەوەو لەو کاتەش خۆی بە نەتەوە و خەڵکێکی جیاواز لە باقی ئێران دەزانێ و پێی وایە کە نەک تەنیا وەک شارۆمەند بەڵکو وەک کورد و لە حاڵەتی کۆلێکتیویش خۆی هەم بە مافدار و هەم بە بەشخوراو دەزانێ.

لە هەمان کاتدا کورد وەک بەشێک لە خەڵکی ئێڕان و وەک شارومەندانیش، دەسەڵاتی تازە پێگەیشتووی تارانیان بە مورتەجع، دواکەوتوو و سەرکووتگەر دەزانێ کە خۆی و لەشکرە خوێنخۆرەکەی هەڵگری پەیانێکی ڕەش و تاریکن و بەهاتنیان بۆ کوردستان و داگیرکارییەکەیان هەموو دەسکەوتەکانی کورد کە لە ئاکامی ئاخێزی خەڵکی ڕاپەریو بە دژی رژیمی پاشایەتی بە دەستیان هێنابوو، لێیان دەسێندرێتەوە. کۆماری ئیسلامی نوێنەری دەسەڵاتێکی ئایینی بوو کە دەیهەویست دەسەڵاتێکی دژە دموکراتیک و دژە ئازادی لە هەر چەشنێک دامەزرێنێ. لە بەرامبەردا کوردستان وڵاتێک و ئیدارەیەکی دموکراتیک و سێکۆلاری دامەزراندبوو کە تێیدا هەر لەو ماوە کورتەدا گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیبوو و بە تەواوی خۆی لە باقی ئێران کە سەرجەم و بە زۆری بەرچاو لە پشتی شۆڕشی ئیسلامی ڕوحانییەکانی شیعە بوو، جیا کردبۆوە. دیارە زۆر شتی مێژووییش هەیە و لەوانە کۆمەڵگای کوردستان لەو کاتەدا و بوونی کۆمەڵە وەک هێزێکی پێشکەوتنخواز و پێشرەو کە وەک مۆتۆرێکی بزوێنەر کاری دەکرد کە هەڵبەت دەتوانین لە توێ پرسیارەکانی دیکە و یان خود مەجالی دیکە باسیان لێوە بکەین.

سەبارەت بە بەشی دووهەمی پرسیارەکەت بە کورتی ئاماژە بەوەدەکەم. لە پلەی یەکەم باسی سازش هەر نامەربووتە، «سازش» وەک ئەسڵ ناتوانی رەدی کەیەوە. بەڵام لە سازشەکاندا لە نێوان دوو، یان چەند لایەن دانوستانێک دەکرێ. تۆ لەوانەیە لە سەر چەند شت لە داخواییەکانت سازش بکەیت بەڵام لە بەرامبەردا هەر شتێک بە دەست دێنی. بۆیەش چەمکی دروست و گونجاوتر نەسازش بەڵکو تەسلیمە. بەڵام تەنانەت لە حاڵەتی تەسلیمیشدا رژیم وەک زۆر جێگای دیکە و لە بەرامبەر زۆر هێز و حیزبی سیاسی دیکە گوێی نەدەدایە تەسلیم و کوشتاری لێدەکردی. بە تایبەتی کوردستان هەر مێژووی هاوچەرخدا یەکجار ئەو ئەزموونەی بوو کە بەرەنگاری و مقاومەتی هەڵنەبژارد، بەڵام ڕێبەرانی لە سێدارەدران و لە وڵامی هۆکارەکانی دواکەوتوویی ژێرخانی ئابووری، ناوەندە پێشەیی و بەرهەمهێنەرەکان و هتد. پێویستە ئاماژە بکەین بەوە کە هەڵاواردن خۆ بواردن لە پێڕاگەیشتن بە پێشچوونی ئابووری و گەشەی مرۆیی لە کوردستان زۆر کۆنترە لە تەنانەت هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دەگەرێتەوە بۆ رژیمی پاشایەتی و دەستپێکی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن. کۆماری ئیسلامی لە دواکەوتوو ڕاگرتنی کوردستان و سیاسەتی ئێهمال و هەڵاواردن دەستی رژیمی پێشووشی بەستووەتەوە. هۆکارەکانی دەگەرێتەوە بۆ جەوهەر و ناوەرۆکی چینایەتی و کۆمەڵایەتی هەردوو رژیمی پاشایەتی و ئیسلامی خۆ بەلوچستان، خوزستان بەو گشتە سەروەت و سامانە سروشتییەی هەیەتی ئەوانە تەنانەت لە کوردستانیش هەژارتر و دواکەوتوتر ڕاگیراون و هیچ بەرەنگایشیان تێدا نەبووە. ئەو دواکەوتوویە بەشێکە لە ستەمی نەتەوایەتی

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ پاش ٤١ ساڵ لەو ڕووداوە، دۆزی بزووتنەوەی کورد بە هەموو هێرش و ئینکار و سەرکوت و داپڵۆسینێک لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، چۆنە؟مەبەستم ئەوەیە ڕاستە گەلی کورد لەو هێرشەدا لە باری سەربازییەوە شکستیان خوارد، بەڵام ئایا شکستی سەربازی دەکرێت بە شکستی گشتی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی مانا بکرێتەوە؟

هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و بەرگری ڕەوای گەڵی کورد لە کۆتاییدا نەیتوانی لە باری سەربازی پێشی داگیرکاری بگرێ. بەڵام بزووتنەوە تەنیا بزووتنەوەیەکی سەربازی نیە کە شکستەکەی هەرەس هێنانی هەموو بزووتنەوەکەی بەدوادابێ. ئێمە خەریکین باسی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە دەکەین کە فرە ڕەهەندیە. مقاوەمەت و بەرەنگاری لەو ماوەدا واتە دوای سی ساڵ کە کۆماری ئیسلامی بە تەواوی زاڵ بوو بە سەر خاکی کوردستاندا، لە شکل و شێوازی جۆراوجۆردا درێژەی بووە. مانگرتنە گشتییەکان، خۆپێشاندانەکان، چالاکییەمەدەنییەکان و زۆر شکڵ و شێوازی دیکەادوی. جیا لەو دیاردانەی باسم کرد کە هەمویان ئاماژەیەکن بۆ زیندوو بوونی بزووتنەوەی کوردستانی ئێران، ئەگەر بەراوەرد بکەین لە گەڵ پێش هێرشی ٢٨ی گەڵاوێژ و بە تایبەتی ئەگەر بەراورد بکەین بۆ ئەو کاتەی کوردستان بە تەواوی دەکەوێتە ژێر ڕکێفی هێزی سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی کە نزیک بە یەک دەیەی درێژە بوو لە دوای ٢٨ی گەلاوێژ، هەست و ووشیاری نەتەوایەتی لە کوردستان ڕۆوە زیادبوون بووە و نەکەم بوون. بزووتنەوەی کوردستان بە هیچ جۆرێک دانەمرکاوە و خەڵک نەچوونەوە ماڵی خۆیان و لە داواکارییەکانیان بۆ مافە نەتەوایەتییەکانیان پاشگەز نەبوونەتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کوردستان وەک سەربازخانەیەکی لێهاتووە و میلیتاریزە کراوە، هەرجۆرە ئێعترازێک بە تووندی سەرکوب دەکرێ، لاوانی کچ و کوڕ لە پەیوەستبوون بە ریزی پێشمەرگە هەر بەردەوامن و هتد. بە کورتی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران وەک سکلی ژێر خۆڵەمێش وایە تەنیا چاوەروانی بایەکە تا سەرلەنوێ بگەشێتەوە و بە بەراورد لە گەڵ سەردەمی هێرشی کۆماری ئیسلامی لە ٢٨ی گەڵاوێژ خۆی لە پانتایەک و جوغرافیایەکی پان و بەرین تر بڵاو کاتەوە.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ نازانم چەندە لەگەڵ ئەو پۆلێن بەندییە هاوڕا بن دەربارەی پێناسەکانی شوناسی نەتەوەیی هەر گەلێک کە باس لە مێژووی هاوبەش بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ”نەتەوە»یەک دزانێت، ئایا ٢٨ی گەلاوێژ و ئەو بەرەنگارییەی کە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئاراستەی ئەو پێناسەیەدا دەبینن؟

هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ ٢٨ی گەلاوێژ تەنیا خاڵێک لە مێژووی کورد نییە، ٢٨ی گەڵاوێژ تەنیا ڕۆژی هێرش بۆ سەر کوردستان نییە. واتە ڕۆژێک کە داگیرکاران دوای ماوەیەک کە سەرقاڵی خۆ دامەزراندن و خۆتەیار کردن بوون،دێنەوە و وڵاتەکەت داگیر دەکەنەوە حوکمی خۆیان دادەسەپێننەوە، سەرجەم من لەو باوەڕەدام کە لە گەڵ دەسپێکی شۆڕشی دژی پاشایەتی لە ئێران بە کوردستانیشەوە خەڵکی کورد یەک قۆناخ لە ڕەوتی خۆ پێناسە کردن وەک نەتەوەیەک چووەتە پێشەوە. کوردستان لە زۆرێک لە لایەنەکانی کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی لە ئەوانی دیکە جیا کردەوە. دەزانین یەکێک لە نیشانەکانی بەرزبوونەوەی هەست و وشیاری نەتەوایەتی کە زۆرتر و زۆرتر خۆت لە گەڵ ئەوانی دیکە جیاوازببینی (ئەوە بە مانای دوژمنایەتی بەرامبەر بەوانی دیکە نییە). بە پێداچوونەوەیەکی کورت بە سەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەدا ئەوە بە ئاشکرا دەبینین. هەر زۆر زوو و پێش ڕووخانی رژیمی شا کوردستان ڕێگای خۆی جیا دەکاتەوە، کاتێک توێژی ڕووحانییەت بە تەواوی سوڵتە و هێژێمۆنی پەیدا دەکەن بە سەر بزووتنەوەکەدا، کوردوستانییان دروشمی جیایی ئایین لە سیاسەت بەرز دەکەنەوە و سێکۆلاریزم وەک بنەمای دوڵەتمەداری (هەڵبەت بە تێگەیشتنی ئەو سەردەمە) لە ئیدارەی وڵاتەکەیان بە دەستەوە دەگرن. لە پرسی ژن هەر بەو شێوەیە و زۆر شتی دیکە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ئاشکرا خۆی لە باقی ئێران وەک نەتەوەیەک جیا کردەوە و تەنیا بە هێزی سەرکووت چۆوە ژێرباری حوکمی دەسەڵاتی ئایینی. لەو کاتەوە تا ئێستا کە زۆرتر لە چوار دەیەی تێپەراندووە.

جیا لەوانە لە وڵامی هێرشی کۆماری ئیسلامی دا کوردستان دەستی دایە چەک وبەرگری لە خۆی و لە دەسکەوتەکانی کرد، ئەوەش بەو واتایە دێت کە ڕێگا جیاوازەکەی کورد بە دوای ڕووخانی رژیمی پاشایەتی کە بە داخەوە کورت ماوە بوو، تەنیا هەلپەرستییەکی بێ ڕیشە و بێ بنەما نەبوو، بەرەنگاری چەکدارانە و جەماوەری لە ئەو دەسکەوتانە ئاماژە بەوە دەکەن کە کورد ئامادەیە لە ئاستی توان و تاقەتیدا لە خۆی و لە دەسکەوتەکانی بەرگری بکا و لە هیچ فێداکارییەک دریغیش نەکا.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ ئاشکرایە کە ئەو مقاومەت و بەرەنگارییەی کە لە بەرگری ٣ مانگە و پاش هێرشەکەی ٢٨ی گەلاوێژ ئەنجام درا، جەماوەر و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا تێیدا بەشدار بوون، کۆمەڵە وەک حیزبێکی سیاسی چ ڕۆڵێکی لەو بەرەنگارییەدا بوو؟

هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ بە بێ گومان کۆمەڵە ڕۆڵێکی ئاوانگارد و کاریگەری تیدا بوو. لە زۆر جێگادا ئاماژە بەو ڕۆڵە کە کۆمەڵە گێڕاوەتی، دراوە. بۆیەش من زۆری لە سەر نارۆم. بە جێگای ئەوە پێمخۆشە بە چەند لایەنی دیکە ئاماژە بکەم کە لەوانەیە کەمتر قسەی لە سەر کرابێت. دەوری کۆمەڵە تەنیا لە دەستپێکی بەرەنگاری نەتەوەیی لە بەرامبەر هێرشەکەی کۆمەڵەی کۆتایی نایە. هەر کۆمەڵەیەک بە بێ ئەوەی مافێکی پاوانخوازانە بۆ خۆی دابنێ دەتوانێ بە دەوری هەرەگرینگی خۆی و ڕەوتەکەی شانازی بکات لە بەرینکردنەوەی پانتایی جوغرافی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان. لە هەمان کاتدا کۆمەڵە وەک کۆکەرەوە و ڕێکخەری بەشی هەرە زۆری توێژە پێشکەوتنخوازەکانی ناو کۆمەڵگا دەورێکی زۆر بەرچاوی گێڕا لە بەخشینی ناوەرۆکێکی پێشکەونخوازانە، عەداڵەتپەروەرانە بە بزووتنەوەکە.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ سپاس هاوڕێ ئەبووبەکر بۆ بەشداریتان لەم وت و وێژە.

هاوڕێ ئەبووبەکرد مودەڕیسی؛ سپاس بۆ ئێوەش


ئه‌م بابه‌ته 855 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:21:03/09/2020