ڕاپۆرتێک لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی مانگی یونی ٢٠٢٠ی زایینی، لەسەر داوای کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری هاوڕێ خانەی موعینی یەکەمین پێشمەرگەی گیانبەختکردووی کۆمەڵە و پیرۆزکردنی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە، کاتژمێر ١٩ بە کاتی ئورووپا ڕێوڕەسمێک بە بەشداری سەدان کەس لە کادر و ئەندامان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و خەڵکانی سەربەخۆ بە شێوەی ئانلاین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەڕێوە چوو.
‎سەرەتا هاوڕێ حەمید بەھرامی ئەندامی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە کە بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە بوو بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و پاش ڕاگەیاندنی ڕیزی بەرنامەکان، ڕێوڕەسمەکە بە بڵاوکردنەوەی سروودی بانگەواز سروودی فەرمی کۆمەڵە و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێ خانەی موعینی و سەرجەم گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و ڕێگای ڕزگاری و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەستی پێکرد.
‎پاش دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە هاوڕێی بەرێز کاک عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە و پێشمەرگەی دێرینی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە وتارێکی بە نرخی پێشکەش بەئامادەبووان کرد، هاوڕێ عەبدوڵڵا لە وتارەکەیدا باسێکی تێر وتەسەلی لە سەر هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ڕابردوو، ئێستا و چاوەڕوانییەکان لەوهێزە لە داهاتوودا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
‎پاش وتەکانی هاوڕێ عەبدوڵڵا، کۆمەڵێک لە کادر و پێشمەرگەکانی دێرین و نوێی کۆمەڵە پەیام و وتەی خۆیان بەو بۆنەوە پێشکەش کرد، هەر وەها ژمارەیەک لە شاعیران و هونەرمەندانی ناوڕیزەکانی کۆمەڵە بەرهەمە هونەرییەکانی خۆیان بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردانەوە پێشکەش کرد.
‎شایانی باسە، لەناوەخنی بەرنامەکەدا پێشکەشکار ناوە ناوە سرودەکانی کۆمەڵەی بڵاو ئەکردەوە، لەم ڕێوڕەسمەدا کە سەدان کەس بەشێوەی ڕاستەوخۆ تێیدا بەشدار بوون تا درەنگانێک لەشەو درێژەی پێدرا. لە کۆتاییدا هاوڕێ حەمید بەھرامی لەلایەن خۆی و کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە وێڕای پیرۆزبایی دووبارە بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە، سوپاسی ئامادەبووانی کرد و پاش ٤ کاتژمێر ڕێوڕەسمەکەی کۆتایی پێهێنا.
‎شایانی باسە ئەمساڵ بە هۆی دۆخێک کە لەئاکامی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕەخساوە کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە لەدەور یەک کۆبوونەوەی بە گونجاو نەزانی و بۆ پاراستنی هاوڕێیان و دۆستان، تووش نەبوونیان بە ویرووسی کرۆنا، بانگەوازی ڕێوڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەی بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە، کە لەگەڵ پێشوازییەکی بێ وێنەی جەماوەر بەرەوڕوو بووەوە.

‎پیرۆزبێت ٣١ی جۆزەردان ڕۆژێ پێشمەرگەی کۆمەڵە
‎بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕێ خانەی موعینی و سەرجەم گیانبەختکردوانی کۆمەڵە

‎کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
‎کۆمیتەی دەرەوەی وڵات

ئه‌م بابه‌ته 266 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:03:23/06/2020