خوشکی گیانبەختکردوویەکی کۆمەڵە لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ٣١ی جۆزەردان، خاتوو ناهید مێهرپەنا، خوشکی هاوڕێی گیانبەختکردووی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە، ماشەڵڵا مێهرپەنا، بە هۆی نەخۆشی لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو ناهید لەو ژنە شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە خۆشەویستانەی شاری سنە بوو کە دوای گیانبەختکردنی براکەی بەردەوام سەردانی بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەی دەکرد و چەندین جاریش لە ڕێگای هاتووچۆی بۆ کوردستانی باشوور و بارەگاکانی کۆمەڵە، ئەرک و کاری حیزبی جێبەجێ دەکرد و ڕاسپاردەکانی کۆمەڵەی بۆ شاری سنە دەبردەوە. خاتوو ناهید تا کاتی مەرگی هەر وەفادار بە ڕێبازی کۆمەڵە مایەوە و لە ڕیزی دڵسۆزترین و مێهرەبانترین ژنە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان بوو.

بە ناوی ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خاتوو ناهید مێهرپەنا و خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.

ئه‌م بابه‌ته 362 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:59:20/06/2020