دایكی دوو گیانبەختكردووی كۆمەڵە لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان كرد

بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، دایە فائیزە مودەڕسی، دایكی هاوڕێیانی گیانبەختكردوو فەریبا فەڕشچی و حەمید فەڕشچی، و برای هاوڕێی گیانبەختكردووی ناو ڕیزەكانی كۆمەڵە، مەسعود مودەڕسی، بە هۆی نەخۆشی لە شاری سنە، دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت و ماڵئاوایی لە ژیان كرد.

بنەماڵەی دایە فائیزە، لە بنەماڵە شۆڕشگێڕ و ناسراوەكانی شاری سنەن كە خزمەتێكی زۆریان بە كۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان كردووە؛ لە پێناو بەسەركەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی كوردستان دوو ڕۆڵە و برایەكی دایە فائیزە لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەدا گیانی ئازیزیان بەخت كردووە؛ دایە فایزە نموونەی دایكێكی شۆڕشگێڕ و خۆڕاگر بوو.

بە ناوی ناوەندی ڕاگەیاندنی كۆمەڵەوە پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی تێكۆشەری فەرشچی و خەڵكی تێكۆشەری شاری سنە دەكەین و خۆمان بە شەریكی خەم و پەژارەیان دەزانین.

هەر بە بۆنەی مەرگی دایە فائیزە فەڕشچی، هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، سكرتێری گشتیی كۆمەڵە، پەیامێكی هاوخەمی بڵاوكردەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

بەداخەوە شەوی پێشوو فایزە خانمی مودەریسی، سیمای ناسراوی ناو دایكانی كوردستان، لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان كرد.
فایزە خانم  دایكی فەریبا فەرشچی، كچە تێكۆشەری گەنجی ڕیزەكانی كۆمەڵە بوو كە لە هەژدە ساڵیدا بەدەست كۆماری سێدارە ئیعدام كرا، هەروەها دەتوانین بڵێین بۆ شەهید حەمیدی فەڕشچیش كە لە شەڕی بیست و چوار ڕۆژەی سنەگیانی بەخت كرد، وەك دایك وابوو. برای فایزە خانمیش، بە ناوی مەسعوودی مودەریسی، ئەندامی رێكخستنی كۆمەڵە لە تاران بوو كە بەدەست جەللادانی  كۆماری ئیسلامی تیرەباران كرا. بەڵام ئەو داخە گرانانە، وێڕای زۆر مەینەت و خەفەتی دیكە كە فایزە خانم لەم ساڵانەی دواییدا لە كتێبی بیرەوەرییەكانیدا تۆماری كردون، هیچكامیان چۆكیان بەو دایكە نەبەزە دانەدا. كوڕێكی دیكەی بەناوی غوڵامڕەزا لە رێكخستندا كاری دەكرد و ماوەیەك بوو بە بەرپرسی  رێكخستنی نهێنی كۆمەڵە لە سەقز و دواتریش هاتە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی. كچێكی دیكەی فایزە خانم بەناوی فریاڵیش هەر لە تەمەنی لاویدا هات بۆ پێشمەرگایەتی كە تەمەنی درێژ بۆ هەرتكیان بەئاوات دەخوازم. زاوای فایزە خانمیش كادری ناسراوی كۆ مەڵە عەبدوڵڵای هۆشیاریان بوو كە بە كیمیابارانەكەی بۆتێ گیانی لە دەست دا.  بەڕاستی ئەو خەمە قورسانە بە كێ هەڵدەگیرێ؟ خەفەتی ئەوانەی لە دەست چوون و پەرۆشی و وەیلان بوون بە شوێن ئەوانەی ماون، بوو بە چارەنووسی ساڵەهای ساڵی ئەو دایكە خۆڕاگرە.
فایزە خانم ژنێكی میهرەبان، خاوەن ڕێز و خاوەن شەوكەت بوو، لە سنە و هەموو كوردستان ناسراو و تاجی سەری هەموومان  بوو. ئەمن بەختەوەر بووم كە لەم ساڵانەی دواییشدا دوو جار بە خزمەتی گەیشتمەوە. ئەوەش بزانن كە ئەو هەروەها خانمێكی خوازیاری رۆشنبیری بوو و لە هەر فرسەتێك بۆ خوێندنەوەی كتێب و ڕۆمانە باشەكان كەڵكی وەردەگرت و هەتا ما لە فێربوون و فێر كردن ماندوو نەبوو.
هەزار سڵاو لە گیانی فایزە خانمی مودەریسی، هەزاران سڵاو لە شەهیدانی ئەو بنەماڵەیە و هەموو شەهیدانی كۆمەڵە و كوردستان.
پرسە و سەرەخۆشی خۆم پێشكەش بە بنەماڵەی بەڕێزی مودەریسی و فەرشچی و هەموو خزم و دۆستانیان.


ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:09:19/06/2020