هێزی سپای سێدارە، تاوانبارە لەم کارە

کارەساتی مەرگی دڵتەزێێنی فەرهاد و ئازادی خوسرەوی، دوو مێرمنداڵی کورد، کە گیانی ناسکیان لە پێناو پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان کرد بە قوربانی، هەموو کوردستانی هەژاند و هەواڵەکەی ئەولاتریش بەرەو ئێران و جیهان رۆیشت. پێش هەموو شتێک پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆم پێشکەش بە دایک و باوکی ئازاد و فەرهاد و کەس و کار و دۆستانی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم. هەر وەها سەرەخۆشی لە هەموو هاوکارانی کۆڵبەریان دەکەم و تەندروستی و تەمەنی درێژیان بۆ بە ئاوات دەخوازم. 

ئەو دوو نەوجەوانە کە دەبوو ئێستا لەبەر خوێندندا بوایەن بۆ ئەوەی بتوانن سبەی رۆژ ببنە گۆچانی دەستی سەردەمی پیری دایک و باوکیان و کوردستانیش بە ئەرک و خزمەتیان ئاوا بێتەوە، چوون بە قوڕگی کوێستانی عاسی بەفرتەنیودا و بە مەرگی بێدادکارانەیان بنەماڵە و خزم و دۆستانیان ڕەشپۆش و هەموو ئاوایی نێ و شاری مەریوان و بگرە هەموو کوردستانیان خەمبار کرد. 
ڕاستە ئازاد و فەرهاد بە بەفر و سەرما و ماندوویی گیانیان لە دەست دا، بەڵام ئەوان قوربانی دەستی سەرما نین، قوربانی هەژاری داسەپاوی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، قوربانی دەستی رژیمێکن کە سەدان میلیارد دۆلار لە پێناو ئیمپەراتۆریخوازیەکی ئایینی بێ بنەما و لەپێناو ڕێکخستن و تەیار کردنی دارودەستەی تێرۆریست و ئاژاوەگێڕ لە هەموو ناوچەکە تەخشان و پەخشان دەکا و خەڵکەکەی خۆی لە برسیەتی و هەژاری و بێکاریدا دەهێڵێتەوە، ئەو نەونەمامانە کوشتەی دەستی نیزامێکی گەندەڵی مافیایین کە هەرچی سامانی وڵاتە هەڵیدەلووشێ و دواتر وەکوو مووشەک هێقی دەکاتەوە بەسەر ناوچەکەدا. هەر بۆیە جێی خۆی بوو کە خەڵکی تێکۆشەری نێ و دەوروبەر لە ئەسپەرە کردنیاندا سرودی ئەی شەهیدانیان خوێند. ئەوان بە تەقەی راستەوخۆ نەپێکران بەڵام قوربانی ڕاستەوخۆی سیاسەتی ئەو رژیمەن.
دادی ئازاد و فەرهاد،دادی هەموو ئازاد و فەرهادەکان، دادی هەموو قوربانیانی پێشتر و ئێستای کوردستان و هەموو ئێرانیش، تەنیا بە لە گۆڕ نانی ئەو نیزامە گەندەڵ و دیکتاتۆر و تاوانکارە دەستێندرێت. بۆیە دیسانیش جێی خۆی بوو کە لەو ڕێ و ڕەسمەدا بە هەزاران گەروو هاواری مەرگ بەر دیکتاتوریان چڕی. بەڕاستی بۆ نا؟ بۆ دەنگ هەڵنەبڕین؟ بۆ ڕانەپەڕین؟ چی ماوە بەسەرمان نەهێنن؟ چی ماوە لێمان نەستێنن؟ با دەنگی دادخوازیمان بۆ ئازاد و فەرهاد تێکەڵ بە دەنگی ڕێز گرتن لە گیانبەختکردوانی هەستانی جەماوەرەی خەزەڵوەر کەین و بە یەک دەنگ و بە یەک سۆز ڕێز لە هەموویان بگرین.


ئه‌م بابه‌ته 445 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:03:22/12/2019