ڕاگەیاندنی کۆمەڵە دەربارەی سزادانی نەسرین ستوودە و شەپۆلی نوێی دەست بە سەرکردنەکان


بە پێی حوکمێکی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڕێز نەسرین ستوودە، پارێزەر و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ سزای قورسی ٣٨ ساڵ زیندان و لێدانی ١٤٨ زەربە قەمچی (شێلاق) بە سەردا سەپاوە. کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لە سزادانی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو لە سەر شاراوە نییە، بەڵام دەرکردنی سزای قورسی لەو شێوەیە بۆ نەسرینی ستوودە کە هەم لە ناوخۆی ئێران و هەمیش لە ئاستی نێونەتەوەیی کەسایەتییەکی ناسراوە، ڕووکاری نوێی بێدادگاخانەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەخاتە ڕوو کە لە لایەن ئیبراهیم رەئیسی (سەرۆکی نوێی دەزگای دادوەری)، لە ئەندامانی لیژنەی مەرگ و بڕیاردەری ئیعدامی هەزاران زیندانی سیاسی لە دەیەی شەستی هەتاوی لە ئێران، لە سەر بنەمای دادپەروەری پەراوێزی ئاسایشە بەڕێوە دەچێت.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە، نیگەرانی قوڵی خۆی لە شەپۆلی نوێ و قورسی دەست بە سەرکردنەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە نزیکەی ٥٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی دەستگیر کراون، ڕادەگەیەنێت و لە هەموو ئازادیخوازانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و هەروەها ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ داوا دەکات هەوڵەکانی خۆیان بۆ وەستاندنی ماشێنی سەرکوت و داپڵۆسین کۆماری ئیسلامی بخەنە گەڕ.


کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی 


15/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:07:15/03/2019