پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی نوێبوونەوەی ساڵ و نەورۆزی کوردەواری



 هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
سەرەتا و لە بەرەبەری هاتنی ساڵی نوێی کوردەواریدا، بەناوی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"ەوە، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی نوێبوونەوەی ساڵ و نەورۆزی ٢٧١٩ی کوردیتان لێ دەکەین.
ئێوە خەڵکی مافخوازی کوردستان هەموو ساڵێک سەرەڕای فشار و چاودێریی چڕی هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، توانیوتانە نوێبوونەوەی ساڵ و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بکەنە دەرفەتێک بۆ خۆشی دەربڕین و بانگەوازی ویست و داخوازییە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی خۆتان وەک نەتەوەیەک کە تا ئێستاش لە سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکان بێ‌بەش کراوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا رێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز لە هەمیشە بە پەیام و درووشم و هێمای تایبەتەوە بەڕێوەچوون کە نیشانەی بەرزیی ئاستی شعوور و هوشیاری نەتەوەیی و رێکخراوبوونی ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگەی کوردستانە. بۆیە ئەمساڵیش پێویستە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ئاستێکی بەرینتردا، بە ناو و دروشم و هێمای تایبەتەوە، یەکگرتووانە بەڕیوە بچن و بکرێنەوە بە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی کۆمەڵێک مانا و پەیامی نەتەوەیی و شوناسخوازانە.  بۆیە "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" هەر وەک لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە چاوەڕوانی لێ دەکرا، لەم پێوەندییەدا یەکگرتووانە و لە سۆنگەی گرینگیدان بە زەروورەتی "یەکریزی" و "پێکەوەبوون" لە هەموو ئاست و بەستێنەکاندا، داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە دەکات:
١- رێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ژێر ناوی "نەورۆزی سەمای ئازادی"دا بەڕێوە بچن.
 ٢-  با درووشمی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵمان، "یەکریزی و هاوکاریمان، ڕەمزی سەرکەوتنمانە" بێت.
٣- لە ڕێوڕەسمەکان دا لە "جامانە" و "گوڵی سوور"، کەڵک وەربگرین.
خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کوردستان لانیکەم لە ماوەی تەنیا چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەمیشە نیشانیان داوە کە یەكگرتووانە بەدەم بانگەواز و داوای هێز و لایەنە سیاسییەکانی خۆیانەوە دێن و چاوەڕوانیشیان - لە قۆناغی ئێستای خەبات دژ بە سیاسەتە دژیگەلییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران - یەکگرتوویی و پێکەوە بوونە. خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە کردەوە دژیگەلی و تێرۆریستیەکانی رێژیم؛ مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کورد، زانیار و لوقمان مرادی و ڕامین حوسێن پەناهی، لە رۆژی ٢١ی خەرمانان و هەروەها  بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە ٢ی ڕەشەممەی ئەمساڵ، نیشانیان دا کە یەکگرتووانە بە گژ سیاسەتی دوژمنکارانەی رێژیمدا دەچنەوە و خاوەنداری لە خەباتی شوناسخوازانەی خۆیان دەکەن. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ بە بۆنەی نوێبوونەوەی ساڵ و نەورۆزی ئەمساڵیشەوە، یەکگرتووانە بە وەڕێخستنی رێوڕەسمی گشتی و جەماوەری، خاوەندارێتی لە ماف و ئازادییە کلتووری و نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن.
لەم پێوەندییەدا ئەرکی وتاربێژان، شاعیران و هونەرمەندانە کە نێوەرۆکی قسە و بابەت و هونەرەکەیان، تەژی بێت لە پەیامی؛ یەکگرتوویی، نەتەوەیی و بەگژداچوونەوەی زوڵم و زۆری و سیاسەتە دژیگەلییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی. با لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵدا بە لەملکردنی "جامانە" و بەدەستەوەگرتنی "گوڵی سوور" و بەرزکردنەوەی درووشمی "یەکڕیزی و هاوکاریمان، رەمزی سەرکەوتنمانە"، "سەمای ئازادی" بکەین و بیسەلمێنین کە لە وەدستهێنانی ماف و ئازادییەکانی خۆمان وەک نەتەوەیەک بەردەوام و شێلگیرین.
نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت.
بەهیوای ساڵێکی پڕ لە دەسکەوت و سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٤ی ڕەشەممەی

ئه‌م بابه‌ته 508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:15:05/03/2019