ناهید بەهمەنی: ژنان لە ناو بزووتنەوە سیاسییەکاندا جێگەی خۆیان پێنەدراوە




وتووێژی تەلەفیزیۆنی «ایران انترناسیونال» لەگەڵ هاوڕێ ناهید بەهمەنی


و لە فارسییەوە: ئاسۆی رۆژهەڵات


خوێنەرانی ئازیز!

ئەوەی دەیخوێننەوە، وتووێژی بەرنامەی «چشم انداز»ی تەلەفیزیۆنی «ایران انترناسیونال»ە لەگەڵ هاوڕێ ناهید بەهمەنی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە ئەنجامی داوە. ئەم وتووێژە بە بەشدارەی ژمارەیەک لە ژنان و چالاکانی بواری مافەکانی ژنان لە ئێران و کوردستان و سەبارەت بە پرسی بەشداری ژن لە سیاسەتدا بەڕێوەچوو.  وەک ئاسۆی رۆژهەڵات تەنها ئەو پرسیارانەمان هەڵبژاردووە کە ڕووبەڕووی هاوڕێ ناهید بەهمەنی کراونەتەوە. 



لات وایە تا چەندە ژنان لە ناو حیزبەکاندا، لانیکەم لەو حیزبەدا کە خۆت ئەندامیت، ژنان بەو جێگەیە گەیشتوون کە دەبێت بگەن؟

وێڕای سڵاو بۆ بینەرانی ئازیزی تەلەفیزیۆنەکەتان، دەبێ بڵێم زۆر کەم. ئەم رەخنەمان لە حیزبەکانی خۆمان هەیە و لام وایە بە رادەی پێویست سیاسەت و مێکانیزم و تاکتیکی گونجاو نەگیرایە بەر کە ژنان هان بدات بۆ ئەوەی بە پلەی بەرزی حیزبی بگەن و هەرچەند من لام وایە لە کوردستان باسەکە تا رادایەک جیاوازترە. لە کوردستان حیزبە سیاسییەکان هەموو کات بوونیان بووەو چالاک بوون، ئەگەر بمانهەوێت بەراوردێک بکەین لە چاو حیزبە سەرانسەرییەکانیتر ژنان لە ئاستە جیاوازەکاندا چالاکی زیاتریان هەیە و بەشداری زیاتریان هەیە. هەندێ جار بووە ژنان بۆ سەردەمانێک بە ئاستی رێبەری بگەن، بەڵام ئاستی ژمارەوە کەم بوون، ئەگەر بمانهەوێت خەسار ناسی ئەم بابەتە بکەین من لام وایە هۆکاری جیاواز بوونی هەیە لەم بارەوە. 

خانمی بەهمەنی خۆتان لە حیزبدا پلەی باڵاتان هەیە، پێشتر چالاکی جیاوازت بووە، کە باسی کەمایەتی و چۆنایەتی دەکرێت، لات وایە چ كێشەیەک هەیە نەیانتوانیوە لە ئاستی بڕیارداندا کاریگەر بن.

 

سەرەتا ئەبێت ئەوە بڵێم من ئەندامی دەفتەر سیاسی کۆمەڵە نیم، من ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەم، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەی تە ئەوەی کە پرسیارت کرد کە چ لەمپەرێک لە بەردەم ژنانە بۆ ئەوەی بگەن بە پلەی باڵای حیزبی؛ لە بەر ئەوەی بونیاد و ستراکتۆری ئەم حیزبانە پیاوانە بووە، پێشێنە وسیاسەتیکی دیاریکراو و مێژوویەکی دووروودرێژیان هەیە تا بە ئەمڕۆ بگەن؟

بە شێوەی دیاریکراوی دەتوانم لە سەر کوردستان بۆچوونی خۆم دەرببڕم ، دەربارەی ئێران من لام وایە لە چوار دەیەی رابردوودا ژنانی ئێرانی نموونەی ئازادیخوازی سەربەخۆ بوون کە من لام وایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ وێنە. لە باری ئاست و بەبڵاوی بەشداری کردنیان لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکاندا، وەستانەوە دژی سیاسەتی دژە ژن، وەستانەوە دژی گوشارە ئایینی و عورفییەکان کە لە سەر ژنانە و لەمپەرە لە بەردەم ژنان و ژنان لە بەرامبەریدا وەستاونەتەوە. من لام وایە ئەم هێزە، واتە هێزی ژنان بەردەوام وەک باڵندەیەکە کە لە قەفەسدایە و باڵ لێ دەدات بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنێت. بەڵام دەبینین سەرەڕای هەوڵی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان و تێک شکاندنی لەمپەرەکان، دۆخی ژنان لە باری بەشداری کردنیان لە سیاسەتی وڵاتدا زۆر کەمە و ناکرێت بڵێین بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە. هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یاساکان وا داڕێژراون کە ئیزن نادەن ژنان بە پلەی بەرزی سیاسی و حکومەتی بگەن. 

لات وایە ئەم بابەتە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامیش دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران چالاکی دەکەن؟

من لام وایە رەنگدانەوەی بووە لە ناو حیزبەکاندا ئەم بابەتە رەنگدانەوەی بووە؛ بۆ وێنە لە ناو خودی حیزبەکانی ئێمەدا لە بەر ئەوەی بونیادێکی پیاو تەوەرانەیان هەیە، کاتی بردووە بەوە بە ئەمڕۆ بگەن. ئەگەر ئێمە چاو لە بونیادی حیزبە کوردییەکان بکەین، ژنان تەنانەت بەر لە  ٤٠ ساڵ لەوە پێشین  کە بۆ مافەکانی گەلی کورد خەباتیان دەکرد، لانیکەم لە کوردستاندا بەو شێوەی کە شایستەیە شوێن دەستیان دیار نییە، ئەگەر ئەمڕۆکە بمانهەوێت چاو لە رابردوو بکەین، دەبێ بڵێین بوونی ژنان لە ناو حیزبەکاندا خۆی دەستکەوتە بەڵام بە بەراورد لە دونیای مۆدێڕنی ئەمڕۆدا ، بە کەڵک وەرگرتن لە دادە مۆدێرنەکان و هەڵسەنگاندنی تواناییەکان، بە پێی قسەکانی ئەو هاوڕێیەمان ، ئەگەر شایستەسالاریش ببێت، هەڵاواردن دەبینین و ئەویش بۆ رابردوو دەگەڕێتەوە. بەڵام لە کوردستان دەتوانین بڵێین نەرمی نوێندراوە و هەوڵدراوە کە ژنان بە پێگەیەک بگەن . بەڵام هەڵاواردن بووەو هەرچەند هەندێجاریش باس لە هەڵاواردنی پۆزەتیڤ (لەبەرژەوەندی ژنان)دا کراوە، بەڵام هیچ دەردێکی دەرمان نەکردووە. 

گریمان سبەی رۆژ هەڵبژاردنێکی ئازاد دەکرێت. چەند لات وایە ئەو حیزبەی کە تۆ ئەندامی تێیدا، یان هەر حیزبێکی تر ژنێک بکەن بە سەرۆک لیست یان وەک سەرۆک کۆمار یان سەرۆک وەزیران بیناسێنن؟

بێ پەردە و روودەربایستی باسی بکەین، دەبێ بڵێم زۆر کەم و ئەم بەستێن و هاندەرە زۆر کەم دەبینم. هەرچەند لام وایە مێژووی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان تا رادەیەک جیاوازە لە شوێنەکانتری ئێران، لە ٤ دەیەی رابردوودا  دەستکەوتی بووەو لە بواری خۆیاندا ، هەم لە ئاستی چەمک و زاراوە فێمنیستییەکان کە  لە ئاستی کۆمەڵگا پەرەیان پێداوە، هەم ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە تابۆ نەریتیەکانیان شکاندوە، بەشێکی زۆر لە نەریت و رەفتارەکانیان گۆڕیوە. من لام وایە بەشداری سیاسیان لە کوردستان بە بەراورد لە حیزبەکانیتر و لایەنەکانیتر بەرچاوترە. ژنانی کورد چ بە شێوەی شاراوەو چ بە شێوەی ئاشکرا بەشداری سیاسەتیان کردە. لە بەر ئەوەی کۆمەڵگای کوردستان لە ٤ دەیەی رابردوودا کۆمەڵگایەکی سیاسییە. ئەویش هۆکاری ‌هەڵاواردنی نەتەوەیی، هەڵاواردنی رەگەزییە. لەم کۆمەڵگایەدا ژنان لە پرۆسەیەکی پیشەسازی و بەڕێوەبەریدا گەشە بکەن کە بتوانین بە هۆی شایستە سالارییەوە کەسە تایبەتەکانیان هەڵبژێرین و پەرە بە تواناییەکانیان بدەین. ئەمە کارێکە دەتوانرێت هەم لە لایەنی خودی بزووتنەوەی ژنان و تەنانەت دەرەوەی بزووتنەوەی ژنانەوە ئەنجام بدرێت. بەڵام بەداخەوە تەنانەت ئەم کارە و ئەم هەنگاوە لە کۆمەڵگای کوردستاندا لاوازبووە. کارگێڕی و پیشەسازی لە بونیادەکانی کۆمەڵگای مۆدێڕنە، کوردستان لەم بارەوە پێشکەوتنی بەخۆە نەدیوەو بە ئەنقەست دواکەوتوو هێڵڕاوەتەوە. هێزە کۆمەڵایەتییەکانی لەم بارەوە پێشەکەوتنیان نەبووە. بەڵام بەمەشەوە ژنان لە پانتای سیاسی و کۆمەڵایەتییدا چالاکیان بووە. بوون بە پێشمەرگە، بە هۆی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیانەوە کەوتوونەتە زیندان و ئێعدام کراون. هێشتا لەم ناوچەیە سزای ئێعدامی سیاسی جێبەجێ دەکرێت. لە حاڵێکدا لە شوێنەکانیتر وەها نییە- هیوادارم هیچکات سزای ئێعدام جێبەجێ نەکرێت-. ژنان لە کوردستان وەک ژنانی سەرپەرەشتی بنەماڵە، وەک ژنانی نان هێنەری بنەماڵە چالاکییان هەیە و بووە. بەشێکی زۆر لە قورساییەکانی ئەم بزووتنەوەیان خستۆتە سەر شانی خۆیان، دەمهەوێت بڵێم لە هەموو بوارەکاندا تواناکانی خۆیان نیشان داوەو خستۆتە ڕوو. کە باس لە سیاسەت دەکەین سەدان ژن بە حیزبەکانەوە پەیوەست بوون و بوون بە پێشمەرگە، بەڵام جێگەی شیاوی خۆیان بەدەست نەهێناوە. کە وایە ئەوەی کە بڵێین لە دۆخێکی باشدان و دۆخێکی زۆر باشیان هەیە شتێکی درست نییە، بەڵکوو دەبێت خەسار ناسی بکەین. خانمی (ئاریا) دەڵێت ئێمە جیاکاری و هەڵاواردنی رەگەزی و جنسییەتیمان نییە. ئێمەش ئەو جیاکارییەمان نەبوو. ئێمە ژن و پیاو شان بە شانی یەکتر لەم ٤٠ ساڵەدا خەباتمان کردوە. بەڵام هەندێ جێگە هەیە ئەو کاتەی دەگاتە ئەوەی کە تواناکان لە بەرچاو بگیردرێت و بە پێی تواناکان ئەرکت پێ بسپێرن، دەبینین هەڵاواردن بوونی هەیە و لێرەدایە کە تۆ وەک ژن ئەرکێکی قورسترت لە سەر شانە. دەبێت دەنگ بەرز کەیتەوەو خۆت ئامادە بکەیت بۆ خەباتێکی دوو قات. 

خانمی بەهمەنی، زۆر بە کورتی؛ بە پێی ئەزموونەکانی خۆت لەم چەند ساڵەدا، هیوات بە چالاکی حیزبی ماوە؟

بەڵێ هیوام پێیەتی. لەبەر ئەوەی حیزب یەکێکە لە دەستکەوتە گرینگەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن. لە دونیای ئەمڕۆدا گەیشتن بە دەسەڵات و ئاستی بەڕێوەبەرایەتی، بە بێ حیزب مومکین نییە، هەر بۆیە لەو وڵاتانەی کە ئێستا ئێمە تێیدا دەژین، دەبینین دەور و نەخشی حیزبەکان لە پێشچوونی و هاتنە بەرباسی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە کۆمەڵگا چەندە گرینگە. ئەگەر کۆمەڵگایەک بێ حیزب بێت دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگای پێش حیزبی بوون ، کە مێکانیزمێکی دواکەوتوانەتری هەیە. بەڵام دەبێت هەوڵ بدرێت لەم حیزبانەدا یەکسانی و یەکسانی رەگەزی زیاتر لەم حیزبانەدا کاری بۆ بکرێت و دەروونی بکرێتەوە. ئێمە ژنان دەورێکی گرینگمان دەبێت لەم بوارەدا. دەمهەوێت خاڵێک باس بکەم؛ من رەخنەم لە حیزبە کوردییەکان یان ئەو حیزبەی کە تێیدا کار دەکەم هەیە. حیزبەکان چ وەک مانیفێست و بڕیارنامەکان و چ وەک کاری پراکتیکی کاری زۆریان کردوە، بەڵام بەو شێوەی کە ئێمە دەمانهەوێت نییە و دەتوانێت باشتر بێت. لێرەدا جێگەی ئەوە نییە زیاتر باسی بکرێت.



ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:52:06/02/2019