وەفدێکی کۆمەڵە سەردانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی کرد

ڕۆژی شەممە 10ی سەرماوەزی 1397ی هەتاوی (1ی دێسامبری 2018ی زایینی)وەفدێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد.
وەفدی کۆمەڵەی شۆڕشگێر پێکهاتبوون لە هاوڕێیان ساڵەح شەریفی و عەبدوڵڵا ئازەربار ئەندامانی دەفتەری سیاسیی، بەختیار عەلیار، ئازاد قوبادی پوور و کاکۆ عەلیار، ئەندامانی کومیتەی ناوەندی و ئیدریس عەبدی ئەندامی جێگری کومیتەی ناوەندی و لەلایەن بەرێز مستەفا مەولوودی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشوازیان لێکرا.
لەم دانیشتنەدا، وەفدی کۆمەڵە بە خستنە بەرباسی چەند پێشنیار سەبارەت بە کارەکانی داهاتووی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وەکوو هەیئەتی دیپلۆماسی هاوبەش، دانانی تەلەفیزیۆنی هاوبەش و کاری ئەمنییەتی هاوبەش و هتد تێبینی و بۆچوونەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی بە ڕاشکاوی پێشکەش کرد. هەر دوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە کارەکانی ناوەندی هاوکاری بە شێوەیەکی سیستماتیکتر بەرەو پێشەوە بڕوات و هەندێک پرس و کاری نوێ بۆ کار کردن لە ناوەند پێشکەش بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بکەن. وەفدی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ گوێی لە تێبینی و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گرت لەسەر ئەو بابەتانە و لەو بارەوە ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کرا.

ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:06:34:07/12/2018