بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی سەردانی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێرانی كرد

پاشنیوەرۆی رۆژی دووشەممە ٢٢/١٠/٢٠١٨ شاندێكی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی بە سەرپەرستی دكتور مووسا كەڤال سەرۆكی بزاڤ، سەردانی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێرانیان لە هەولێر كرد و لە لایەن هەیئەتێكی پێكهاتوو لە نوێنەرانی پێنج حیزبی پێكهێنەری ناوەندی هاوكاری بە سەرپەرستی مەحەمەد نەزیف قادری بەرپرسی دەورەیی ناوندەكە پێشوازیان لێكرا.
سەرەتای دیدارەكە دكتور مووسا و ئەندامانی شاندی بزاڤ وێرای هاوخەمی و پەرۆشبوونی خۆیان بۆ ئەو شەهید و بریندارانەی كە بە هۆی مووشەكبارانی رێژیمی ئێرانەوە بوونە قوربانی دەربری،  ئەوجا مەبەستی خۆیان لە سەردانەكە بۆ دوو بابەت گەراندەوە كە یەكەمیان پێدانی زانیاری لەسەر ناوەرۆك و ئامانجەكانی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی وەك دامەزراوەیەكی هزری و روناكبیری لەپێناو دابینكردن و بەهێزكردنی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی نێوان لایەنە سیاسیەكان وهەوڵدان بۆ یەكڕێزی و ئاشتی لە نێو كۆمەلگای كوردستان خەبات دەكا و بۆ ئەو مەبەستەش دەیهەوێ بە دامەزراندنی پێوەندی و هاوكاری لەگەل ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران مەیدانی كارەكانی بەرفروانتر بكات.
دووەم بابەت، پیرۆزباییان سەبارەت بە پێكهێنانی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران بوو كە ئەم یەكیەتی و كاری هاوبەشی  نێوان حیزبەكانی  كوردستانی ڕۆژهەڵاتیان، پێ نموونە و كارێكی گرینگ و جێگای بایەخ زانی و پێداگریان لەسەر پاراستن و بەرینتر كردنی ئەم ناوەندەیان كردەوە.
لە لایەن  مەحەمەد نەزیف قادری و هەركام لە ئەندامانی ناوەندی هاوكاریشەوە وێرای بەخێرهێنان و سوپاسی هاوسۆزی و هەلوێستی شاندی بزاڤی ئاشتی بۆ جوولانەوەی كوردستانی ڕۆژهەڵات، وێرای پێدانی كورتەیەك زانیاریان لەسەر ئامانج و بنەمای دامەزرانی ناوەندی هاوكاری كە لە پێناو خزمەت بە دۆزی رەوای گەلەكەمان لە  كوردستانی ڕۆژهەڵات و خۆئامادە كردنیان بۆ رووبەرووبوونەوەیان لەگەل هەر ئەگەر و گۆرانكاریەك كە لە داهاتوودا لە ناو ئێران بێتە ئاراوە، دامەزراوە و هەوڵی بەرینتر كردن و بەشداریپێكردنی سەرجەم ئەو لایەنە خەباتكار و دەروەستانەی كوردستانی ڕۆژهەڵاتیش دەدەین كە بروایان بە ئامانجەكانی ئەم ناوەندە وەك داكۆكیكاری مافی نەتەوەیی و دێموكراسی و بەها مرۆڤییەكان و چارەنووسی گەلەكەمانیان لە كوردستانی ڕۆژهەلات هەبێ،  دەدەین.
لە كۆتایی دیدارەكەدا دوو لایەن پێداگریان لە سەر بەردەوامی پێوەندی و هاوكاری دووقۆلی نێوانیان كردەوە.

ئه‌م بابه‌ته 315 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:00:23/10/2018