كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران كۆبوونەوە

رۆژی دوشەممە رێكەوتی ١٥ی مانگی ئۆكتۆبری ٢٠١٨ی زایینی هەیئەتێكی پێكهاتوو لە ئەندامانی دفتەری سیاسی و كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە سەردانی بنكەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد.
هەیئەتی كۆمەڵە كە بریتی بوون لە هاوڕێیان، ساڵح شەریفی و عەبدوڵڵا ئازەربار ئەندامانی دەفتەری سیاسی، جەماڵ ئەحمەدی، عەلی بەهمەنی ئەندامانی كومیتەی ناوەندیی، داوود نیرومەند ئەندامی جێگری كومیتەی ناوەندی و عەبدوڵڵا كۆنەپۆشی بەرپرسی كومیتەی تەشكیلاتی نهێنی كۆمەڵە لە لایەن وەفدی حیزبی دیمۆكرات كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان، حەسەن شەرەفی و محەممەد نەزیف قادری جێگرانی یەكەم و دوهەمی لێپرسراوی گشتی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران، لوقمان مێهرفەر ئەندامی ناوەندی سیاسی، تاهیر مەحموودی ئەندامی دەستەی كارگێڕی و بەختیار عوسمانی كادری پەیوەندییەكان پێشوازی گەرمیان لێكرا.
ئەم دیدارە چەند تەوەری گرێنگی لە خۆ گرتبوو، سەرەتا لێكدانەوەیەك لە سەر بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و ئێران هاتە ئاراروە، قەیران و گرفتە سیاسی وكۆمەڵایەتی و ناوچەییەكانی كۆماری ئیسلامی و دواپێشهاتەكان و ئەگەرەكان هەر دو لا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان  لەسەر كرد.
تەوەرێكی دیكەی ئەم چاوپێكەوتنە هەڵسەنگاندنی مانگرتنە گشتیە سەركەوتوانەكەی كوردستانی رۆژهەڵات بوو كە بۆجارێكی دیكە سەلماندی كوردستانی رۆژهەڵات پێداگرە لە سەر خواست و ویستە رەوا و بەرحەقەكانی و هەمووكات پاڵپشتی حیزبەكانن.
 كاردانەوەی هێز و لایەنە سیاسیەكان بۆ ئامادەیی هەرچی زیاتر و بەرپرچ دانەوە بە پیلان و سەركوتگەرییەكانی كۆماری ئیسلامی یەكێكی دیكە لە تەوەر گرینگەكان بوو كە پێداگری كرا هەموو لایەنە سیاسیەكان هاوئاهەنگتر لە جاران هاوكاری یەكتر بن بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران جارێكی دیكە لە سەر هاوكاری زیاتری هەر دو لا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی جەختیان كردەوە. ئەم دیدارە لە كەشێكی دۆستانە و نزیكی هەڵوێستەكان سەبارەت بە پرسەكانی بزووتنەوەی رەوای كوردستان و دیاریكردنی میكانیزمی تایبەت بە كاری هاوبەش  لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان لە داهاتوودا كۆتایی پێهات.

ئه‌م بابه‌ته 258 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:39:16/10/2018