31ی جۆزەردان لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەرز ڕاگیرا

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣١ی جۆزەردان، ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە و هەروەها چالاکانی سیاسی و نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی بانگەواز سروودی ڕەسمیی کۆمەڵە و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان وتاری کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە لایەن هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە خوێندرایەوە.

هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار لە سەرەتای قسەکانیدا پاش بەخێرهاتن کردنی میوانان و بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە، یادێکی لە شەهیدانی دووی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی کردەوە و جارێکیتر پەیمانی وەفاداری بە درێژەدانی ڕێگایانی تازە کردەوە.
هاوڕێ عەبدوڵڵا لە بەشێکیتری قسەکانیدا باسی لە خۆڕاگری و خەباتی بێ وچانی چەند دەیەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە کرد و یادی هاوڕێی ڕێبەر کاک خانەی موعینی بەرز نرخاند.
لە درێژەی قسەکانیدا هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار پاش لێکدانەوەیەکی کورتی باروودۆخی ئەمڕۆی ئێران و کوردستان، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی وەک هێزێکی کاریگەر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان ناوبرد.
لە کۆتایی قسەکانیدا هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار پیرۆزبایی لەو هاوڕێیانەکرد کە ئەمڕۆ بە ڕەسمیی چەکی پڕ لە شانازی کۆمەڵەیان کردە شان و پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە و دواتریش داوای لە کچان و کوڕانی خەباتکاری کوردستان کرد کە بۆ درێژەدان بە خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕیزەکانی کۆمەڵە هەڵبژێرن.

پاش تەواوبوونی قسەکانی هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار، چەندین پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامە هاوڕێ سمکۆ بەنەفشی خوێندرایەوە.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا پۆلێکیتر لە کچان و کوڕانی تێکۆشەر و خەباتکاری کۆمەڵە لە ژێر ناوی پەلی شەهید خانە موعینی، پاش تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەی خولی سیاسی و نیزامی لە فێرگەی پیشمەرگایەتی کۆمەڵە، چەکی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتییان کردە شان و پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە.

هاوڕێیانی تازە پەیوەستبوو چەک و کارتەکانیان لە دەستی هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان بەرپرسی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە وەرگرت و پاشان هاوڕێیانی تازە چەکدار سروودێکی شۆڕشگێڕانەیان پێشکەش کرد.

دواتر پەیامی پەلی هاوڕێی گیانبەختکردوو خانە موعینی لە لایەن یەکێک لە هاوڕێیانی تازە پەیوەستبوو بە ڕیزەکانی کۆمەڵە خوێندرایەوە.

لە کۆتایی بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا هاوڕێیان سەرکەوت مەولوودی و سەعدی موعەزز، دوو سروودبێژی دەنگخۆشی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە چەند بەرهەمێکی شۆڕشگێڕانەیان پێشکەش کرد.

بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەش تەرخان کرا بۆ شادی و خۆشی بەشداربووان و پیرۆزبایی کردن لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا بەشێک لە بەشداربووان سەردانی پێشانگای فۆتۆگرافی شەهیدان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵەیان کرد کە لە لایەن بەشی شەهیدانی کۆمەڵەوە ڕێکخرابوو.

ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:42:21/06/2018