ڕاگەیاندنی كۆمەڵە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پڕشكۆی ڕێوڕەسمەكانی نەورۆزی ئەمساڵی ڕۆژهەڵات

بە بەرچاوی هەمووانەوە سەرەڕای هەموو پیلانگێڕییەكانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی، خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات بە پانتایی هەموو گوند و شار و ناوچە جیاجیاكانی ڕۆژهەڵات ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵیان پڕ شكۆ و بە هێما پێشكەوتنخوازانەكانی خۆیان بەڕێوە برد.
زەبر و زەنگ و نەدانی مۆڵەت لە لایەن دام و دەزگاكانی ڕژیم بە داواكارانی بەڕێوەبردنی ئاهەنگەكانی نەورۆز، هەڕەشە و گورەشه لە چالاكانی مەدەنی و فەرهەنگی، هەوڵدان بۆ كردنی بەپاشكۆی مەراسمه دەوڵەتیەكان و بە لاڕێدابردنی ناوەرۆكی نەورۆز، خەڵكی بوێر و شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات نەپرینگانەوە و نەورۆزیان بە جامانەی خەباتكارانە و گوڵی سووری هیوا بەڕێوە برد. ئاهەنگە پڕ شكۆكانی نەورۆزی ئەمساڵ بزووتنەوەیەكی ڕاستەقینەی پڕمانای سیاسی، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی بوو. دیمەنەكانی نەورۆزی ئەمساڵی ڕۆژهەڵات بە دۆست و دوژمنیان نیشاندا كە كوردستانی ڕۆژهەڵات خاوەنی چ توانا و هێزێكی گەورە، وشیار و بوێری خاوەن شوناسی خۆیەتی و تا چەندە ئامادەی چالاك بوونەوەیە!
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ نەورۆز و سەری ساڵی نوێ لە هەموو خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی بوێری كوردستانی ڕۆژهەڵات پیرۆزبایی دەكات. هەر لێرەشەوە دەستخۆشی و ماندوو نەبینی بە هەموو چالاكانی مەدەنی و به ڕێكخەران و بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمانە دەڵێین و دەستیان بە گەرمی دەگوشین. دەست خۆشیش دەڵێین بە هەموو بەشداربووانی ئاهەنگەكانی نەورۆز، لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان كە بە بەشداری خۆیان ڕێ و ڕەسمەكانی نەورۆزیان سەربەرز كرد، لە هەموو دایكان و باوكانی ئازیز، لە لاوان، كوڕان و كچانی خوێنگەرم و مێرمنداڵانی بوێری ژیری چاوكراوە كە بە بەرزكردنەوەی هێما پێشكەوتنخوازانەكانی بزووتنەوەی ڕەواكەمان هیوای دواڕۆژێكی گەشیان بۆ وێناكردین، دەستتان خۆش بێت و نەورۆزتان پیرۆز.

سكرتاریەتی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
٢ی خاكەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی
٢٢ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی

ئه‌م بابه‌ته 1490 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:54:23/03/2018