ڕێوڕەسمی نەورۆز لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٩ی ڕەشەممە، بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە، لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە پارچە شێعرێک لە لایەن پێشکەشکارانی ڕێوڕەسمەکە (ئیدریس عەبدی و سەرگوڵ خودایار) و چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئازیزی سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەستیپێکرد.
پاشان ئاگری نەورۆز لە لایەن هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە کرایەوە.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی بە ناوی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەوە بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و قسەوباسێکی کورتی پێشکەش کرد.
دواتر هاوڕێ سەعدی موعەزز، سروودبێژی دەنگخۆشی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە سروودی نەورۆزی پێشکەش بە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرد.
لە کۆتایی بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا هاوڕێیەکیتری دەنگخۆشی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە، هاوڕێ سەرکەوت مەلوودی بەرهەمێکیتری نەورۆزی پێشکەش کرد.
بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەش کە بۆ شادی و خۆشی ئامادەبووان تەرخان کرابوو تا درەنگانی ئێوارە درێژەی کێشا و بەم شێوەیە ڕێوڕەسمەکە لە کەش و هەوایەکی بەهاری دا کۆتایی پێهات.

ئه‌م بابه‌ته 601 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:18:20/03/2018