ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢٧ی ڕەشەممە، لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢٧ی ڕەشەممە، ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، بە بەشداری ژمارەیەک کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە، ڕێوڕەسمێک لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی بانگەواز، سروودی ڕەسمی کۆمەڵە و خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە دەستی پێکرد.
پاشان هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٧ی ڕەشەممە، ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، قسە وباسێکی پێشکەش کرد.
دواتر هاوڕێ مەعسوومە حەشایەب سروودێکی بۆ یادی هاوڕێی گیانبەختکردوو (بەیان بەرقوڕوو) پێشکەش کرد.
لە بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەدا پۆلێكی دیکە لە کچان و کوڕانی تێکۆشەر و خەباتکاری کوردستان پاش تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەی خولی سیاسی و نیزامی، لە ژێر ناوی پەلی شەهید (باشی شوکری) ناسراو بە بەیان بەرقوڕوو، چەکی پڕ لە شانازی کۆمەڵەیان کردە شان و پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە.
دواتر هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە چەک و کارتەکانیان لە دەستی هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان بەرپرسی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە وەرگرت و سروودێکی شۆڕشگێڕانەیان پێشکەش کرد.
لە کۆتایی بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی پەلی هاوڕێی گیانبەختکردوو بەیان شوکری لە لایەن یەکێک لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە خوێندرایەوە و بەم شێوەیە ڕێوڕەسمەکە کۆتایی هات.

ئه‌م بابه‌ته 562 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:19:17/03/2018