ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران چوارەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوەبرد

سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران چوارەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوەبرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە چەند کاتژمێری خایاند قسە لە سەر چەند پرسێکی گرینگی ناوچەکە و زەروورەتی هاوکاری زیاتر کرا.

سەرەتا هەموو حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری بە بۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستییەی کە دوو ئەندامی حیزبی دێمۆکراتی کردە ئامانج هاوخەمی خۆیان لە گەڵ حدکا دووپات کردەوە و ئەم کردەوە تیرۆریستییەیان مەحکووم کرد.

پێشوازی لە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاوکاری زیاتری حیزبەکانی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری، تەوەرێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیە بوو کە قسە و باسێکی زۆری لە سەر کرا و هەر پێنج لایەن ئامادەی خۆیان بۆ هاوکاری زیاتر دووپات کردەوە.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە پێنج حیزبی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حیزبی دێموكراتی كوردستان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی كوردستان‌ و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) پێکهاتووە و لە رۆژی ٢٠ی ژانویەی ٢٠١٨ بە فەرمی کارەکانی خۆی دەست پێکردووە.

ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:49:05/03/2018