کۆمەڵە، کردەوە تیرۆریستییەکەی دژی ئەندامانی حدکا مەحکووم دەکات!

ڕاگەیاندنی كۆمەڵە سەبارەت بە:

كردەوە تیرۆریستییەكەی دژی دوو ئەندامی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، دوو ئەندامی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، بە ناوەكانی سەلاح و سەباح ڕەحمانی، خەڵكی كامیاران و دانیشتووی هەوڵێر لە هەرێمی كوردستانی عێراق، كرانە ئامانجی پیلانێكی تیرۆریستی و بەداخەوە كاك "سەباح ڕەحمانی" كوڕی "سەلاح" بە هۆی سەختی برینەكانییەوە ئەمڕۆ هەینی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی هەوڵێر گیانی لە دەست دا.

بە پێی ئەو هەواڵانەی كە بڵاو كراونەتەوە ئەم كردەوە تیرۆریستییە بە دانانی بۆمب بۆ ئۆتۆمبیلی ناوبراوان لە شارۆچكەی بنەسڵاوەی هەولێر ئەنجام دراوە. سەرچاوەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران باس لەوە دەكەن كە "سەلاح ڕەحمانی" یەكێك لە ئەندامانی چالاكی ئەو حیزبە بووە و چەندین جار لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاستارانی كۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە.

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكووم كردنی ئەم كردەوە تیرۆریستییە دژی چالاكانی سیاسی، بە بۆنەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەوە سەرەخۆشی لە حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و بنەماڵەی كاك سەباح ڕەحمانی دەكات و خۆی بە شەریكی خەمیان دەزانێت و هیوای هەرچی زووتر چاكبوونەوە بۆ كاك سەلاح دەخوازێت كە لەم ڕووداوەدا بریندار بووە.
 
سكرتارییەتی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی

ئه‌م بابه‌ته 702 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:36:02/03/2018