پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بۆ کۆنگرە پارتی ماف و ئازادی (هاک پار)

ماوەیەک پێش هەیئەتێکی پارتی ماف و ئازادی (هاک پار) کە حیزبێکی کوردستانی باکوورە سەردانی کۆمەڵەیان کرد و بە رەسمی کۆمەڵەیان بۆ کۆنگرەی هاک پار کە قەرارە ئەمڕۆ لە ئانکارا بەڕێوە بچێ بانگیهێشت کرد. کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە پەیامێکی گەرم و هاوڕێیانەی بۆ کۆنگرە ناردوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

بۆ بەڕێز/ سەرکردایەتی پارتی ماف و ئازادی (هاک پار)

بۆ بەڕێز / ئەندامانی کۆنگرەی هاک پار.

سڵاوی گەرم و هاوڕێیانەتان پێشکەش.

لەلایەن دەفتەری سیاسی وکومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە، پڕبە دڵ پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەکەتان لەم بارودۆخە هەستیارەدا لێ دەکەین وهیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازین. سپاستان دەکەین کە بانهێشتان کردین بۆ بەشداری لە کۆنگرەکەتان. بە داخین لەوەی کە ناتوانین بە حوزوری بەشداری کۆنگرەکەتان بین، بۆیە لە رێگای ئەم پەیامەوە روانگە و بەشداری و دڵسۆزی خۆمان بە ئەندامانی کۆنگرەکەتان دەگەیەنین.

هەڤاڵان، ئێوە لە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردا کۆنگرەکەتان دەبەستن. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیرۆدەی ئاڵۆزییەکی قووڵە و گۆڕانکاری گەورە لەم ناوچەیە بەڕێوەیە کە پێویستە هەموومان بە وردی بارودۆخەکە هەڵسەنگێنین تا بتوانین لە بەرژەوەندی خۆمان کەڵک لەم گۆڕانگارییە وەرگرین. دڵنیایین کۆنگرەکەتان دەتوانێ خۆیندنەوەی دروست بۆ ئەم بارودۆخەو بە تایبەتی کوردستانی باکوور بکاو سیاسەتی گونجاو لە گەڵ هەل و مەرجەکە پەسەند دەکا.

هەڤالانی هێژا!

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەم ناوچە ئاڵۆزەدا رژیمە دیکتاتۆرییەکان ناتوانن داخوازی جەماوەری خەڵک کە بریتیە لە ماف و ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێ‌ بکەن، بۆیە بێهوودە هەوڵ دەدەن بە زەبر و زەنگ و سەرەڕۆی بەرەنگاری رەوتی مێژوو ببنەوە و هێزە کۆنەپەرستەکانی وەکوو داعش و هاوشێوەکانی بەتەمان بە کرداری دڕندانە و تۆقاندن چەرخی مێژوو بۆ سەدەکانی ناوەڕاست بگێڕنەوە. بەڵام هیچکام لەوان، نە دیکتاتۆرەکان و نە کۆنەپەرستان، ناتوانن بڕیاری کۆتایی بدەن. بێگومان داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەلان و بۆ دێمۆکراسی و دادپەروەری و پێشکەوتنخوازییە.

گەرچی لەم ناوەدا گەلی کورد هەلێکی گەورەی مێژوویی بۆ ڕەخساوە، بەڵام بە داخەوە لە مانگەکانی رابردوودا کورستانی باکوور بە بارودۆخێکی ناهەمووار و شەڕێکی ماڵ وێرانکەردا تێدەپەڕێ. کۆمەڵە هەمیشە پاڵپشتی خەباتی رەواو بەرحەقی گەلی کورد لە باکوور بووەو ئێستاش هەست بە ئازارەکانتان دەکاو ئەو شەڕە بە قازانجی هیچ لایەک نازانێ و کوشتنی خەڵکی بێدیفاع مەحکووم دەکا.

ئێمە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ ودرێژەدانی پرۆسەی ئاشتی بە رێکاری دروست و لە بەرژەوەندی هەموولایەک دەبینین. کلیلی سەرکەوتنی کورد لەم قۆناغەدا، رێبازی سیاسی دروست و یەکگرتوویی ریزەکانیەتی. تێگەیشتنی دروست لە سەردەم، داڕشتنی سیاسەتی گونجاو، هەوڵدان بۆ یەکخستنی هەموو ریزەکانی بزووتنەوەی کوردی، ئەمانە ئەرکی سەرەکی و گرینگی حیزبە تێکۆشەرەکان لە هەرکام لە پارچەکانی کوردستانن و کۆمەڵە جارێکیتر پێداگری لە سەر ئەوە دەکاتەوە پێویستە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان، بەبێ‌ ئەوەی دەست بخەنە کار و باری پارچەکانی تر، هاوکاری و هاوپشتی خۆیان لەگەڵ بەشەکانیتری کوردستان بە هێزتر بکەن.

کۆمەڵە، خاوەنی مێژووی نزیک بە نیو سەدە خەبات و هەزاران گیانبەختکردووی رێگای رزگاری گەلی کورد و ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە. خەباتی ئێمە درێژەی هەیە و دڵنیاین زۆری پێ‌ناچێ‌ کە باهۆزی گوڕانگاریەکانیش روو لە ئێران دەکاو کوردستانی رۆژهەڵاتیش مافی خۆی و جێگەی شیاوی خۆی بەدەست دێنێت. ئێمە جارێکی دیکە لەسەر دۆستایەتی، پەیوەندی پتەو و دڵسۆزی خۆمان بۆ حیزبەکەتان و بۆ هەموو گەلی کورد لە باکووری کوردستان و بۆ پرۆسەی ئاشتی تەئکید دەکەینەوە، پیرۆزبایی کۆنگرەکەتان لێدەکەین و ئاواتی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین

 

کومیتەی ناوەندیی

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٢٠/٤/٢٠١٦


ئه‌م بابه‌ته 2264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:16:28/04/2016