راگه‌یاندنی سكرتارییه‌تی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ راگه‌یاندنی فێدرالیزم له‌ سورییه‌

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو دا له‌ كوردستانی رۆژئاوا وێرای بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی سیستمی فێدرالی بۆ هه‌موو سورییه‌ وه‌ك رێگا چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و كێشانه‌ی له‌و وڵاته‌ هه‌ن، كیانێكی سیاسی به‌ ناوی یه‌كیه‌تی فێدرالی دیموكراتیكی رۆژئاوا بۆ ناوچانه‌ی كوردنشینه‌كانی سورییه‌ به‌ ره‌سمی راگه‌یاندرا. كۆمه‌ڵه‌ له‌ سه‌ر ئه‌ساس و پره‌نسیپی نه‌گۆڕی خۆی؛ له‌وانه‌ پشتیوانی له‌ خواست و خه‌باتی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان‌ و داكۆكی كردن له‌ مافی دیاری كردنی شێوازی خه‌بات و چاره‌نووسی كورد له‌ هه‌ركام له‌و پارچانه‌، پشتیوانی خۆی له‌ راگه‌یاندنی یه‌كیه‌تی فێدرالی دیموكراتیكی رۆژئاوا ده‌رده‌بڕێ.

بێگومان سنووره‌كانی هه‌ر دوو وڵاتی عێراق و سورییه‌ كه‌ به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی خواست و مافی پێكهاته‌كانی ئه‌م وڵاتانه‌ و له‌وانه‌ كورد، له‌ دوای شه‌ری یه‌كه‌م و داڕوخانی ئیمپراتورییه‌تی عوسمانی، كێشراوه‌ ناتوانێ وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا مه‌رجی سه‌ره‌كی سه‌قامگیری و ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌ سه‌لماندنی مافی گه‌لی كورده‌. بۆیه‌ش هیوامان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا و دامه‌زراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ببنه‌ پشتگیر و پشتیوانی گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوا و له‌ په‌نا ئه‌وه‌ش به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی گه‌لی كورد و سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كانی رۆژئاوا كورد به‌ مافی خۆی بگات.


 

سكرتارییه‌تی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران

٢٣ی مارسی ٢٠١٦ \ ٤ خاكه‌لێوه‌ی ١٣٩٥


ئه‌م بابه‌ته 1823 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:07:28/04/2016