دەربارەی هەوڵە تیرۆریستیەكەی كۆماری ئیسلامیی ئێران

وتووێژی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ڕفێق حسێن پەناهی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵە

ئا: شەوی سەری ساڵی نوێی میلادیی 2018  لە كاتی بەرێوە چوونی ڕێوڕەسمی چەكداربوونی پۆلێكی دیكە لە كوڕان و كچانی كوردستان و جێژنی سەری ساڵدا لە بارەگای ناوەندی كۆمەڵە، بۆمبێك پووچەڵ كرایەوە. بە باوەڕی ئێوە ئەم بۆمبە لەلایەن كیەوە دانرابوو و چۆن بوو؟
وڵام: ڕێكەوتی 1/1/2018  لە كاتی بەرێوە بردنی ڕێوڕەسمی چەكداربوونی پۆلێك لە كچان و كوڕانی كوردستان بەڕیزی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە و هاوكات ڕێوڕەسمی سەری ساڵی میلادیدا، زانیاریمان پێگەیشت كە كۆماری ئیسلامی بە نیازی كاری تیرۆریستیە دژی كۆمەڵە. تیمی ئەمنییەتی كۆمەڵە پاش بەدواداچون و پشكنینی سەرجەم بنكە و بارەگاكانمان و هەروەها دەورووبەری ئۆردوگای ناوەندی، چاویان بە شتێكی گوماناوای دەكەوێ كە دواتر بۆمان دەركەوت كە لە قەراخ جادەی دەرەوەی بارەگای ناوەندی، كە ڕێگای هاتوچۆی ماشینەكانی كۆمەڵەیە بۆمبێك دانراوە و دەسبەجێ ئاسایش و دەزگای ئەمنییەتی سلێمانیمان ئاگادار كردەوە و تیمی پووچەڵكردنەوەكە بەهۆی گەورەیی بۆمبەكە بە ناچاری تەقاندیانەوە و بەخۆشحاڵیەوە ئەو پیلانە شوومەی كۆماری ئیسلامی، كە بەنیازبوون كەسایەتی و كاروانی ماشینەكانی كۆمەڵە بكەنە ئامانج، پووچەڵ كرایەوە. گومان لەوەدا نییە كە ئەو بۆمبە لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە دانرابوو، جۆری بۆمبەكە مادەی سیفۆڕ بوو كە لە ئەگەری تەقاندنەوە بە ماشینەكانی كۆمەڵەدا دەیتوانی خەسارێكی گەورەی گیانیمان پێ بگەینێت .
ئا: ئەمە جاری دووهەمە كۆمەڵە دەكرێتە ئامانج، بۆ؟
وڵام: لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار هەوڵ و پیلانی كۆماری ئیسلامیمان بۆ سەر كۆمەڵە پووچەڵ كردوەتەوە. دوو ساڵ پێشیش لە یەكێك لە بارەگاكانی كۆمەڵە بە هاوكاری خۆفرۆشێك بۆمبێك دانرا بە مەبەستی زەربە لێدانی كۆمەڵە، ئەگەرچی بە تەنیا ئێمە نەبووینەتە ئامانج لە ساڵانی ڕابردوودا بەڵام لایەنەكانی ڕۆژهەڵات هەر كامەیان بە جۆرێك كراونەتە ئامانج. تا ئەو شوێنەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵە بێگومان كۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا گەلێكجار ویستوویەتی زەربە لە كەسایەتی و كادر و ئەندامانمان بدا كە بەخۆشحاڵیەوە توانراوە پێشی پێ بگیردرێ بەڵام بە داخەوە زۆر كادر و ئەندامان و تەنانەت سەركردەی كۆمەڵە لە باشووری كوردستان شەهید بوون و خەساری گەورەمان پێگەیشتووە. پێموایە هۆكارەكەشی ئەوەیە كە كۆمەڵە حیزبێكی ئەكتیڤ و خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتییە، مێژوویكی هەیە لە خەبات دژی كۆماری ئیسلامی و هەر ئێستاش دەوری چالاك و هەڵسوڕاور لە دژی حكوومەتی دیكتاتوریی كۆماری ئیسلامیدا هەیە و كۆماری ئیسلامیش كۆمەڵە بە دوژمنێكی سەرخەستی خۆی دەزانێت بۆیە هەوڵ دەدا لە ڕێگای كاری تێكدەرانە و تیرۆریستیەوە زەربە لە كەسایەتی و كادر و ئەندامان و پێشمەرگەكانی لە باشوور بدات .
ئا: لەم كاتەدا كە كۆمەڵانی بەرینی خەڵك لە دژی كۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیون بۆ لەم كاتەدا ئەم كردەوە تیرۆریستیانە دژی حیزبە ڕۆژهەڵاتیەكان و بە تایبەتی كۆمەڵە ئەنجام دەدات؟
وڵام: كوردستان پێشەنگی ئەو خەباتە جەماوەرییە بووە و دەشبێ لە دهاتوودا. هەر ئەمساڵ خەڵكی كوردستان چەندین جار خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی جەماوەریان ڕێكخست و پیشانیاندا كە چەندە توانایەكی گەورە لە كوردستاندا ئامادەیە. كۆمەڵەش لە مێژوو و لە ئێستاشدا پێشەنگی خەباتی جەماوەری بووە و دەستێكی باڵای لە ڕێخستن و پشتیوانیی ئەو خەباتە مەدەنی و جەماوەریانەی كوردستاندا هەیە؛ كۆماری ئیسلامی باش دەزانێت كە كوردستان و هێزە جەماوەرییەكەی تۆڕەیە و دەتوانێت كاریگەریی گەورەی هەبێ لە دژی و حیزبەكانی ڕۆژهەڵات و كۆمەڵە بە تایبەتی بە مەترسیكی گەوەرە بۆ سەر خۆی دەزانێ. كەواتە هەوڵ دەدا كە بە دانانی بۆمب و كاری تیرۆریستی پێش بە جموجۆڵ و چالاكیەكانمان لە كوردستاندا بگرێ و بەم شێوەیە هەنگاوەكانمان شل بكاتەوە. كۆماری ئیسلامی دەبێ باش بزانێ و تا ئێستاش بۆی دەركەوتووە كە هیچ پیلان و كردەوەیەكی تیرۆریستی ناتوانێ ئیرادەی كۆمەڵە و خەڵكی كوردستان بۆ گەیشتن بە سیستمێكی دێمۆكراتیك و ئازاد خاوبكاتەوە، بەڵكوو ئەم كردەوانە سەد قاڵ شێلگیرترمان دەكا و سوورترمان دەكا كە دژی ئەم دەوڵەتە تیرۆریست و تیرۆریست پەروەرە خەبات بكەین لەپێناو لەناوبردن و نەهێشتنیدا.


ئه‌م بابه‌ته 1189 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:46:07/01/2018