ڕێوڕەسمی ساڵی نوێی زایینی و پەیوەست بوونی پۆلێک لە کچان و کوڕانی کوردستان بە ڕێزەکانی کۆمەڵە لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە بەڕێوەچوو

ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە، ٩ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، سەرەڕای هەوڵێكی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامی بۆ تەقینەوەیەكی گەورە لە ناو كادر و ئەندامانی كۆمەڵە هاوكات لە گەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵی نوێی زایینی لە بارەگای ناوەندی كۆمەڵە كە خۆشبەختانە لە لایەن هاوڕێیانی كۆمەڵە و تیمەكانی پووچەڵكردنەوەی بۆمب لە هەرێمی كوردستان پووچەڵكرایەوە، ڕێوڕەسمێكی بەشكۆ بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵە لە بارەگای ناوەندی بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە سروودی بانگەواز سروودی ڕەسمی كۆمەڵە و پاشان چەند خولەك بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختكردووانی كۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان دەستی پێكرد.

دواتر هاوڕێ سمكۆ بەنەفشی پێشكەشكاری ڕێوڕەسمەكە بەخێرهاتنی میوانانی كرد و ڕیزی بەرنامەی ڕێوڕەسمەكەی خوێندەوە.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەكەدا پەیامی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتێری گشتیی كۆمەڵە بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینی و پەیوەست بوونی هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە بە ڕیزەكانی كۆمەڵەوە لە لایەن هاوڕێ كاكۆ عەلیار ئەندامی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێكیتری ڕێوڕەسمەكەدا پۆلێكیتر لە كچان و كوڕانی تێكۆشەر و خەباتكاری كوردستان پاش تێپەڕاندنی سەركەوتووانەی خولی سیاسی و نیزامی لە فێرگەی پێشمەرگایەتی كۆمەڵە لە ژێر ناوی پەلی هاوڕێی گیانبەختكردوو (موسا شێخولئیسلامی) چەكی پڕ لە شانازی كۆمەڵەیان كردە شان و پەیوەست بوون بە ڕێزەكانی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەوە.

لەم بەشەی ڕێوڕەسمەكەدا هاوڕێیانی تازە پەیوەست بوو چەك و كارتەكانیان لە دەستی هاوڕێ محەمەد محێدینی یەكێك لە بەرپرسانی فێرگەی پێشمەرگایەتی كۆمەڵە وەرگرت و پاشان هاوڕێیانی تازەی پەیوەست بوو بە ڕیزەكانی كۆمەڵەوە سروودێكی شۆڕشگێڕانەیان پێشكەش كرد.

دوای تەواوبوونی سروودەكە، هاوڕێ (ئەفشین دادوەند)، یەكێك لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە پەیامی پەلی شەهید موسا شێخولئیسلامی پێشكەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەكە كرد.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر كێبڕكێیەكی فوتباڵ و والیباڵ بۆ یادی گیانبەختكردووانی ٢ی پووشپەڕ لە ئۆردوگای ناوەندی كۆمەڵە و لە نێوان یانەی ئۆرگانە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵەدا بەڕێوەچوو، كە لە میانەی ڕێوڕەسمەكەدا هاوڕێ ئیسماعیل سوڵتانی پێشمەرگەی دێرینی كۆمەڵە و ڕێكخەری سەرەكی ئەم كێبڕكێیە خەڵاتی دوو یانەی براوەی كێبڕكێكەی پێشكەش بە سەرپەرەستی یانەكان كرد.

بەشی كۆتایی ڕێوڕەسمەكەش تەرخان كرا بۆ شادی و خۆشی ئامادەبووان و بەم شێوەیە ڕێوڕەسمەكە كۆتایی پێهات.

ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:12:31/12/2017