ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت  بە ١٦ی سەرماوز ڕۆژی خوێندکار لە ئێران

ڕاگەیاندنی كۆمەڵە سەبارەت بە ١٦ی سەرماوز ڕۆژی خوێندكار لە ئێران

خوێندكاران و چالاكانی خوێندكاری
ئەمڕۆ ١٦ی سەرماوز لە ئێران بە ڕۆژی خوێندكار ناودێر كراوە، ئەم ڕۆژە بە هەموو ئێوە خوێندكاران و چالاكانی خوێندكاری پیرۆزبایی دەڵێین و هیواخوازین ئەم ڕۆژە وەك سیمبولی خەبات بۆ دێمۆكراسی و ئازادی و بزووتنەوەی خوێندكاری لە ئێران هەر دەم لە جەرگەی خەبات و تێكۆشان دژی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی لە گەشە و درەوشاوانەوەدا بێت.
١٦ی سەرماوز لە ئێران سیمبولی خەبات دژی دەسەڵاتی تۆتالیتێر و "نا" وتنە بە دیكتاتۆرەكان.
ڕۆژی ١٦ی سەرماوز ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەكانی ڕژیمی پاشایەتی هێرشیان بردە سەر خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی زانستگەی تاران كە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە هاتنی نیكسۆن، جێگری ئەوكاتی سەرۆك كۆماری ئەمریكا بۆ ئێران ڕێكخرابوو. لەم هێرشە سەربازییە بۆ سەر خوێندكاران سێ خوێندكار بە ناوەكانی "مستەفا بوزورگنیا"، "ئەحمەد قەندچی" و "مێهدی شەریعەت ڕەزەوی" گیانیان لە دەست دا. لەو ڕۆژەوە ڕۆژی ١٦ی سەرماوز لە لایەن چالاكانی خوێندكاری و كۆمەڵایەتییەوە وەك ڕۆژی خوێندكار و بە نیشانەی سیمبولی خەباتی خوێندكاری لە ئێران دیاریكرا. ئەم ڕۆژە بۆنەیەكە بۆ ڕێز لێنان لە خەباتی خوێندكاری لە ئێران چ لە سەردەمی ڕژیمی پاشایەتی و چ سەردەمی دەسەڵاتداری ڕژیمی كۆماری ئیسلامی. ئەم ڕۆژە ڕۆژی ڕێز لێنان لەو خەباتكارانەیە كە ڕۆڵێكی گرنگیان لە ڕاپەڕین و بەرەنگاری بەرامبەر بە ڕژیمە دیكتاتۆر و ستەمكارەكان لە ئێراندا بووە.
خوێندكاران لە ڕیزی پێشەوەی خەبات دژی ڕژیمی پاشایەتی و سەرەوژێر كردنی ئەو ڕژیمە بوون، بەڵام هەوڵەكانیان بۆ دێمۆكراسی و ئازادی بە دوای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی لە ئێران سەرەڕای هەموو گیانبازییەكانیان لەبارچوو. داخستنی زانستگەكان و پرۆژەی شۆڕشی فەرهەنگی و دەركردنی مامۆستا و خوێندكارانی بیرجیاواز، سەركوت و داپڵۆسینی بزووتنەوەی خوێندكاری، پێشگرتن لە پێكهاتنی ڕێكخراوەی سەربەخۆی خوێندكاری و دروست كردنی ئەنجوومەنە ئیسلامییەكان، سەپاندنی بیروبۆچوون و ئیدئۆلۆژی تەسكی ئایینی و پۆششی زۆرە ملی، جیاكاری ڕەگەزی و بیروباوەڕی، بەكاڵایی كردنی خوێندن و پەروەردە و لە سەرەوە بوونی بڕی تێچووی خوێندن بۆ خوێندكاران و بنەماڵەكانیان لەم دۆخە نالەبارەی ئابووری ئێراندا كاریگەری گەورەی لە دابەزینی ئاستی زانست بووە و ... لە زومرە هەوڵە دوژمنكارانەكانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی دژی زانستگە وەك ناوەندێكی ڕۆشنبیری و پێشەنگی پێشكەوتووخوازی لە ئێراندا بووە.
ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هەموو كات هەر چەشنە چالاكییەكی خوێندكاری وەك مەترسییەكی گەورەی بۆ سەر كۆڵەكە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی خۆی لێكداوەتەوە و بە توندترین شێوە سەركوتی كردووە، سەركوتی خوێناوی كوی دانشگای لە ١٨ی پووشپەڕی ١٣٧٨ و دەستگیری و زیندانی كردنی سەدان چالاكی خوێندكاری سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
خوێندكارانی كوردیش وەك بەشێك لە بزووتنەوەی سیاسی كۆمەڵایەتی لە كوردستان سەرەڕای هەموو لەمپەر و گرفتە بەربڵاوەكانیان دژی سیستەمی دەسەڵاتی زاڵ بەردەوام چالاك بوون و هەن. بەشێكی بەرچاوی خەبات و سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی كوردستان لە ماوەی ٥ دەیەی ڕابردوو لە دڵی زانستگەكان هاتوونەتە ئاراوە و زانستگەكان سەرچاوەی گەشەی بیر و پەروەردەی نەوەی نوێی خەباتكاری پێشكەتنخواز بوون.
بزووتنەوەی خوێندكاری كوردستان وەك بەشێك لە بزووتنەوەی سەرتاسەری خوێندكاری ئێران بووە، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی و هەر ئەم تایبەتمەندییانەش كاریگەری گەورەیان لە سەر ناوەرۆكی توێژی خوێندكار و خواستە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی داناوە.
لە سەرووبەندی ڕۆژی خوێندكار و لە كاتێكدا كە ڕژیمی كۆماری ئیسلامی گیرۆدەی گەورەترین  قەیرانی نێونەتەوەیی و ناوچەیی بۆتەوە و تەنانەت پەلهاویشتن و ئاژاوەگێڕییەكانی لە ناوچەكە لە ڕاستیدا بۆ شاردنەوەی قەیرانی گەورەتری ڕەوایی و مەشرووعییەتی خۆیەتی لە ناوخۆدا. لە هەمانكاتشدا ئەو دەست تێوەردانانە لە ناوچەكەدا پەرەپێدانە بە شەری ئایینی و تائیفی و جێ پێ تەنگكردنە بە هەر چەشنە بزاوتێكی دێمۆكراسی و ئازادیخوانە. هەر بۆیەش بزووتنەوەی خوێندكاری چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی كوردستاندا دەبێ هەڵگری بەها و پڕەنسیپە بەرزەكانی دێمۆكراسی، ئازادی و پێشكەوتنخوازی بێت كە ئامانجی ڕێ خوشكردنە بۆ هاتنەدی كۆمەڵگایەكی دادپەروەر و شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە.
سكرتارییەتی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە وێڕای پێرۆزبایی دووبارەی ١٦ی سەرماوز ڕۆژی خوێندكار لە ئێران، ڕێز دەگرێت لە خەباتی بەردەوامی خوێندكاران و چالاكانی خوێندكاری و خوازیاری هەرچی زۆرتر ڕێكخراو بوونی ئەم توێژەیە لە ئێران و كوردستان و لەو بڕوایەدایە كە پێوەندییەكی كۆلێكتیڤ لە نێوان ڕێكخراو و چالاكانی خوێندكاری و باقی ڕێكخراو و چالاكانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و لەوانە مامۆستایان و ژنان و...  دەتوانێت لە دەستەبەری سەركەوتن بۆ دێمۆكراتیزە كردنی ئێران ڕۆڵی گەورە و كاریگەری هەبێت.

سكرتارییەتی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١٦ی سەرماوزی ١٣٩٦ی هەتاوی
٧ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی

ئه‌م بابه‌ته 287 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:44:07/12/2017