روونکردنەوەیەک لەسەر بەڵگەنامەکانی شۆرای دێمۆکراسیخوازانی ئێران

روونکردنەوەیەک لەسەر بەڵگەنامەکانی شۆرای دێمۆکراسیخوازانی ئێران

هەر وەک هەمووان ئاگادارن لە دوێنێوە شەپۆلێکی هێرش و بوختان بۆ سەر هێزە کوردییەکان و زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدێراڵ کە لە کۆنفرانسی شۆرای دێمۆکراسیخوازانی ئێران بەشدارییان کردبوو، بە شێوەیەکی دوژمنکارانە و بە بێ زانیاری ورد و ئاگاداری لە چۆنییەتی پرۆسەی پێکهاتنی ئەم کۆنفرانسە دەستی پێ کردووە. من وەک نوێنەری کۆمەڵە لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بە پێویستم زانی روونکردنەوەیەک لە مەڕ ئەم بابەتە بخەمە بەردەم خوێنەرانی بەڕێز.
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بە پێی نەریتی هەر ئیتحادێک بە درێژایی ١٢ ساڵی رابردوو هەوڵمان داوە کە بە شێوەیەکی سەردەمیانە و دیالۆگێکی ڕاشکاو و بێ گرێ و گۆڵ بکەوینە گفتگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە دێمۆکراسیخواز و ئازادیخوازە ئێرانییەکان و بۆ ئەم مەبەستە دەیان کۆبوونەوە و سەدان سەعاتمان وتووێژ لەگەڵ لایەنگەلی جۆراوجۆر کردووە. بەداخەوە هەتا پێش گیرانی ئەم کۆنفرانسە زۆر نەبوون ئەو لایەنانەی کە ددان بە سەر فێدێرالیسم و فرەنەتەوە بوونی ئێران دا بنێن و وەک هەمووان ئاگادارن لە هەموو ئەو ساڵانە دا کۆماری ئیسلامی کەڵکی لەم بارودۆخە وەرگرتووە.
٦ ساڵ لەمەوبەر و دوابەدوای پێشنیاری جەبهەی دێمۆکراتیکی ئێران و چەند لایەنی‌تر، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدێراڵ کەوتە دیالۆگ لەگەڵ ئەم لایەنانە و دەرئەنجامەکەی بوو بە کۆنفرانسێک لە ساڵی ٢٠١١ لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئاڵمان و لەسەر کۆمەڵێک خاڵی کە ئەمرۆ لەسەری بە تەوافۆق گەیشتووین، ئەوکات نەمانتوانی بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگەین و ئەم هەوڵانە شکستی خوارد و بۆ چەند ساڵ هەوڵەکان راوەستا. لە ٢ ساڵ لەمەبەرەوە دیسان هەوڵەکان لە نێوان چەند لایەنێکی کۆنگرەی نەتەوەکان و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و ٣ لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری دەستی پێ کردەوە و ئەم جارەیان زۆر بە باشی چوونە پێش و بە دەرئەنجامی زۆر باش گەیشتن. دوابەدوای ئامادە کردنی گەڵاڵەیەکی پێشنیاری ئەم چەند لایەنە و پێشکەشکردنییان بە ئێمە (کۆمەڵە) و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ئەم گەڵالەیە لە لایەن هەردووک رێبەری ئەم دوو جەریانەرا تاوتوێ کرا و ئێمە چەند خاڵ و حدکا ش چەند خاڵێکیان پێشنیار کرد و لێمان قەبووڵ کرا و هەردووک لامان لە سەر ناوەرۆکەکەی هیچ کێشەمان نەما. ئەو رێککەوتنەی کە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا بڵاو کراوەتەوە بریتی نییە لە قەتعنامەی کۆتایی کۆنفرانسی ١٨/١١/٢٠١٧ کە بە ئەنقەست و بێ پرنسیپانە دەست بردراوەتە ناو ناوەرۆکەکەی و هەندێک وشەی مەبەست داری بۆ هەڵخڕاندن و هەڵخەڵەتاندنی جەماوەر لێ زیاد و کەم کراوە. بۆنموونە لە هیچ بەندێکی ئەم رێککەوتنە نە پێشتر و نە ئێستاش نەنووسراوە کە ئێعتقادمان بە یەکریزی خاکی ئێران هەیە، بەڵکوو نووسراوە یەکریزی خاکی ئێران پەیوەندی بە رەعایەتی مافی نەتەوەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتەوەیە. بۆ ئاگاداریتان ئەم خاڵە کاتێک زیاد کرا کە باسی رێفراندۆمی کۆردستانی باشوورهاتبووە بەر باس و ئیمە مۆراجێعەمان بە قانوونی عێراقی کرد، کە دەڵێ لە کاتێک دا خاکی عێراق دەپارێزرێ کە مافی کەمایەتییەکانی تێدا رەچاو بکرێت. لە خوارەوە دەقی ئەو رێککەتنەتان پێشکەش دەکەم. سەنەدی ژمارە ١
یەکەمیان باسی یەکپارچەی خاکی ئێرانە. سیاسەتی رەسمی ئێمە و زۆربەی هەرە زۆری هێزە کوردستانییەکان بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیشەوە، ئێرانێکی فێدراڵی دێمۆکراتی سێکولارە کە ئەمەش بە ڕاشکاوی لە هەر دووک بەڵگەنامەکانی کە پێشکەشتان کراوە دا هاتووە. لە روانگەی کۆمەڵەوە تەنیا رێگەی بەدەست هێنانی مافەکانمان یەکدەنگی و یەکدەستی و هاوهەڵوێستی نێو ماڵی کورد و ئیرادەی خەباتکارانەیەتی و ساڵەهاشە هەوڵی بۆ دەدەین.
دووهەم باسی زمانی فارسی. ئەم دەقە باس لە رەسمیەتی زمانی فارسی ناکات و دەڵێت کە زمانی فارسی زمانی پەیوەندی نێوان دانیشتوانی ئێرانە. یانی وەک کەرسەیەک بۆ پەیوەندی کردنی دانیشتوانی جۆغرافییای ئێران کەڵکی لێ وەردەگیرێت و هیچ ئیمتیازێکی زیادی لە زمانەکانی تری پێ نەدراوە و هەموو زمانەکانی تری نەتەوەکانی ئێرانیش وەک یەک بە رەسمی دەناسرێت. لە دەقە ساختەکەی کە بڵاو کراوەتە بە ئەنقەست هەوڵ دراوە کە بە هێنانی دەستەواژەی زمانی فارسی زمانی رەسمی ئێرانە ئەسلی دەقەکە تەحریف بکرێت.
سێهەم. لە دەقە ساختەکەدا بەندی دووی رێککەوتنەکە دیسان چەواشە کراوە و بە ئەنقەست ئەو بەشەی کە باس لە بە رەسمی ناسینی حەقی دێفاعی مەشروع بۆ نەتەوەکان دەکات حەزف کراوە.
هەموو ئەوانە دەکرێ زۆر زیاتریان لەسەر بدوێین بەڵام هەر تەنیا ئەوەندە بە کافی دەزانم بۆ ئەو ئاستە لە رەخنە.
بێمەوە سەر مێژووی ئەو کۆنفرانسە
بەداخەوە دوای بەینێک هاورێیانی حدکا کە قەرار بوو نوێنەر بنێرن بۆ ئەوێ، بە هۆکارگەلێکی کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ناوەرۆکی بڕیارنامەکە و خاڵەکانی نوبوو، لە ئاخر ساتەکاندا لە بەشداری پاشگەز بوونەوە. هۆکاری ئەم پاشگەزبوونەوەیە دەگەرێتەوە بۆ گرفتی هاوکاری نێوان حیزبە کوردیەکان.
ئەوەی کە ئێستاش لەبەر دەستمان دایە کۆنفرانسێکی سەرکەوتووە کە لەوێ دا هەم باسی چاک و پڕناوەرۆک و لە قازانجی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران دا ورووژاوە و هەم قتعنامەیەکی باش و جێگەی مۆراجێعە پێکردن لە داهاتووی ئێرانێکی ئازاد دا نووسراوە و هەر بەو هۆیەشەوەیە کە بەشی هەرە زۆری حیزبە نەتەوەییەکان دەقەکەیان پەسەند کردووە. ئەم دەقە ئەو جۆرەی کە هەیە لە خوارەوە پێشکەشتان دەکرێت.

بەختیار عەلیار
نوێنەری کۆمەڵە لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدێراڵ

ئه‌م بابه‌ته 582 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:52:20/11/2017