هەیئەتی سەرکردایەتی کۆمەڵە و دێموکرات کۆبوونەوە

سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی، هەیئەتێکی سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرەپەرشتی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتی و پێکهاتوو لە بەڕێزان (محەمەد نەزیف قادری و ڕۆستەم جهانگیری ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کاوە بەهرامی و تاهیر مەحموودی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی) سەردانی بارەگای ناوەندی کۆمەڵەیان کرد و لە لایەن هەئیەتێکی سەرکردایەتی کۆمەڵە بە سەرەپەرشتی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە و پێکهاتوو لە هاوڕێیان (فاروق بابامیری و ساڵح شەریفی ئەندامانی دەفتەری سیاسی و ئیدریس کڵاودوزی، موختار ئەحمەدی، رەفیق حسێن‌پەناهی و بەختیار عەلیار ئەندامانی کومیتەی ناوەندی) پێشوازییان لێکرا.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەری گرینگی تایبەت بە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ناوچەکە بە گشتی هاتە بەر باس و پاش قسە و باسێکی زۆر و بیروڕاگۆڕینەوە هەردوکلا کۆک بوون لە سەر هاوکاری زیاتر و پێویستی پەرەپێدانی کاری هاوبەش لە داهاتوودا.

تاووتوێ کردنی باروودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی وەک داڵدەدەری تیرۆریزم لە ناوچەکە و بشێوی نانەوە لە وڵاتانی دەورووبەر تەوەرێکی دیکەی ئەم دانیشتنە بوو.

پاش قسە و باسێکی زۆر کۆبوونەوەکە کۆتایی پێهات و هەیئەتی میوان لە لایەن هاوڕێیانی کۆمەڵەوە بە گەرمی بەڕێکران.


ئه‌م بابه‌ته 110 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:44:14/11/2017