پۆلێكی دیکە لە کچان و کوڕانی خەباتکاری کوردستان پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، پۆلێكی دیكە لە كچان و كوڕانی تێكۆشەر و خەباتكاری كوردستان پاش تێپەڕاندنی سەركەوتووانەی خولی سیاسی و نیزامی لە فێرگەی پێشمەرگایەتی كۆمەڵە، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەت بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵە، لە ژێر ناوی (پەلی گیانبەختكردووانی ٢ی پووشپەڕ) چەكی پڕ لە شانازی كۆمەڵەیان كردە شان و پەیوەست بوون بە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەوە.

سەرەتای رێوڕەسمەكە بە سروودی بانگەواز، سروودی ڕەسمی كۆمەڵە دەستی پێكرد و پاشان بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختكردووانی ٢ی پووشپەڕ و سەرجەم گیانبەختكردووانی كۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كورد چەند ساتێك بێ دەنگی ڕاگیرا.

دواتر هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار (بەرپرسی كۆمیسیۆنی نیزامی كۆمەڵە) لە سەر پەیوەست بوونی ئەم هاوڕێیانە بە ڕیزەكانی كۆمەڵەوە وتارێكی پێشكەش كرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەكەدا هاوڕێ مەعسوومە حەشایەب سروودێكی پێشكەش بە بەشداربووان كرد.

لە بەشێكیتری ڕێوڕەسمەكەدا هاوڕێیانی تازە پەیوەست بوو بە ڕیزەكانی كۆمەڵە چەك و كارتەكانیان لە دەستی هاوڕێ عەلی بەهمەنی (ئەندامی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە) وەرگرت.

پاشان هاوڕێیانی تازە پەیوەست بوو سروودێكی شۆڕشگێڕانەیان پێشكەش كرد.

لە کۆتاییش دا یەکێک لە هاوڕێیانی تازە پەیوەست بوو بە ڕیزەكانی كۆمەڵە بە ناوی "شەرمین بەهمەنی" پەیامی پەلی گیانبەختكردووانی ٢ی پووشپەڕی پێشكەش كرد و بەم شێوەیە ڕێوڕەسمەكە كۆتایی پێهات.

ئه‌م بابه‌ته 425 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:20:12/10/2017