بەشداری کۆمەڵە لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی "مام جەلال" لە ڕۆژئاوای کانەدا

ڤانكۆڤێر

دوێنێ دووشەممە ڕێكەوتی ۹/۱۰/۲۰۱۷ لە شاری ڤانكۆڤەری وڵاتی كانەدا بە بۆنەی ماڵئاوایی دوایی "مام جەلال" تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی، ڕێوڕەسمێكی هاوخەمی و ڕێزلێنان لە لایەن ماڵی كورد و كەرتی یەكێتی نیشتمانی لە شاری ڤانكۆڤێر، بەڕێوە چوو.
لەو هاوخەمی و ڕێزلێنانەدا،  كە حیزب و لایەنەكان و خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستان ئامادەی بوون هەیئەتێكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كە پێكهاتبوون لە هاوڕێیان حەمید بەهرامی و سۆران پاڵانی، بە دانانی چەپكە گوڵی رێزلێنان بەشدارییان كرد.

هەر لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمەكەدا، هاوڕێ سۆران پاڵانی بەنوێنەرایەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، وتارێكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.

ناوبراو لە وتارەكەیدا وێرای پێناسە كردنی مام جەلال، وەكو سەركردەیەكی مەزن و دیار، لە گۆرەپانی خەبات و بڕیاری سیاسیدا، باسی لە پێیوەندی و هاوكاری و هەوڵ و پاڵپشتیەكانی مام جەلالی لە شۆرشی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات كرد.

هەر لەدرێژەی وتارەكەیدا، هیوای خواست كە ماڵئاوایی تاڵەبانی كە وەكو دەرفەتێك هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەكانی لە دەوری خۆی كۆكردەوە، ببێتە هەوێنی یەكڕیزی و تەبایی بۆ تێپەڕاندنی دەرفەتەكان.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، چەندین و شیعرو لاواندنەوەو پارچە موزیك و دیكۆمێنتارییەك لە سەر ژیانی مام جەلال پێشكەش كرا.



ئه‌م بابه‌ته 95 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:30:10/10/2017