هەیئەتێكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ سەردانی نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی كرد

دوانیوەڕۆی شەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٦هەتاوی، هەیئەتێكی ڕێبەریی كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی هاوڕێ "ئەبووبەكر مودەڕسی" جێگری سكرتێری گشتیی كۆمەلە، سەردانی نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد لە شاری سلێمانی و لە لایەن هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران  بە سەرپەرەستی  بەڕێز "محمد نەزیف قادری" ئەندامی دەفتەری سیاسی ئەو حیزبەوە پێشوازییان لێكرا.
لەو دیدارەدا هەردوو لا ڕوانگە و بۆچوونەكانی خۆیانیان لەسەر پرسە سیاسییەكانی ڕۆژ باسكرد و بە تایبەت هەستیاری و حەساسییەتی كۆماری ئیسلامییان بەرامبەر بە شادی و خۆشی دەربڕینی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەلاتیان بۆ پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی خەڵكی كوردستانی باشووریان تاو توێ كرد و لە سەر كۆدەنگی و یەك  گوتاری كورد لەو قۆناغەدا پێداگرییان كردەوە و كاریگەرییەكانی ئەم كۆدەنگی و یەكگوتارییەیان لە سەربەرەو پێشچوونی دۆزی كورد هێنایە بەر باس و لە سەر كۆدەنگی زیاتری هێزە ڕۆژهەڵاتییەكان جەختكرایەوە بۆ ئەوەی وەك ڕابردوو تەبایی و كۆدەنگی ئەم پارچەیە كاریگەرییە ئەرێنییەكانی خۆی لە دۆزی كورد سەر باقی پارچەكانی دیكە و بە تایبەتی دۆزی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات دابنێ.
لەو دانیشتنەدا هەر دوو حیزب بەر ڕاشكاوانە باس لە هەرچی باشتر بوونی پێوەندی نێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران كرد و نەهێشتنی كەم و كوڕییەكان و هاوكاری زیاتری نێوان ئەم هێزانەیان بە پێویستییەكی جیددی هەنووكەی بزووتنەوەی كورد لە ڕۆژهەڵات وەسف كرد.
ئەم كۆبوونەوەیە كە لە شاری سلێمانی و بە میوانداری نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان بەڕێوە چوو، پاش نزیك بە كاتژمێر كۆتایی پێهات.


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:16:08/10/2017