"ڕۆژهەڵات تەوەری" لە كوێی ئاسایشی نەتەوەیی كورد دا دەوەستێتەوە؟

ئەردەڵان فەرەجی

خۆپیشاندان و بزووتنەوە جەماوەرییە بەرفراوانەكانی شارەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە توێی نافەرمانییەكی مەدەنیی هەزاران هەزار كەسی گەورەدا، سەرەڕای گوشار و تووندترین هەڕەشەكان لە لایەن كاربەدەستانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامییەوە بۆ پشتگیری و پشتیوانی لە ویست و ئیرادەی خەڵكی كوردستان چوار پەیامی گەورەی سەرەكی تێدا بوو: یەكەم، هاوخەباتی و هاوپشتی كوردی ڕۆژهەڵات لە خەبات و دەسكەوتەكانی كوردستانی باشوور و باقی پارچەكانی دیكەی كوردستان. دووهەم، وەستانەوە بەرامبەر بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە كورد بە گشتی و ڕۆژهەڵات بە تایبەتی. سێهەم، بەكردەوە دەرهێنانی ئاستی توانا و هێزی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات و لەوانە بەشێوەیەكی بەرچاو كۆمەڵە و هێزی ڕێكخستنەكانی ئەو حیزبە لە ناوخۆی وڵات. چوارەم، "ڕۆژهەڵات تەوەری" باشترین و گونجاوترین سیاسەتە بۆ ئەم قۆناغە لە خەبات و تێكۆشانی ‌هێزە ڕۆژهەڵاتییەكان و هاوكاتیش پاراستنی دەسكەوتەكانی باقیی پارچەكانی دیكەی كوردستان.
١_ هاوخەباتی و هاوپشتیی كوردی ڕۆژهەڵات بۆ خەبات و دەسكەوتەكانی كوردستانی باشوور و باقی پارچەكانی دیكەی كوردستان.
پێوەندی قووڵ و تووندوتۆڵی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی باشوور و ڕۆژهەڵات و پارچەكانی دیكەی كوردستان مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، زۆر كۆن لە یەكەم جوڵانەوە نەتەوەییەكان و لە خەباتی شێخ عوبەیدوڵڵای شەمزینانەوە (١٨٨٠) كە زۆرترین پێكدادان و شەڕەكانی لە بەری ڕۆژهەڵات بووە بگرە تا پێوەندیی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژ.ك) لەگەڵ حیزبی هیواوە، تا بەشداریی بارزانی و ئەفسەرانی كوردستانی باشوور لە كۆماری كوردستان، تا بەشداریی و پشتیوانیی كوردی ڕۆژهەڵات لە شۆڕشی ئەیلوول و یارمەتیی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ لە باشوور بە پاڵپشتی ڕۆژهەڵات و هێزی پشتیوانی باشوور بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ساڵەكانی دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و هاوكات بوونی ڕۆژهەڵات وەك پشتی جبهەیەك بۆ خەباتی كوردستانی باشوور، تا پشتیوانیی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە بزووتنەوەی "ئاڵای ڕزگاری" لە باكوور و دواترەكانیش یارمەتی دانی "پ.ك.ك"، تا ئەوەی كە هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە دوو جار بە دەستی ڕژیمی بەعس ئەنفال و كیمیاباران كرا و خوێنیان تێكەڵ بە خوێنی باشوور بوو، لەوەی كە یەكەم شەهیدی كۆمەڵە لە خاكی هەرێمی كوردستاندا شەهید بووە، تا باوەش كردنەوەی كوردەكانی ڕۆژهەڵات بۆ كۆڕەوەكەی ٩١ی باشوور و پشتیوانی كردنی حیزبەكان و خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ٢٦ ساڵی ڕابردووی حوكمڕانیی كورد لە باشوور سەرەڕای هەر ڕەخنە و تێبینییەك لە كەم و كورتییەكانی، پێشوازی و پشتیوانی لە چەسپانی فیدڕاڵیزم لە یاسای بنەڕەتیی عێراقی دوای سەدام حسێن و بوون بە سەرۆك كۆماری بەڕێز مام جەلال (٢٠٠٥)، تا ئامادەیی و بەشداریی هێزی پێشمەرگەی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات دژی داعش بۆ پارێزگاری كردن لە كوردستانی باشوور، تا كۆكردنەوەی یارمەتی و هاوپشتیی كوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ كۆبانی و خۆڕاگرییەكەی لە ڕۆژاوا و شەنگال لە باشوور و ... تا ئەم جارەش خەڵكی كوردی ڕۆژهەڵات وەك تاكی نەتەوەیەكی وشیار و بەرپرس، گشتپرسی و ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووریان وەك دەستكەوتێك بۆ ئەم قۆناغە لە خەباتی كوردستانی باشوور لێكدایەوە و هاوپشتی و هاوخەباتی و هاوچارەنووسی خۆیان بۆ ئەو ڕووداوە مێژووییە دووپات كردەوە و دابەشكاریی كوردستانیان تەنیا بە دابەشكردنی خاكی كوردستان زانی، سەلمێنەری هاوپشتی و هاوخەباتی و هاوچارەنووسیی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات بوو لەگەڵ باقیی پارچەكانی دیكەی كوردستان و باشوور بە تایبەتی.
٢_ وەستانەوە بەرامبەر بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە كورد بە گشتی و ڕۆژهەڵات بە تایبەتی.
سیاسەتە دوژمنكارانە و سەركوتگەرانەی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ هیچ كوردێكی وشیار شاراوە نییە و ڕژیمێك كە لە ناو خاكی دەسەڵاتەكەی خۆیدا لە ماوەی نزیك بە چل ساڵ دەستی بە خوێنی هەزاران ڕۆلەی كورد سوورە هەرگیز دۆستی كورد نەبووە و ناشبێ. مێژووی دژایەتیی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە كورد و ماف و داوا ڕەواكانی چ لە ناوخۆی خاكی ئێران و چ لە دەرەوەی وڵاتەكەی لە ڕۆژی هاتنە سەركارییەوە دەست پێ دەكات و تا هەنووكەش بەردەوامە. لە ماوەی دەسەڵاتداری كۆماری ئیسلامی لە ئێران، كوردستان بەهێزترین سەنگەری وەستانەوە و گەلی كورد ڕوو سوورترین گەل بووە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی سیاسەتە نامرۆڤانە و كردارە دوژمنكارانەكەی بووە. لە سەروو بەندی بەڕێوە چوونی ڕێفراندۆمیش لە كاتێكدا بەرپرسە ورد و درشتەكانی كۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوو زبرترین و هەڕەشە ئامێزترین وتەكانیان بەرامبەر بە پرسی گشتپرسی خەڵكی كوردستانی باشوور دەوتەوە، خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات بە پانتایی هەموو شارەكانی ڕۆژهەڵات بە هاتنە مەیدان و دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەباتییان بەرامبەر بە خوشك و براكانیان لە باشوور بەرامبەر بە سیاسەتە دوژمنكارانەكانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بە نافەرمانییەكی مەدەنی گەورە و خۆپیشاندانی جەماوەری لە سەرتاسەری كوردستانی ڕۆژهەڵات وەستانەوە.
٣_ بەكردەوە دەرهێنانی ئاستی توانا و هێزی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات و لەوانە بەشێوەیەكی بەرچاو كۆمەڵە و هێزی ڕێكخستنەكانی ئەو حیزبە لە ناوخۆی وڵات.
گومان لەوەدا نییە كە بیانووی هاتنە سەر شەقامی هەزاران هەزار كەسی لە شارەكانی كوردستان پرسی گشتپرسی و ڕێفراندۆمی كوردستانی باشوور بوو، بەڵام لە كاتێكدا هەر لە ڕۆژانی سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە دۆخی شارەكانی ڕۆژهەڵات میلتاریزە دەكران و لێدوانە یەك لەدوای یەكەكانی بەرپرسانی ڕژیمی تاران بۆنی هەڕەشە و سەركوتی لێدەهات، توانایی و هێزی ڕێكخستنەكانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەكان و بە ڕێژەیەكی بەرچاو كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بوو كە توانی ئەو جەماوەرە بەرینە بۆ سەر شەقامەكان ڕاكێشێت و بە ڕیكخستن و ئاراستەكردنی خۆپیشاندانەكان دەرفەتێك بۆ بەكردنەوە دەرهێنانی توانا و هێزی خۆی لە ناوخۆ بە ڕژیمی كۆماری ئیسلامی نیشان بدات و هەموو جیهانیش لەوبارەیەوە بە شایەت بگرێت.  
تۆڕی بەرینی ڕێكخستنە نهێنییەكانی ناوخۆی كۆمەڵە (زاگرۆس) دەوری باڵای لە خولقاندنی دیمەنی ئامادە بوونی هەزاران هەزاری خەڵكی خۆپیشاندەر لە سەر شەقامی شارەكانی ڕۆژهەڵات بوو. ئەم خۆپیشاندانانە لە ڕاستیدا دەرفەتێك بوو بۆ خۆنواندن و هەڵسەنگاندنی هێزی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەكان تا نیشانی بدەن كە لە چ ئاستێك لە توانایی ڕێكخستن و ڕێبەری و ئاراستەكردنی جەماوەردان، تا نیشانی بدەن كە خاوەنی چ پێگەیەكی بە‌هێزی جەماوەرین لە ناوخۆی وڵات سەرەڕای هەموو كۆسپ و تەرەگەرەكانی بەردەم پێوەندیی ڕاستەوخۆ و ئامادە بوونییان لە ناوخۆی وڵات، و بەش بە حاڵی خۆمان كارنامەیەكی هیوابەخش و ڕوو سوورانە بوو، بۆ كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ.  
٤_ "ڕۆژهەڵات تەوەری" باشترین و گونجاوترین سیاسەتە بۆ ئەم قۆناغە لە خەبات و تێكۆشانی ‌هێزە ڕۆژهەڵاتییەكان و هاوكاتیش پاراستنی دەسكەوتەكانی باقی پارچەكانی دیكەی كوردستان.
ئەگەرچی هێشتا دیاریكردنی چارەنووسی گشتپرسییەكەی باشوور زووە، بەڵام ئاشكرایە لە ترۆپكی خۆی دا "بە دەوڵەت بوون" ئاسۆكەی دەبێت و سەرەكی ترین ئەركی هەر دەوڵەت و وڵاتێكیش دیاریكردنی بەرژەوەندیی ستراتیژی ئەو وڵات و دەوڵەتەیە و گرنگترین و گەورەترین كارت بۆ دەوڵەتی داهاتووی كوردستان لە باشوور، بەستنەوەی بەرژەوەندیی دەوڵەتی كوردستان بە  بەرژەوەندیی ستراتێژی سێ پارچەكەی دیكەی كوردستانەوەیە، بە ڕێز گرتن لە ئەجێندای هەر كام لە بزووتنەوەی پارچەكانی دیكە كە دەتوانێت لە بەرامبەر دەسەڵات و هێز و هێژێمۆنی نەیاران و ڕكابەرە ناوچەییەكاندا بەكاریان بێنێت.
 بزووتنەوە جەماوەرییەكانی شارە جیاجیاكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات، دەرفەت و مەیدانێك بوو بۆ وتنەوەی ویست و ئیرادە و داخوازییە ڕەواكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات و بە واتایەكی تر "ڕۆژهەڵات تەوەری"ی ڕۆژهەڵاتییەكان بوو. ئامادەیی هەزاران هەزار كەس لە شەقامی شارەكانی كوردستان ئەهرۆمی فشارێك بوو كە سەرەڕای هەموو هەڕەشە و گوڕەشەكانی سەرانی كۆماری ئیسلامی و باس كردن لە سزای قورس بۆ سەر خەڵكی كوردستانی باشوور، بەڵام ئەو ڕژیمەی ناچار كرد ڕیاكارانە لە زاری زەریف، وەزیری دەورەوەكەیەوە بڵێت كە "ئێمە دۆستی هەمیشەیی كورد دەمێنینەوە!" و ئەمەش پاشەكشەیەكی ئاشكرای كۆماری ئیسلامی ئێرانە بەرامبەر بە ئیرادەی خەڵكی كوردستانی باشوور و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی باشووریش دەبێت ئەم پشتیوانییە بەهێزەی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە ویست و ئیرادەی باشوور ببینن و بەهەندی وەربگرن.
"ڕۆژهەڵات تەوەری" بە مانای بە ڕەسمی ناسینی مافی دیاری كردنی چارەی خۆنووسینە بۆ سەرجەم نەتەوەی كورد و هاوكاتیش شۆڕكردنەوەی ئەم مافەشە بۆ هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان. ڕۆژهەڵات تەوەری بە مانای ڕێز گرتن لە ئیرادەی ئازادانەی خەڵكی هەر پارچەیەكە كە چۆنی دیاری دەكات كە چۆن بژیت، وەك چۆن خەڵكی كوردستانی باشوور بە بەشداریی بەرچاو و دەنگی "بەڵێ"ی جێی سرنج ئیرادەی خۆیان بۆ چۆنییەتیی دیاری كردنی چارەنووسیان دەست نیشان كرد. هەرواش كە هەر كام لە پارچەكانی كوردستان خاوەن مێژوو، كولتوور، بزووتنەوە و حیزبی سیاسی جیاواز و جۆراوجۆرن و هەر بەو پێیەش خاوەن ستراتێژی و بەرژەوەندیی جیاوازن و هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستانیش دەبێت ڕێز لەم بەرژەوەندی و ستراتێژییانە بگرن و پارێزگاری لێ بكەن. خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی ٢٥ی سێپتامبری شارەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات ڕێز گرتن بوو لە ویست و ئیرادەی خەڵكی كوردستانی باشوور و هاوكاتیش پاریزگاریكردن بوو لە ویست و ئیرادەی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات.
هاوپەیمانییەتیی بە‌هێزتری هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات لە توێ و لە ژێر چەتری هەر ناوێكدا بە ئەجێندای "ڕۆژهەڵات تەوەری" كە عەینییەتێكی زۆرتر بە هێز و دەسەڵاتی ئەو هێزانە لە ناوخۆی وڵات چەند بەرابەر بداتەوە ئاسایشی نەتەوەیی كورد لە باشوور لە لایەن ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گەرەنتی دەكات كە ئەم ئەركە بە پلەی یەكەم دەخاتە ئەستۆی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات و بە پلەی دووەمیش سەركردایەتیی سیاسی و جەماوەریی كوردستانی باشووریشە بۆ ناسینی ئەم پتانسییەلە گەورەیەی هێز لە ڕۆژهەڵات.


ئه‌م بابه‌ته 219 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:16:05/10/2017