یادی مام جەلال بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە

پێشمەرگە و خەباتکاری شاخ، نووسەر و رۆشنبیر، شۆرشگێری داهێنەر، دیپلۆمات و سەفیری کورد لە جیهان، ئەو کەسەی لە چەمی رەزان و قەندیلی سەربەرزەوە هەتا حۆکمی بەغدا چوو، دۆستی دێرینی کوردستانی رۆژهەڵات، سەرکردەیەکی مەزنی گەلی کورد کە سنوورەکانی تێپەڕاند و بوو بە سیاسەتمەدارێکی جیهانی، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردی عێراق و یەکەم مرۆڤێک کە لە تالاری کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زمانی کوردی دوا، سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی، ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.
مام جەلال بۆ ماوەی پتر لە ٦٠ ساڵ بێ وچان و ماندوویی نەناسانە بۆ رزگاری نەتەوەی کورد و ئازادی سیاسی و مافەکانی خەڵک تێکۆشا. تەنگ و چەڵەمەی زۆری هاتە ڕێ، بەڵام هەرگیز ورەی نزم نەبوو و بزە لە لێوی نەکەوت. شکانی بە سەر دادەهات، بەڵام سەرلە نوێ تێهەڵده‌چووەوه‌. لە سەختترین رۆژەکانیش دا هیوا بڕاو نەدەبوو، بە پێچەوانە ئۆمێدی بە هەمووان دەبەخشی. کەسایەتییەکی کاریزمایی گەورە بوو، بەڵام هەمیشە خاکی و خۆماڵی مایەوە، دۆستی رۆشنبیران و داکۆکیکاری مافی ژنان بوو.
مام جەلال کوردستانییەکی راستەقینە و خەمخۆری هەموو پارچەکانی کوردستان و لەوانە بە تایبەتی دۆست و پشتیوانی کوردی رۆژهەڵات بوو. هێزی پشتیوانی بۆ یارمەتی ئێمە و دێمۆکرات رەوانەی ناوخۆی ئێران کرد. پەیوەندی و دۆستایەتییەکی دوور و درێژی لەگەڵ کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دامەزراند و بە وریاییەوە پاراستی. حەقی بەسەر هەموو کوردی ئێرانەوە هەیە و بە تایبەتی چاکەی زۆری بۆ ئێمەی کۆمەڵە بووە کە هەرگیز لە بیری ناکەین. من بە شەخسی خۆم شانازی ئەوەم هەبووە کە بۆ نزیک ٤٠ ساڵ مام جەلالم لە نزیکەوە ناسیوە و لەگەڵی دواوم و لە راوێژ و تەگبیر و ئەزموونی سوودم وەرگرتووە. بەراستی مام جەلال دۆستێکی بە وەفا و پشتیوانێکی قایم بوو.
به‌ مەرگی مام جەلال کۆستێکی گەورەی هەموو کوردان کەوت. پڕ بە دڵ سەرەخۆشی خۆم پێشکەش بە بەرێز هێرۆ خان و کاک باڤل و کاک قوباد و هەموو بنەماڵە و دۆستان و یارانی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.
عەبدوڵڵا مۆهتەدی
٣ی ئۆکتۆبری

ئه‌م بابه‌ته 215 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:23:04/10/2017