كۆمەڵە و پارتی ئازادی كوردستان_ باكوور كۆبوونەوە

رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 28ی مانگی سێپتامبری 2017ی زاینیی هەیئەتێكی پارتی ئازادی كوردستان _ باكوور سەردانی بارەگای سەركردایەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیان كرد.
هەیئەتی پارتی ئازادی كوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز موستەفا ئۆزجلیك سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستانی باكوور و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو پارتە سەردانی كۆمەڵەیان كرد و لە لایەن وەفدی كۆمەڵە بەسەرپەرەستی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتێری گشتی، فاروق بابامیری ئەندامی دەفتەری سیاسی، ئەبووبەكر مودەڕسی ئەندامی دەفتەری سیاسی، ساڵح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسی، ئیبراهیم محەممەدی ئەندامی كومیتەی ناوەندی، ئیدریس كولاهدوزی ئەندامی كومیتەی ناوەندی و سامان ریشەساحێب جێگری كومیتەی ناوەندی پێشوازییان لێكرا.
پاش بەخێرهاتنی وەفدی میوان چەند تەوەری گرینگ كەوتنە بەر باس و ئاڵوگۆڕی بیرو را، دواتر بەڕێز موستەفا ئۆزجلیك لە سەر بارودۆخی كورد و لایەنە سیاسیە كوردییەكانی كوردستانی باكوور چەند قسەو باسێكی پێشكەش كرد. دواتر هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی بە ئاماژە دان بە خۆپیشاندانەكانی ئەم دوایانەی شارەكانی بانە و مەریوان لە هەمبەر كوشتنی كۆڵبەرانی سەر سنوور بارودۆخی كوردی رۆژهەڵاتی بۆ وەفدی میوان خستە بەر باس.
تەوەرێكی گرینگی دیكەی ئەم دیدارە بە ئەنجام گەیشتنی سەركەوتوانەی پرۆسەی ریفراندۆم بوو لە كوردستانی باشوور كە هەر دو لا لە سەری ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد و پیرۆزبایی خۆیانیان دووپات كردەوە. هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی بە ئاماژە بەوەیكە ئەم ریفراندۆمە " ئەفسانەی بێدەنگی كوردی" ئێرانی شكاند وتی ئەمە پێشكەوتنێكی گەورە بوو بۆ كورد و لە دوارۆژدا دەرەنجامی پۆزەتیفی خۆی دەبێت.
دواتر هەر دو لا لە سەر پێكهێنانی بەرەیەكی یەكگرتووی كورد لە هەر كام لە پارچەكانی كوردستان پێداگریان كرد و ئاواتیان خواست كە لە داهاتوویەكی نزیكدا سەرجەم لایەنە سیاسیەكان لە سەر ئەم هەنگاوە گرینگە پێك بێن.
لە كۆتاییدا  وەفدی كۆمەڵە و  پارتی ئازادی كوردستان_ باكوور لە سەر بەردەوام بوونی پەیوەندی خۆیان لە داهاتوودا جەختیان كردەوە.

ئه‌م بابه‌ته 275 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:05:29/09/2017