هەیئەتێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە کۆنگرەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی دانمارک بەشداری کرد

رۆژانی ١٦ و ١٧ی سێپتامبر کۆنگرەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی دانمارک بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبەکەیان و هەروەها باڵوێز و نوێنەری حیزب و رێکخراوە جیهانییەکان بەڕێوەچوو کە تێیدا هەیئەتێكی دەفتەری نێودەوڵەتی کۆمەڵەش پێکهاتوو لە هاوڕێیان "ئاوات قوڕەیشی و ماریكە باكرەوە" بەشداری ئەم کۆنگرەیە بوون.

لە میانەی کۆنگرەکەدا و لە بەشی میوانانی نێودەوڵەتی هاوڕێیانی کۆمەڵە پرسەكانی تایبەت بە رۆڵی نێگاتیڤی ئێران و هەڵسووكەوتی نەشیاوی ئەو رژیمە دەرحەق بە مافەكانی خەڵكی كوردستان، دێموكراسی و مافی مرۆڤ و هەروەها پەرەدان بە رادیكاڵیسمی مەزهەبییان هێنایە بەرباس و قسەیان لە سەر کرد.

لە پەراوێزی كۆنگرەدا هاوڕێیانی كۆمەڵە چەندین دیدار و گفتوگۆیان لە گەڵ میوانانی نێونەتەویی و بەرپرسانی باڵای حزبی ئەنجام دا.

پارتی سۆسیال دێموكراتی دانمارک خاوەنی مێژوویەكی پتر لە سەد ساڵە و بە گەورەترین پارتی سیاسی وڵاتی دانمارك ئەژمار دەكرێت.

دەفتەری نێودەوڵەتی كۆمەڵە
١٦ و ١٧ی سێپتامبری ٢٠١٧

ئه‌م بابه‌ته 154 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:50:22/09/2017