ڕاگەیاندنی ژمارە دووی كۆمەڵە سەبارەت بە ناڕەزایەتی خەڵكی شاری بانە بە كوشتنی دوو كۆڵبەر

هەر وەك لە ڕاگەیاندنی ژمارە یەكی كۆمەڵەدا سەبارەت بە گیان لە دەست دانی دوو كۆڵبەری ناوچەی بانەدا هاتووە، ڕۆژی ڕابردوو خەڵكی شاری بانە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە كوشتنی ئەو كۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتگەرەكانی كۆماری ئیسلامی دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و كۆبوونەوەی ئیعترازی لە بەردەم فەرمانداری و نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەییووبی شاری بانە.
بە پێی هەواڵەكان لە یەكەم سەعاتەكانی كۆبوونەوە ئیعترازییەكەی خەڵكی شاری بانە "محەمەدی فەلاحی" فەرمانداری بانە شوێنی كارەكەی جە جێ هێشت و هێزێكی دژە شۆڕش لە شار و ناوچەكانی دەورووبەری بانە بۆ سەركوتی خەڵكی شاری بانە ڕەوانەی ئەو شارە كران. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممەش خەڵكی شاری بانە لە درێژەی ناڕەزایەتییەكانیان بەرامبەر بە جینایەتەكانی رژیمی كۆماری ئیسلامی لە كوردستان و بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان بەرەوپیری بانگەوازی چالاكانی مەدەنی ئەو شارەوە چوون و بە داخستنی دووكان و بازاڕی مانگرتنی گشتیان ڕێكخستووە. بە پێی دوایین و هەواڵ و زانیارییەكان تێكهەڵچوون لە نێوان خەڵكی ناڕازی و هێزە سەركوتگەرییەكانی كۆماری ئیسلامی لە شەقامەكانی دەورووبەری فەرمانداری و كەمەربەندی و شەقامی ئەماكن هاتۆتە ئاراوە و چەند كەس بریندار بوون و چەند كەسێكی دیكەش دەستگیر كراون.
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وێڕای مەحكوم كردنی بەكار هێنانی هێزی سەركوتگەر لە بەرامبەر خواست و داواكاری و ئیعترازی خەڵك، خۆی بە پشتیوان و داكۆكی كاری ماف و داواكارییەكانی خەڵكی شاری بانە دەزانێت و داوا لە هەموو خەڵكی بانە بە هەموو چین و توێژەكانییەوە و  باقی شارەكانی دیكەی كوردستان دەكات پشتیوانی خەڵكی ناڕازی بانە و داوا ڕەوا و بەرحەقەكانیان بن.

سكرتارییەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان
١٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی
٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧ی زایینی

ئه‌م بابه‌ته 518 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:00:05/09/2017