ڕاگەیاندنی كۆمەڵە سەبارەت بە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵكی شاری بانە بە كوشتنی دوو كۆڵبەر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ  دوو شەممە ١٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ٤ ئاگۆستی ٢٠١٧ زاینینی دوو كۆڵبەری كورد بە ناوەكانی "قادر بەهرامی" كوڕی حەسەن، خەڵكی ئاوایی وزمەڵە و "حەیدەر فەرەجی" كوڕی عەلی خەڵكی ئاوای شەشە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی رژیمی كۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست دا و تەرمی ئەو دوو كۆڵبەرە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی شاری بانە.
بە دوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، خەڵكی شاری بانە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو جینایەتەی هێزەكانی رژیم دەستیان دایە كۆبوونەوەی ناڕازایەتی لە بەردەم فەرمانداری ئەو شارە و هێرشیان كردە سەر بینای فەرمانداری. بە پێی هەواڵەكان فەرمانداری شاری بانە شوێنی كارەكەی جێ هێشتووە. لە درێژەی ئەو كۆبوونەوە ئیعترازییەی خەڵكی بانە و بێ وڵاممانەوەیان لە لایەن دام و دزگاكانی رژیم و بە تایبەتی فەرمانداری، ڕێڕەوی خۆپیشاندانە ئیعترازییەكەیان بەرەو نەخۆشخانە سلاحەدینی ئەیووبی گۆڕدرا و تا دەركردنی ئەم ڕاگەیاندنەش كۆبوونەوەكەیان لە بەر دەم درگای نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەو شارە بەردەوامە.
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وێڕای سەرەخۆشی و دەربڕینی هاوخەمی خۆی بۆ كەس و كار و بنەماڵەی ئەو دوو كۆڵبەرە ئەو جینایەتە نامرۆڤانەیەی هێزەكانی رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران مەحكووم دەكات و دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتی خەڵكی شاری بانە و پشتیوانی خۆی لە ماف و داوا ڕەواكانی خەڵكی بانە و هەموو خەڵكی كوردستان دووپات دەكاتەوە.

سكرتارییەتی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ هەتاوی
٤ ئاگۆستی ٢٠١٧ زاینی


ئه‌م بابه‌ته 237 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:26:04/09/2017