وەفدێكی كۆمەڵە سەردانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی كرد

سەر لە بەیانیی ڕۆژی یەكشەممە؛ ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، رێكەوتی ٢٠ی مانگی ئاگۆست، وەفدێكی سەركردایەتیی كۆمەڵە بە سەرپەرشتیی هاوڕێ عەبدوڵا موهتەدی سكرتێری گشتیی كۆمەڵە سەردانی "حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران"یان كرد و لە لایەن بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتی و وەفدێكی باڵای ئەو حیزبەوە بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.

ناوەڕۆكی دیدارەكە بۆ دانەبەرباسی پرس و ڕووداوە گرینگەكانی ناوچەكە بە گشتی و ئاڵوگۆڕە نێوخۆییەكانی ئێران و كاریگەرییان لە سەر كوردستانی ڕۆژهەڵات ڕێكخرابوو. لەم دیدارەدا چەندین پرسی گرینگ لەوانە، تەریك كەوتنەوەی هەرچی زیاتری رژیمی ئێران لە كۆمەڵگای نێیونەتەوەیی، چڕ بوونەوەی گوشارە ناوچەییەكان بۆ كورت كردنەوەی دەستێوەردانەكانی ئێران لە سووریە و عێراق، هاوكاریی زیاتری لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات و خۆ ئامادەكردن بۆ ئەگەرەكانی داهاتوو، پێداگری لەسەر كاری هاوبەشی هەردوولا و پەرەپێدان بە ڕێكەوتننامەی واژۆكراوی نێوانیان، هاوكاری لەگەڵ ئەو لایەنانەی ئۆپۆزیسیۆن ئێران كە مافەكانی گەلی كورد بە ڕەسمی دەناسن و تێكۆشان بۆ یەك هەڵوێستی كۆمەڵه و دێمۆكرات لە هەمبەریان، پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان و چەندین تەوەری دیكە هاتنه بەر باس.

 جێگەی ئاماژەیه به تاوتوێ كردنی تێر و تەسەلی ئەم باسانه، بۆچوونەكانی هەردوولا زۆر لەیەك نزیك بوون و هەربۆیەش جەخت كراوە لەسەر كاری هاوبەشی زیاتری لایەنە كوردیەكان و حەول دان بۆ گەییشتن بە دەرەنجامێك كە گووتاری كوردی رۆژهەڵات بە جۆرێك ڕێك بخرێت كە هەموو وزە و توانای ئەم بەشەی كوردستان لە یەك ئاراستەدا سازمان بدرێت.

جێگای ئاماژەیە وەفدی كۆمەڵە پێكهاتبوون لە هاورێیان، عەبدوڵا موهتەدی سكرتێری گشتیی كۆمەڵە، ئەبووبەكر مودەڕسی جێگری سكرتیری گشتی و ساڵەح شەریفی ئەندامی دەفتەریی سیاسی، ڕەفیق حسێن پەناهی، كاكۆ عەلیار، ئیدریس كوڵاهدوزی و فەرزین كەرباسی و ئەندامانی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە.

وەفدی حیزبی دیموكرات پێكهاتبوون لە بەڕێزان، "مستەفا هیجری" سكرتێری  گشتی، حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتی، محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی ،عومەر غوڵامعەلی و تاهیر مەحموودی ئەندامانی كومیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە.

شایەنی باسە، ئەم دیدارە پاش چەندین كاتژمێر دیالۆگ و لێكدانەوەی دوو لایەنە لە كەش و هەوایەكی دۆستانەدا كۆتایی پێهات.


ئه‌م بابه‌ته 874 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:01:06:21/08/2017