ڕاگەیاندنی کۆتایی پلێنۆمی یەکەمی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٥

ڕاگەیاندنی کۆتایی پلێنۆمی یەکەمی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٥
 پلێنۆمی شەهیدانی ٢ی پۆشپەر




یەکەمین پلێنۆمی کومیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی ١٥هەمین کۆنگرەی کۆمەڵە لە ١١ی ژوئییەی ٢٠١٧ ی زایینی، ڕێکەوتی  ١٩ی پوشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاویی دەستی پێکرد و دوای ٢ رۆژ و نیو کاری چڕ و پڕ کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
هەر دوا بە دوای تەواو بوونی ١٥هەمین کۆنگرەی کۆمەڵە لە مانگی ژوئەن کومیتەی ناوەندیی لێژنەی ئامادەکاری پلێنۆمی دەست نیشان کرد و لێژنەکەش دەست بە کاری ئامادەسازی تەکنیکی و سیاسی پلێنۆمەکە بوو. بەشێک لەو ئامادەسازیە، بریتی بوون لە بەڕێوەبردنی سێ سمینار لە سەر پرسەگرینگەکان وەک دۆخی سیاسی ناوچەکە و بە تایبەت رووداوە سیاسییەکانی دوای هەڵبژاردنی خولی ١٢ی سەرۆک کۆماری لە ئێران، دیاریکردنی سەرخەتی سیاسەتەکانی کۆمەڵە بەرامبەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چالاکی نێونەتەوەیی. بە دوای ئەوەدا سمینارێک گیرا بە مەبەستی شیکردنەوەی  سیاسەتی کۆمەڵە بەرامبەر بە حیزبە کوردستانییەکان و تاوتوێ کردنی ئەزموونەکانی تا ئێستامان و کار بۆ پێکهێنانی هاوکارییەکی بەردەوام لە چوارچێوەی ئێئتلافێک وەک یەکێک لە گرینگ ترین ڕاسپاردەکانی کۆنگرە. لە هەمان کاتدا بەشێک لە خاڵەکانی ئاجێندای پلێنۆم کە دەگەرایەوە بۆ جێبەجێ کردنی پەسەندکراوەکانی کۆنگرە، سپاردرا بە کۆمیسیۆنگەلێک لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی و هەر وەها کادرەکانی دەرەوەی کومیتەی ناوەندی تا بە پێشنیار و گەڵاڵەی کاربۆکراو پیشکەشی بکەن بە پلێنۆم.

بە دوای تەواوبوونی ئامادەکاریەکان، پلێنۆمی یەکەمی کۆمەڵە لە کاتی دیاریکراو واتە لە ١١ی ژوئییەی ٢٠١٧ ی زایینی، ڕێکەوتی  ١٩ی پوشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاویی بە سروودی بانگەواز سروودی رەسمی کۆمەڵە و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە سەرجەم گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و بە ناوی پلێنۆمی شەهیدانی ٢ی پوشپەر دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. سەرەتا دەستووری کاری پلێنۆم خرایە بەردەنگ و بە تێکرای دەنگی بەشداربووان پەسەند کرا. وەک یەکەمین خاڵی دەستوور ڕاپۆرتی سیاسی لە لایەن سکرتێری گشتی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی پیشکەش کرا. دوای تەواو بوونی ڕاپۆڕتەکە خاڵە گرینگەکانی وەک دۆخی سیاسی ئێران و ناوچەکە، سیاسەتی کۆمەڵە لە هەمبەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، چالاکی نێونەتەوەیی و گرینگی کاراتر کردنی هێزی پێشمەرگە و چالاکی پیشمەرگانە بە وردی تاوتوێ کرا.

بە دوای ڕاپۆرتی سیاسی، پلێنۆم هاتە سەر باقی دەستووری کۆبوونەوکە کە بەشی هەرە زۆری دەگەرایەوە بۆ ڕاسپاردەکانی ١٥هەمین کۆنگرەی کۆمەڵە. 

گرینگترینی ئەو خاڵانە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا بریتی بوون لەو بابەتانەی خوارەوە:
١. پەیرەوی ناوخۆی کومیتەی ناوەندی کە لە چەند کۆنگرە لەوە پیشەوە پەسەند کرابوو، جارێکی دیکە بە مەبەستی بەرۆژ کردنی لە گەڵ بارودۆخی تازە و پێداویستیە تازەکان، بە ئاڵ و گۆڕەتازەکانەوە ئامادە کرابوو کرا تا ببێتەوە مەبنایەک بۆ کارپێکردن و دیاری کردنی رێسا و یاساکانی ناوخۆی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە. دەقی ئامادەکراو لەو بارەوە لە گشتییەتی خۆی پەسەند کرا.
٢. لە سەر پێشنیاری کۆنگرە بۆ کارامەتر کردنی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە و دەستنیشانکردنی کومیسیۆنێک بۆ ئەو کارە لە لایەن لێژنەی ئامادەکاری پلێنۆم، پێشنیارەکانی کۆمیسیۆن تاوتوێ کران و دوای ئەوە سپاردرا بە دەفتەری سیاسی تا شێوازی کاری ڕاگەیاندن بۆ دەورەی داهاتوودا ساغ کاتەوە.
٣. بە مەبەستی ڕاهێنان و فێرکاری بەردەوامی ریزەکانی کۆمەڵە و بە دامەزراوەکردنی ئەم بوارە گرینگە کە ئەویش لە هەمان کاتدا ڕاسپاردەی کۆنگرە بوو، پلێنۆم بریاری دا ئەم ناوەندە بە دیاریکردنی شێوازی کارەکەی و بە لە بەرچاوگرتنی پێشنیارەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
٤. خاڵی پێداچوونەوە بە کاری رێکخستنی کۆمەڵە لە ناوەوە، لەو خاڵەدا گەڵاڵەی پێشنیاری بۆ کاراتر کردنی ئۆرگانی زاگرۆس تاوتوێ کرا و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
٥. یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی ئاجێندای پلێنۆم بیستنی ڕاپۆرتێک بوو لە بارەی دەرەوەی وڵات لە لایەن دوو نەفەر لە هاوڕێیانی کومیتەی ناوەندی بەشی دەرەوەی وڵات. دوای بیستنی ئەم ڕاپۆرتە چەند لایەنێک لە کاری کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
٦. لە دوا خاڵی دەستووری کۆبوونەوەکانی پلێنۆم. ٥ نەفەر لە هاوڕێیان بە کۆی دەنگ وەک دەفتەری سیاسی هەڵبژێردران و بەو شێوەیە پلێنۆم بە گیانێکی تەبایی و یەکدەنگی سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا. 


کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
١٨ی ژوئییەی ٢٠١٧زایینی
٢٧ی پۆشپەری ١٣٩٦ی هەتاوی






























ئه‌م بابه‌ته 1573 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:24:18/07/2017