کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و (HAK-PAR) کۆبوونەوە




رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 7ی مانگی ژوئەنی 2017ی زاینیی وەفدێکی باڵای پارتی ماف و ئازادییەکان ( HAK PAR ) سەردانی سەرکردایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیان کرد.

وەفدێکی هاک پار بە سەرپەرەستی بەڕێز رەفیق کاراکوچ سکرتێری ئەو پارتە و وەفدی یاوەری سەردانی کۆمەڵەیان کرد و لە لایەن وەفدێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە سەرپەرستی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە پێشوازییان لێکرا.

وەفدی میوان سەرەتا پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی 15ی کۆمەڵە و هەروەها سەرخۆشی خۆیان لە بابەت گیانبەختکردوانی 3ی پووشپەر ئاراستەی سەرکردایەتی کۆمەڵە کرد و دواتر بەڕێز رەفیق کاراکوچ سەرۆکی گشتی پارتی ماف و ئازادییەکان (HAK-PAR)  لەسەر دۆسیەی سیاسی کورد لە کوردستانی باکوور قسەوباسێکی پێشکەش کرد و دواتر هەر دولا لە سەر کۆمەڵێک تەوەری گرینگی دیکە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
دواتر لە لایەن وەفدی کۆمەڵەوە بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانەکان کرا و چەندین تەوەر کەوتە بەر باس و راگۆڕینەوە.
بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و دۆسیەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و پرسی ریفراندۆم لە کوردستانی باشوور تەوەری سەرەکی دیدارەکە بوو، سەرەتا هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی لە سەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانی رۆژهەڵات و رۆڵ و کاری لایەنە سیاسیەکان و بە تایبەتی کۆمەڵە راپۆرتێکی ئاراستەی وەفدی هاک پار کرد. ناوبرا بە ئاماژە دان بە سیاسەتە نگریسەکانی کۆماری ئیسلامی و هەڵسوکەوتی لە ناوچەکە لە سەر رووداوەکان رۆڵی ئەم رژیمەی لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە خستەر روو.
 تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە پێداگری لە سەر یەکریزی و هاوخەباتی هێزە کوردستانییەکان کە خاڵی بەهێزی گرینگی رێگای رزگاریخوازی گەلی کوردە کرا و هەروەها لە سەر پرۆسەی ریفراندۆم لە کوردستانی باشوور هەر دولا ئاڵ و گۆڕی بیروڕایان کرد و پیشتیوانی خۆیانیان سەر لە نوێ بۆ ئەم پرسە گرینگە دووپات کردەوە.
لە کۆتاییدا جێی ئاماژەیە هەر دو لایەن لە سەر کۆمەڵێک بنەمای ھاوبەش  بۆ نمونە پرسی نەتەوایەتی ، دامەزراندنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و هەروەها پشتیوانی هاوبەش لە پرسی ریفراندۆم راپۆرتێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
دیدارەکە ماوەی چەند ساعەتێکی خایاند ولە کۆتاییدا ھەر دو لا لە سەر دۆستایەتی و پێوەندی زیاتر پێداگریان کرد.

شایانی باسە بوەترێ وەفدی کۆمەڵە برییتی بوون لە هاوڕێیان:
عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی
ئەبووبەکر مودڕسی جێگری سکرتێری گشتی
ساڵح شەریفی ئەندامی کومیتەی ناوەندی
ئازاد قوبادی پوور ئەندامی کومیتەی ناوەندی
ئیدریس کولاهدوزی ئەندامی کومیتەی ناوەندی
بەختیار عەلیار ئەندامی کومیتەی ناوەندی
سامان ریشەساحێب جێگری کومیتەی ناوەندی
















































ئه‌م بابه‌ته 509 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:29:06/07/2017