ئەبوبەکر مودەرسی
" />

بزووتنەوەی کوردستان لەنێوان کۆماری ئیسلامی و داعش


ئەبوبەکر مودەڕسی




هێرشی چەکدارانەی گروپێک کە دوایی داعش بەرپرسایەتییەکەی وەئەستۆگرت، بۆ سەر مەجلیس لە بەهارستانی تاران و قەبری خومەینی، جگە لە زۆر پرسی پەراوێزی رووداوەکە، پيوەندی و هەڵسوکەوتی ئيران و داعشی لەژێر تەپوتۆزی پرۆپاگەندە و ئیدعای پڕوپووچ هينایەدەرێ و جیدیتر لە جاران خستیەبەر دیدە و سەرنج و چاوەدێریی لێکۆڵەرانی سیاسی. بێگومان ئەم هێرشە و بەدوای ئەودا موشەکبارانەکەی شاری دێروزوور لە نیزیک ڕەقە یەکەمین تێکهەڵچوونی ئێران و داعش لە خاکی سورییە و ئێراندا بوو. تاپيش هێرش بۆسەر مەجلیسی ئێران و مەزارگەی خومەینی، هیچجۆرە هێزێکی چەکداری ئێران چ سوپای پاسداران و یان هيزە بەکرێگیراوەکانی دیکەی لە خاکی سورییە، لەگەڵ هێزەکانی داعش بەرەوڕووی یەک نەبوونەوە و هیچ تێکهەڵچوونێکی چەکدرایان نەبووە. (سەرچاوە: گوزارشی دەنگی ئامریکا بەشی فارسی). سەرهەڵدانی داعش لە سورییە و دواییش لە خاکی عێراق هاوکێشە سیاسییەکانی تووشی ئاڵوگۆڕی بەرچاوکرد، بەجۆرێک که گۆڕەپانی سیاسی وەها تووشی ئاڵۆزی بوو کە شەڕ دژی تێڕۆڕ بووبە بیانوویەکی باش بۆ هەموو کایەکەرانی ناو گۆڕەپانەکە تا دەستێوەردانی خۆیان لە سورییە و عێراق و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەژێر چەمکی شەڕی دژی تێڕۆڕدا بشارنەوە. ئێران یەکێک لەو لایەنانە بوو کە شەڕ دژی تێرۆری قواستەوە و کردی بە پاساوی بوونی خۆی لە سورییە و دواییش لە عێراق. لەڕاستیدا ئامانجی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سورییە، هيشتنەوەی رژیمی بەشار ئەسەد بوو لەسەر دەسەڵات. هەر لە دەستپێکەوە، کاتێک شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دژی ئەسەد هيشتا شێوازی چەکدارانەی بە خۆیەوە نەگرتبوو و خەڵکی ناڕازیی مەدەنی و خوازیاری ئاڵوگۆڕی دیموکراتیک لە وڵاتدا بەبێ چەک و لەسەر شەقام ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕی، دڵەڕاوکێ کەوتەناو دەسەڵاتدارانی ئێران و دەورێکی گەورەیان گێڕا لە تێکشکاندنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان تا ئەو شەپۆلەی لەژێرناوی بەهاری عەرەبی ئاوری بردابووەە ناو سیستەمە سیاسییەکانی وڵاتانی عەرەبی و حکوومەتەکانی یەک لەدوای یەک دەڕوخاندن، بۆ رژیمی ئەسەدیش وەک تەنیا هاوپەیمانی عەرەبیی ئێران، تەشەنە نەستێنێ. ئەوکاتە هیچ هەواڵێک لە داعش نەبوو و ئەو گروپە تێڕۆڕیستە هێشتا سەری هەڵنەدابوو. دوای سەرهەڵدانی تەکفیرییەکانی داعش، هێزەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لە سورییە هەر لەدرێژەی چالاکییەکانیان سەرقاڵی بەربەرەکانی و شەڕ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سورییە بوون کە هاوکات لەلایەن ئەرتەشی سورییە و داعشیش هيرشیان دەکرایەسەر. لەڕاستیدا بۆ ماوەیەک تا داعش گەیشتە خاکی عێراق، کۆماری ئیسلامی لە هاوپەیمانییەکی نەنووسراودا، شان بەشانی داعش لەگەڵ هيزی ئۆپۆزیسیۆنی سوریە شەڕیان دەکرد. ئەوانەی جوغرافیای بوونی هێزە نیزامییەکانی ئێرانی، شەڕەکانیان و شوێنی کوژرانی فەرماندەکانی ئێرانیان خستۆتەبەرچاو، دەتوانن ئەوە بسەلمێنن کە تەنانەت یەکدانەشیان لە شەڕی داعشدا نەکوژراون. ئەوەش زۆر بە هاسانی دەیسەلمێنێت کە لەو شوێنانە داعشی تێیدا نەبووە و چالاکیش نەبوون، سەرجەم دەتوانین ئەو ئاکامە هەڵێنجین کە هیچ کام لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەشەڕ لەگەڵ داعش نە کوژراوە و نە برینداربووە.


داعش دوای سەرکەوتنە کوتوپڕەکانی لە سورییە و عێرا‌‌ق ‌و ڕاگەیاندنی خەلافەتەکەی هەر زۆر زوو ڕووی چەکەکانی کردە کورد و کوردستان، هەم لە عێراق و هەم لە سورییە. ئێران تەنیا لە دەوروبەری کەرکووک و نزیک سنوورەکانی خۆی بەهێزی تۆپخانە بەشداریی چەند شەڕێکی داعشی کردووە. ئەگەر لە شەڕە ئاسمانییەکان و بۆمبارانەکانی تەیارەکانی ئامریکا و هاوپەیمانان بگەرێین تا ئەو ئاخرانە و دەستپێکردنی شەڕی موسڵ، کورد تەنیا هێزێک بوو کە لەسەر وشکانی بەرامبەر داعش راوەستا و پێشی پێگرت، هەرچەند لە هەڵسەنگاندنێکی پسپۆڕانەی سەربازیدا، سەرکەوتنەکانی کوردیش بەبێ پشتیوانی هێزی ئاسمانی رۆژئاواییەکان و لە پيشەوەیاندا ئامریکاییەکان زۆر ئەستەم و بگرە محاڵ دەبوو، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی گشت ئەو چەک و تەقەمەنییەی لە شارەکانی سورییە و موسڵ و باقی شارەکانی ئێراق کەوتە دەست داعش دەزانین کە ئەو هێزە باڵادەستییەکی زۆری بوو بەسەر هێزی پێشمەرگە و شەڕوانانی کورد لە عێراق و سورییە.


ئەگەر بابەتی سەرەوە، واتە شەڕ و تێکهەڵچوونە سەربازییەکان لەگەڵ داعش بەجێهێڵین و پێوەندیی ئێرانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تووندئاژوویی ئایینی بەگشتی و جەریانی تەکفیریی سوننی بەتایبەتی بگرینەبەرچاو و لێکۆڵینەوەی لێبکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە وتەی "سەری مارەکە کۆماری ئیسلامییە"، تەنیا جنێوفرۆشییەک یان کێشە و ڕکابەریی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت لەگەڵ ئێران نیە. بەر لە دەسەڵاتی مەلاکان لە ئێران رەوتی ئیسلامی سیاسی تەنیا لە شێوازی چەند گرۆپ و حیزبی بچووک بوونی هەبوو، تەنانەت حیزبی کۆنتر و تاڕادەیەک جەماوەری وەک ئیخوانولموسلمینیش تەنیا دەورێکی ئۆپۆزیسیۆنیان دەگێڕا. هێژێمۆنی خومەینی بەسەر شۆڕشی دژە پاشایەتی و سەقامگیربوونی ئیسلامی سیاسی شیعە لە ئێران، دوابەدوای ئەوەش سیاسەتی بە رواڵەت ''رادیکال'' لەهەمبەر کێشەی فەلەستین و رێبازی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران لەسەر بەستێنێکی لەباری کۆمەڵایەتی و سیاسی لەکۆتایی شەڕی سارد، هەردوو لە ئیسلامی سیاسیی شیعە و سوننی بەشێوەیەکی بەرچاو هينایە پێشەوەی گۆڕەپانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کۆماری ئیسلامی هەرکات بە مەسڵەحەتی خۆی زانیوە تەنانەت رەوتە تووندڕەوە سوننیەکانیشی یارمەتی داوە. لەگەڵ ئەلقاعیدە هاوکاریی کردوە و زۆربەیانی لە ئێران داڵدە داوە، یارمەتیی حەماسی داوە و لەو رێگایەوە رۆڵی بینیوە لە دروستکردنی ئینشقاق لە بزووتنەوەی فەلەستیندا. بەڵام کۆماری ئیسلامی لەڕێگای سیاسەتی بە شیعەکردنی عێراق و هەرجيگایەک کە زۆرینەی شیعەی تێدابووە یاخود کەمینەیەکی بەرچاوی شیعە، پەرچەکرداری لەناو سوننەکانیشدا درووستکردووە و بۆتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی هەستی تووندئاژۆیی لەناو سوننەکاندا. کۆماری ئیسلامی ئاڵاهەڵگری بە ئایینیکردنی بەرژەوەندی و کێشە سیاسییەکان بووە، چ لە سیاسەتی دەرەکی و چ لە سیاسەتی ناوخۆییدا.


سەرنجڕاکێشترین دیاردە، پيوەندیی تووندئاژۆیی ئایینی یاخود رەوتی سەلەفی تەکفیرییه لەناو کوردی ئێران و عێراقدا. لە رووداوی هێرشی تێرۆریستی چەند حەفتە پێشی تاران لە مەجلیس و قەبری خومەینیدا کە بە دەستی شانەیەکی کوردی داعش جێبەجێکرا، کوردبوونی بکەرەکانی ئەم رووداوە زۆر گەورە کرایەوە، چەند هەوڵێکی نەزوک و بێسوودیش درا کە رواڵەتی ئازادیخوازانە و پێشکەوتووی بزووتنەوەی کوردی و پێشمەرگە خەوشدار بکرێ، بەڵام رووداوی مەجلیس و یەکەم کردەوەی تێرۆریستی داعش دژی کۆماری ئیسلامی، هاندەرێک بوو بۆ ئەوەی دەور و رۆڵی ئێران لە داڵدەدان و تەنانەت هاسانکاری بۆ ئەم رەوتە تووندئاژۆیە، دووبارە وەبیربخرێتەوە. کۆماری ئیسلامی هەرچەند دەسەڵاتێکی ئایینی شیعە و بە تەواوی دژە سوننەیە، بەڵام بەرامبەر بە رەوتی ئیسلامی سیاسیی سوننە و بەتایبەت رەوتە تووندڕەوەکانیان سیاسەتێکی هەلپەرەستانە و دوجەمسەری هەیە. زۆرجاران هەوڵیداوە وەک کارتی گووشار بە کاریان بێنێ وەک چۆن ساڵیانێک وەک کارتێک و هەڕەشەیەک دژی هەرێمی کوردستان بەکاریهێنان، بەڵام لەهەمانکاتدا ویستووشیەتی کۆنترۆڵیان بکات و لەژێر چنگی خۆی ڕایانبگرێ.


کۆماری ئیسلامی بۆ دوروستکردنی ئاڵتێرناتیو بەرامبەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان تاکتیکگەلی جۆراوجۆری گرتۆتەپێش. رێگەپێدان بە پڕوپاگەندەی سەلەفی و جیهادی لەناو مزگەوتەکانی کوردستان. چاوپۆشی لە چالاکی هەمەجۆرەی رەوتی ئیسلامی سیاسی یەکێک لەو تاکتیکانەیە کە زۆر روون و بە بەرچاوی خەڵکەوە دیار و ئاشکرایه. چەند مەلایەکی ئایینی تووندڕەو ساڵیانێکه بەدەستکراوەیی و بەکەیفی خۆیان پرۆپاگەندەی ئیسلامی سیاسی تووندرەو دەکەن لە شارەکانی کوردستان؛ دژی کۆمەڵە و ‌حیزبەکانی دیکەی کوردستان و بزووتنەوەی کورد قسە دەکەن و کەس پێشیان پێناگرێت. بەهەموو ئەو هاسانکاریانەی رژیم و سەرەڕای ئەوەی بەشێکی بەرچاوی خەڵک لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا سووننین و لەو بوارەشەوە لەژێر دەسەڵاتێکی ئایینی و تووندڕەوی شیعە بەرەوڕووی هەڵاواردن و بێ عەداڵەتی بوونەتەوە، هيشتا تووندڕەویی ئایینی لە کەش و هەوای سیاسیی کوردستانی رۆژهەڵات، کە کۆماری مەهابادی لە ئامێزی خۆیگرتووە و یەکەمین مەدرەسەی کچانی داناوە و حیزبی مۆدێرن و ئیمرۆیی دروستکردوە، لە رۆژهەڵاتێک کە نیزیک بە نیو سەدەیە کانگای بیری پێشکەوتنخوازییە، بیری یەکسانی ژن و پیاو، مافی مرۆڤ، جیایی ئایین و سیاسەت و دژی هەرجۆرە هەڵاواردنێکە، شانسێکی نەبووە و نەیتوانیوە ببێتە رەوتێکی ئەوتۆ.


کردەوە تێرۆریستییەکەی مەجلیسی ئیسلامییش هەر وەک هەوڵەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی نەزۆک و بێسودبوون و نەیانتوانیوە کەش و هەوای سیاسیی کوردستان بگۆڕن. تێکهەڵچوونی ٢ی پۆشپەر، لە بەینی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و بۆسەی پاسدارەکانی رژیم کە تێیدا سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە شەهیدبوون و یەکێکیان بە برینداری کەوتەدەست هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، هەرچەند رووداوێکی نەخوازراو بوو و ئەو پێشمەرگانە ئامانجیان شەڕ و هێرش بۆسەر بنکە و بارەگاکانی دوژمن نەبوو و خەریکی ئەنجامدانی ئەرکی رێکخستنی حیزبی بوون، هەر زۆر زوو شەپۆلێکی لە هاوخەمی و هاوسۆزی لەناو خەڵکی سنە و کوردستان بەرامبەر پێشمەرگەکان و قین و نەفرەتێکی لە ڕادەبەدەری بەرامبەر کۆماری ئیسلامی بەدیاری هێنا. سەدان بنەماڵەی شەهیدی کۆمەڵە لە سنە ئیمساڵ لە خەم و پژارەی ئەو خەسارە جەژنی رەمەزانیان نەکردەوە. کاردانەوەی خەڵک و ترس و دڵەڕاوکێی هێزەکانی رژیم تا ئەو جێگایە بوو کە ماڵی هەر سێ شەهیدەکەیان خستە گەمارۆی پاسدارەکان تا رێ لە خەڵک و بەتایبەت خزم و دۆست و ئاشنا بگرن تا پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان پيشکەشی ئەو بنەماڵانە بکەن و هاوخەمی خۆیان نیشان بدەن؛ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و دونیای مەجازی جارێکی دیکە سرودەکان و هێماکانی خەبات سەری هەڵدایەوە.


لێرەدا مەبەست هەڵسەنگاندنی چۆنیەتی کاردانەوەی خەڵک و کاریگەری رووداوەکە نیە و ئەوە خۆی مەجالێکی دیکەی گەرەکە. لەم کات و ساتەدا مەبەست تەنیا ئەوەیە نیشان بدەین کە تووندڕەویی ئایینی جێگایەکی ئەوتۆی لەناو دڵی جەماوەری کوردستاندا نیە و سەرەڕای سیاسەتە قێزەونەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاڵتێرناتیوسازی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد، بزووتنەوەی کوردستان هەر زیندوو و چالاکە و لە رۆژەڤدایە. ئەو بزووتنەوەیە ئەوەندەی رووی لە ڕزگاری نەتەوەییە، ئەوەندەش ئاوێتەی رۆیای کۆمەڵگایەکی ئازادە کە تێدا ژنان لە بواری یاسایی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ پیاوان یەکسانن، کرێکاران دەتوانن بە پشتبەستن بە هێزی خۆیان لە مافەکانی خۆیان بەرگری بکەن، مان بگرن و خۆیان لە سەندیکاکان و ئیتحادیەکان رێکخەن، مامۆستایان لە کەش و هەوایەکی زانستی و بە دور لە خورافە مناڵان و نەوەی نوێ ڕاهێنن و پەروەردەیان کەن و ...هتد.


بزووتنەوەی کورد بەگشتی لەناو بەرداشی دو داعشدا، دوو هيزی تاریکی، ئاسۆیەکی روون دەهێنێتە گۆڕێ. بە وتەی یەکێک لە کاربەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، تەقەی تفەنگی پيشمەرگەی کۆمەڵە دەنگێکی دیکەی هەیە، خەڵکی سنە و کورستان چاک دەیناسنەوە.





ئه‌م بابه‌ته 734 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:02:04/07/2017