کۆمەڵە تۆپباران کردنی ناوچە سنوورييەکانی هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکات




ڕاگەیاندنی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵه سەبارەت به تۆپبارانکردنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه لە بناری چیای هەڵگوورد

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
هێز و لایەنه سیاسیەکان
ڕادەگەیێنین کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ٣ی ژوئییەی ٢٠١٧ی زایینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بناری چیای هەڵگووردیان بۆ ماوەی ٢ سەعات و ٣٠ خوولەک تۆپباران کرد، ئامانجی ئەو هێرشه بەربڵاوەی کۆماری ئیسلامی کە بەراوەرد دەکرێت بە زیاتر لە ١٠٠ گووله تۆپ ئەنجام درابێت، راستەوخۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە کە لەو دەڤەرە واته سنوورەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێن. بە خۆشیەوە ڕادەگەیێنین کە پێشمەرگەکان سڵامەتن و خەساری گیانی بەر هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه نەکەوتووە، بەڵام بەداخەوە خەساری زۆری ماددی بەر ئەو ناوچەیە و خەڵکی لۆکاڵ کەوتووە و ژنه کۆچەرێکیش برینداره کە گەیاندراوەتە نەخۆشخانە.
کۆمەڵە تۆپ بارانی ئەم دەڤەرە لە لایەن کۆماری ئیسلامی بە تووندی مەحکووم دەکات و کۆماری ئیسلامی بەرامبەر خەساری ماددی و گیانی هاونیشتمانانی ئەو شوێنانە بەرپرس دەزانێ و رایدەگەیەنێ کە هیچ پاساوێک بۆ ئەم تۆپ بارانانە بوونی نیە. کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا ئاوی زێ بچووک دەبەستێ ودانیشتوانی شاری قەڵادزی تووشی بێ ئاوی دەکا، ناوچە سنوورییەکانیش تۆپ باران دەکات که هیچ مەبەستێکی جگە لە دوژمنکاری بەرامبەر بە خەڵکی کورد نیە، ئەوەش لە کاتێکدایه که کوردستانی باشوور بەرەو گشت پرسی دەچێت تا مەیل و ئیرادەی خۆی بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆی بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەدی بێنێت.
بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵە سەرکووتگەرانەیەی کۆماری ئیسلامی ئێمە رایدەگەیەنین کە نەخەڵکی کورد لە کوردستانی باشوور دەست لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان هەڵدەگرن و نە ئێمەش وەک بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات دەسبەرداری خەباتی خۆمان دەبین.

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی
03،07،2017


ئه‌م بابه‌ته 1548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:01:03/07/2017