راگەیاندنی ژماره ٣ی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵه

راگەیاندنی ژمارە ٣ی سکرتارییەتی کۆمەڵە لە پشتیوانی کردن لە مافە مەدەنی، سیاسی و یاساییەکانی رامین حوسێن پەناهی


جەماوەری ئازادیخوازی ئێران و کوردستان
ڕێکخراو و وڵاتانی لایەنگری مافی مرۆڤ

وەک هەموان ئاگادارن رۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٦ ی هەتاوی دەستەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە بۆ کاری تەبلیغی و تەشکیلاتی لە ناو شاری سنە بوون، کەوتنە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە کە بەداخەوە ٣ کەس لە هاوڕێیانمان گیانیان بەخت کرد و هاوڕێیەکیترمان بە ناوی رامین حوسێن پەناهی کە سێ فیشەکی بەرکەوتووەو بە توندی بریندارە بە دیلی کەوتۆتە دەست هێزەکانی سپای پاسداران.
کۆمەڵە بە پێی سەرجەم پەسەندکراوە جیهانیەکان و کۆنڤانسیۆنە باوەڕ پێکراوەکانی مافی مرۆڤ و مافی زیندانی سیاسی خوازیاری ئەوەیە ئەم خاڵانەی خوارەوە وەک مافی رامین حوسێن پەناهی لەبەرچاو بگیردرێت:

١: پێڕاگەیشتنی تەواو لە باری پزیشکی و تەندروستیەوە تا ئەو کاتەی رامین حوسێن پەناهی بە تەواوەتی تەندروستی بە دەست دێنێتەوە.
٢: تا ئەو کاتەی تەندروستی کامڵ بە دەست دێنیت و لە نەخۆشخانە دەچێتە دەرەوە، نابێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت ( هەرچەشنە لێکۆڵینەوەیەک لەم دۆخەدا بەمانای ئەشکەنجەی جەستەییە).
٣: پێویستە ئامادەکاری بکرێت بنەمالەی حوسێن پەناهی سەردانی کوڕەکەیان بکەن و ئاگاداری باری تەندروستی رامین بن .
٤: هەرچەشنە ئازار و ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و رۆحی  کە نموونەی دیاری پێشێل کردنی مافی مرۆڤە قەدەغە بکرێت.
٥: پێویستە زیندانی مافی ئەوەی هەبێت کە پارێزەرێکی بێ لایەنی هەبێت و سەرئەنجام لە دادگایەکی ئاشکرا و عادڵانەدا دادگایی بکرێت و زیندانی بتوانێت بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات.
کۆمەڵە داوا لە سەرجەم رێکخراو و دامەزراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ و سەرجەم خەڵکی ئێران دەکات هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بەرگری کردن لە گیان و ماف و شکۆی زیندانی سیاسی رامین حوسێن پەناهی و لە هەمانکاتدا کۆماری ئیسلامی و سەرجەم دامەزراوەکانی سەر بەم دەسەڵاتە بە بەرپرسی هەرچەشنە پێشێلکارییەکی مافە ئینسانییەکان و دۆخی ناوبراو دەزانێت.

کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی
۶ی پووشپەری ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٧ی جوونی ٢٠١٧

.



ئه‌م بابه‌ته 1168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:58:27/06/2017