راگەیاندنی ژماره ٢ی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵه

راگەیاندنی ژماره ٢ی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵه سەبارەت بە:
 گرتن و ئازاردانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی رووداوەکەی شاری سنه



خەڵکی خەباتکاری ئێران و کوردستان
کۆر و کۆمەڵە مرۆڤ دۆستەکان
رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ


هەروەک پێشتر ئاگادارمان کردبوونەوە رۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی لە تێکەهەڵچوونێکی ناو شاری سنه، سێ نەفەر لە پێشمەرگه و هاوڕێیانی تەشکیلاتی نهێنی کۆمەڵه، دوای بەرەنگاریيەکی قارەمانانه بە داخەوە گیانیان بەخت کرد و یەکێکی دیکه لە هاوڕێیان بە برینداری ئەسیر کرا. دوابەدوای ئەو رووداوه، هێزه ئەمنیەتیيەکانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای خۆبواردن لە دانی هەر زانیاریيەک بە بنەماڵەی ئەو گیانبەختکردووانه و تەحویل دانەوەی تەرمی ئازیزیان، هەڵیشیانکوتاوەته سەر بنەماڵەکانیان و کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵانەیان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ئەو زانیاریيانەی لەبەر دەستی ئێمەدان شەوی ڕابردوو هەریەکه له ئەفشین حوسەین پەناهی، ئەحمەد حوسیەن پەناهی، ئەنوەر حوسەین پەناهی و زوبەیر حوسەین پەناهی دەستبەسەر و بۆ شوێنکی نادیار رەوانه کراون، هەروەها سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ئەنوەر حوسەین پەناهی چالاکوانی مەدنی و ناسراوی کوردستانی رۆژهەڵات و برای رامین حوسەین پەناهی کە بۆ سەردان و هاودەردی لە رێگای دوور و لە تارانەوە گەرابووەوە بۆ قڕووچیا تا سەردانی بنەماڵەکەی بکات، لە لایەن هێزه ئەمنیەتیيەکانی کۆماری ئیسلامیيەوە دەستبەسەر کرا و ئەویش بۆ شوێنێکی نادیار رەوانه کراوە.
لە لایەکیتروە ئەم رووداوانه لە کاتێکدایه کە بەپێی زانیاريیەکانمان، گیانبەختکردنی ئەو رۆڵە ئازیزانەی نەتەوەکەمان، دەنگدانەوەی گەورەی لە ناو سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی شاری سنەی قارەمان درووست کردووە و بە هەزاران کەس دەیانهەوێ سەردانی بنەماڵەی ئازیزی ئەو گیانبەختکردووانه بکەن، هەر بۆیەش هێزە ئەمنیيەکان شوێنی نیشتەجێ بوونی بنەماڵەکانی حوسەین پەناهی، سەیف پەناهی و نوورییان گەمارۆ داوه و ناهێلن تەنانەت خزمان و دۆستانی نزیک سەردانیان بکەن.


خەڵکی تێکۆشەری ئێران و کوردستان

 کۆر و کۆمەڵه مرۆڤ دۆستەکان


کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆماری ئێسلامی بەرپرس دەزانێت لەمەڕ گیان و مافه ئینسانیيەکانی دەستبەسەرکراوانی بنەماڵەی ئەو گیانبەختکردووانه، داواشمان لە هەموو ئازادیخوازان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەیه کە به دەربڕینی دەنگی مرۆڤ دۆستانەی خۆیان نەهێڵن کۆماری ئیسلامی چی دیکه گوشار بخاته سەر ئەو بنەماڵانه و ئەزیەت و ئازاریان بدات.
ئەم شێوازه دڕندانەیه لە هەڵسووکەوت کە وەبیر هێنەرەوەی جەوی چاو ترسێن کردن و تۆقاندنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانه لە دەیەی شەستی هەتاویدا، نە ئەو کات و نە ئێستاش نەیتوانیوە و ناتوانێت چۆک به خۆڕاگری و ورەی خەباتکارانی کوردستان دانەوێنێت، هەر بۆیەش ئێمه دڵنیاین کە بنەماڵەی نوێترین گیانبەختکردووانی سوورخەڵاتی کۆمەڵه نەک بەو گوشارانه چاوترسێن ناکرێن بەڵکوو سەربەرزن بە رۆڵەکانیان و سۆز و هاوخەمی کۆمەڵانی بەرینی خەڵک، ئارامکەرەوەی جەرگی برینداریانه.

کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی
٤ی پووشپەری ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٥ ژوئن ٢٠١٧


ئه‌م بابه‌ته 1690 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:20:26/06/2017