شکۆدار بێت ٣١ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە




راگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردان، رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان!
هاوڕێیانی پێشمەرگە !


هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە باسکی چەکداری جه‌ماوه‌ری سته‌م دیده‌ و زۆڵم لێکراوی کوردستان، پاڵپشتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانە، کە بۆ گەێشتن بە مافی یەکسانی و رزگاربوون لە ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان خەبات دەکه‌ن. ٣٩ ساڵ لەوە پێش رۆژی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٥٧ ‌هاورێ سەعید موعینی (خانە) لە سەر بریارێکی حیزبی، لە گەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان،لە شەڕێکی قارەمانانە و نابەرابەردا لە دژی ھێزەکانی بەعسی عێراق لە گوندی دڕێ سەر بە شارۆچکەی ماوەت لە کوردستانی باشوور، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە بەرزکانی و روخانی قەڵای زۆرداری، گیانی خۆی بەخت کرد. هاوڕێ خانە یەکەم پێشمەرگەی شەهیدی کۆمەڵەیە  و بەو بۆنەوە کۆمەڵە ٣١ی جۆزەردانی وەک رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە دیاریکرد. لەو کاتەوە تا ئێستا، ھەموو سالێک تێکڕای ھە موو تێکۆشەرانی کۆمەڵە لەو رۆژەدا وێرای نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ یەکێک لە ئازیزترین خەباتکارانی گیانبەختکردوی کۆمەڵە وکورستان، رێزیش دەگرن لە یادی ھەزاران گیانبەختکردووی کۆمەڵە کە لە پیناو خەباتی رەوای گەلی کورد بۆ نەهێشتنی بندەستەیی نەتەوەیی و دادپەروەری کۆمەلایەتی و نەھێشتنی چەوسانەوەدا، گیانیان بەخت کرد.

سەعید موعینی لە تەمەنی زۆر لاویدا شۆرشگێرێکی شێلگیری خەباتی نەھێنی، نمونەی ھەرە بەرزو بێ ھاوتای خۆڕاگری ناو بەندیخانە و دواتریش ھەلبژاردەی رێبەری ئەو کاتی کۆمەڵە بوو بۆ چوون بۆ کوردستانی باشوور و وەرگرتنی ئەزموونی پێشمەرگایەتی لە ناو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ خزمەتکردن بە داھاتووی خەباتی چەکداری و پێشمەرگانەی کوردستانی رۆژھەڵات کە ئەو سەردەم بیری لێکرابووە.

پاش روداوی تاڵی گیانبەختکردنی خانە، زۆری نەخایاند بە ھێزی خەباتی خەڵک کۆشکی زۆرداری رژیمی پاشایەتی روخا بەڵام بەداخەوە لەماوەیەکی کەمدا دەسەلاتێکی ئایینی و سەرەڕۆو سەرکوتکەرتر لە رژیمی پێشوو شوێنی گرتەوە. ئەم دەسەڵاتە خراپتر لە رژیمی پێشوو کەوتە دژایەتی خواست و ویستی گەلانی ئێران و یەک لەوانە گەلی کورد. هێرش بۆ سه‌ر کوردستان و سه‌رکوتی گەڵی کورد له‌ سه‌روی هه‌موو ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی بوو و زۆریشی نه‌خایاند  که‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی به‌ کرده‌وه‌ ده‌رهێنا. هێزی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌و هێرشه‌ و وه‌ڵامی شۆڕشگێڕانه‌ به‌ پێداویسیتی سه‌رجه‌م بوو که‌ رێکخرا و هاته‌ ناو گۆڕه‌پانی خه‌بات و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریبه‌خشی کوردستان.

ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە زۆر قۆناغدا تێپەرێوە، مێژوی دژوارترین بەرەنگاریەکانی بۆخۆی تۆمار کردوە و کۆمەلێک ھەوراز و نشێوی سیاسی و نیزامی تێپەر کردوە، دوژمن لە پیلانگێڕان و ھەوڵدان بۆ لە نێو بردنی ھێزی پێشمەرگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ ھەوڵی کەمی نەداوە، بەڵام یەک ئەسل نەگۆڕ ماوە و دەمێنێ، پێشمەرگەی کۆمەڵە سەرەڕای ھەموو ھێرشەکان و لەمپەرەکان ماوەو بەردەوامە،شێلگیرە و بەرچاوی روونە تا دەگات بە ئامانج، بەردەوامە تا نیشانی بدات خوێنی نزیک بە ٣٠٠٠ ھەزار خەباتکاری ریزەکانی خۆی بوەتە ھەوێنی نەسرەوتن و تێکۆشانی بەردەوام تا بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان وخەڵکی کوردستان دڵنیا کات سەنگەری رۆلەکانیان چۆل نەکراوە و جامەدانەی نەسلی نوێ بۆ خەبات ودرێژەدانی رێبازیان ھەر ئیستا ئارەقی ماندویی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە شاخ دەسڕێتەوە.  

ژنان وپیاوانی ئازادیخواز!
لە سەردەمێکدا کە هێزە کۆنەپارێز و دواکەوتووەکان لە ناوچەکە و لەوانە لە کوردستان دژ بە هەموو بنەما ئینسانییەکان دەوستنەوەو دروستکردنی فەزای ترس و تۆقاندن و خەفەقان و گەڕانەوە بۆ یاساکانی زیاتر لە هەزار ساڵ لەوە پێشیان کردوە بە ئامانجی خۆیان، بوونی هێزێکی پێشکەوتنخواز و سیکۆلاری وەک کۆمەڵە پێویستییەکی هەنووکەیی و مێژووییە.

کچان و کوڕانی تێکۆشەر!

‌هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، بە بەشداری ئێوەو ئامادە بوونتان لە ڕیزەکانیدا بەهێز دەبێت، بە پەیوەست بوونتان بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، باسکی عەداڵەتخوازی و یەکسانیخوازی لە کوردستان بەهێز بکەن. بە بەشداریتان لە ناو ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، بەرگری بکەن لە سەرجەم مافە رەوا ئینسانی و نەتەوەییەکانی خۆتان و خەڵکی کوردستان.

پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵە
بنەماڵەی ئازیزی گیانبەختکردوان
دڵسۆزان و لایەنگرانی کۆمەڵە

٣١ جۆزەردان رۆژی رێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی هەموو ئەو کەسانەی کە رۆژێک لە رۆژان لە ریزەکانی کۆمەڵەدا خەباتیان کردوە. لەم رۆژەدا رێز لە یادی ئازیزی ھەموو گیان بەختکردوانی ریزەکانی کۆمەڵە دەگرین کە بە گیانبازی و فیداکاری بێ وێنەی خۆیان مەشخەڵی خۆڕاگری و ملکەچ نەبوون بە کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیان ھەروا بە گوڕو تین ڕاگرتووە. رێز دەگرین لە پێشمەرگە کەم ئەندامەکانی کۆمەڵە کە بەشێک لە جەستەی خۆیان پێشکەشی ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە و بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد کردوە. لە رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا  لە گەڵ گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و کوردستان پەیمان تازە دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکان و رزگاری خەڵکی کوردستان لە ژێر ستەمی نەتەوایەتی و کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی لە تێکۆشان نەوەستین.



بژی ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە
بەرزوبەرێز بێ یادی کاک سەعیدی موعینی و سەرجەم گیانبەختکردوانی کۆمەڵه
سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٢١ی ژۆئەنی ٢٠١٧ زایینی
٣١1ی جۆزەردانی ١٣٩٦ هەتاوی


ئه‌م بابه‌ته 1274 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:35:21/06/2017