بەڵگە پەسند کراوەکانی کۆنگرەى 15: دەقی پێکهێنانى پلاتفۆرمێکى هاوبەشى کوردستانى رۆژهەڵات

بەڵگە پەسند کراوەکانی کۆنگرەى 15
مانگى مەى 2017

ئەم دەقەی خوارەوە لە بەڵگە پەسند کراوەکانی کۆنگرەى  15ی کۆمەڵەیە روو بە حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات  سەبارەت بە پێویستى پێکهێنانى پلاتفۆرمێکى هاوبەشى کوردستانى رۆژهەڵات.
شایانی باسە بوەترێ ئەم پلاتفۆرمە پێشکەش بە زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کراوە.



سەبارەت بە پێویستى پێکهێنانى
پلاتفۆرمێکى هاوبەشى کوردستانى رۆژهەڵات




کۆمارى ئیسلامى ئێران هەرگیز نەیتوانیوە پێگەیەکى کۆمەڵایەتى و سیاسى راستەقینە لەنێو کۆمەڵانى خەڵکى کوردستاندا دەستەبەر بکا. سەرەڕاى هەموو زەبر و زەنگ و بگرە و بکوژەى کۆمارى ئیسلامى، گەلى کورد چۆکى بۆ رژیمى کۆمارى ئیسلامى و دەسەڵات و فەرهەنگەکەى دانەداوە و بە ڕێکخستنى دەیان بزووتنەوەى گەورە و بچووک نیشانى داوە کە دەستى لە داخوازییە ڕەواکانى خۆى هەڵنەگرتووە بگرە شێلگیرانەتر و وشیارانەتریش لەسەریان پێداگرى دەکات.
بزووتنەوەى ڕزگاریخوازانەى گەلى کورد و داخوازییەکانى دەسکردى هیچ کەس و لایەنێک نین بەڵکوو دیاردەیەکى مێژووکردن و بەرهەمى بارودۆخى عەینى کۆمەڵگاى کوردستانن. وشیارى نەتەوایەتى لە هەموو ناوچەکانى کوردستانى رۆژهەڵات بەرینتر و قووڵتر بۆتەوە و هیچ گومانێک لەوەدا نییە کورد لە ئێران مافى خۆى ناسیوە، بڕوا بەخۆى زیادى کردووە و چیدى بەم بێمافى و بێبەشییە ڕازى نییە.
حیزبەکانى کوردستانى رۆژهەڵات سەرەڕاى درێژەکێشانى دیکتاتۆرى رەشى کۆمارى ئیسلامى و هەموو سەرکوت و گوشار و قەدەغەیەک، ئێستاش خاوەنى پێگەیەکى قوولڕ و جێگەى خۆشەویستى و بڕوا و متمانەى کۆمەڵانى بەرینى خەڵکن، هاندەر و بزوێنەرى بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانى کوردستانن و مۆرکیان بەسەر خەباتى سیاسى و مەدەنیدا دیارە و ئەمەش ئەرکێکى تایبەت دەخاتە ئەستۆیان. بەڵام ئێمە ناتوانین تەنیا چاوەڕوانى هەڵکەوتنى هەلى گونجاو بین، بەڵکوو پێویستە بۆخۆشمان ئەو دەرفەتە بڕەخسێنین. بارودۆخى ناوچەکە و ئێران لە هەمیشە هەستیارترە و پێویستە ئێمە خۆمان و کۆمەڵگا بەگشتى بۆ قۆناغى گۆڕانکارى تەیار کەین.
گەورەترین ویستى خەڵک و داواکارى سەرەکى ئەوان لە حیزبەکان، یەکگرتوییە. بەبڕواى ئێمە پێویستە زیانى لێکدابڕانەکانى ساڵانى رابوردوو قەرەبوو بکرێتەوە و لەجیاتى قوولڕ کردنەوەى ناکۆکى، زەمینە بۆ لێک نزیک کردنەوە و هاوکارى خۆش بکرێ و قۆناغى ساردوسڕى و دڕدۆنگى کۆتایى پێ  بهێندرێ.
بە لەبەر چاو گرتنى هەموو ئەو راستیانە، کۆنگرەى پازدەهەمى کۆمەڵە لەو بڕوایە دایە کە پێکهێنانى یەکگرتوویى لەنێو حیزبەکاندا پێویستییەکى سەردەم و ئەرکێکى حاشاهەڵنەگرە کە نابێ لەوە زیاتر وەدرەنگ بکەوێ. پێشنیارى دیاریکراوى ئێمە بۆ قۆناغى ئێستا ئەوەیە لە هەنگاوى یەکەمدا بە ئامادە کردنى پلاتفۆرمێکى هاوبەش دەست پێبکەین. ئەو پلاتفۆرمە دەتوانێ سەرەتاییترین خاڵە هاوبەشەکانى نێوان خۆمان و بنەماییترین داخوازییەکانى کۆمەڵگاى ئێستاى کوردستانى رۆژهەڵات لە خۆیدا کۆ بکاتەوە و ڕەوڕەوەى یەکگرتووییخوازى بخاتە گەڕ.

لە هەمووان ڕوونە کە ئەو یەکگرتووییە، بە لە لانى کەمیشەوە دەست پێبکات، دەتوانێ ئەم ئامانجانەى خوارەوە بپێکێت:
ا. ورەى خەباتکارانەى کۆمەڵانى خەڵک بەرز دەکاتەوە و هیوایان پێ دەبەخشێت کە ئەویش لە خزمەت هەستانەوە و بووژانەوەى رۆژهەڵاتدایە.

ب. ڕێز و جێگەى کورد لەناو خەڵکى ئێران و قورسایى و سەنگى ئێمە لەنێو بزووتنەوەى دێمۆکراسیخوازى ئێران و ئۆپۆزیسیۆن دەباتە سەرەوە.

ج. کۆمارى ئیسلامى لە هەمبەر کورد و حیزبەکان بەپارێزتر دەکا و ناچار دەبێ  حیسابێکى زۆرتر بۆ کورد و بزووتنەوەکەى بکات.

د. هەروەها سەرنجى دنیاى دەرەوە بۆ لاى کوردى رۆژهەڵات و داخوازییەکانى رادەکێشێ و پشتیوانى نێونەتەوەیى بۆ بزووتنەکەمان باشتر دەستەبەر دەکات.

کۆنگرەى پازدەهەمى کۆمەڵە وێڕاى پەسەند کردنى ئەم ئاراستەیە، لەو بڕوایە دایە کە بە تەگبیر و ڕاى هەموو حیزبەکان دەتوانین ناوەرۆک و خاڵەکانى ئەو هاوکارییە و میکانیزمەکانى ساغ کەینەوە و هەنگاوى پێویست بۆ بەکردەوە دەرهێینانى هەڵگرین. لەم پێناوەشدا کۆنگرە، کۆمیتەى ناوەندى هەڵبژێردراوى خۆى ئەرکدار دەکا کە چالاکانە لەگەلڕ هەموو حیزبەکانى کوردستان پەیوەندى بگرێت و ئاڵوگۆڕى بیروڕا دەست پێبکات.
لە روانگەى ئێمەوە ئەم پلاتفۆرمە هاوبەشە دەتوانێ  خاڵى وەکوو دامەزراندنى کاناڵى تەلەڤیزیۆنى هاوبەش، لیژنەى هەماهەنگى هێزى پێشمەرگە، لیژنەى هەماهەنگى ئەمنییەت، دیپلۆماسى جیهانى هاوبەش، و هەر وەها بەیارمەتى کەسایەتى و تێکۆشەرانى دەرەوەى وڵات کۆنگرەى رۆژهەڵات وکوو پارلەمانى کوردستانى رۆژهەڵات لە تاراوگە لەخۆ بگرێت.


ئه‌م بابه‌ته 1217 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:28:08/06/2017