چاوپێکەوتنی نێوان کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتی کوردستان


دوابەدوای بەستن و کۆتایی هاتنی کۆنگرەی 15ی کۆمەڵە و بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی گشتی کۆنگرە روو بە حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، ئەمڕۆ دوشەممە رێکەوتی 5ی مانگی ژوئێنی
2017ی زاینیی هەیئەتێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە سەرپەرەستی هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕسی سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لە لایەن بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان و وەفدی یاوەری پێشوازی گەرمیان لێکرا.

سەرەتا هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕسی راپۆرتێکی کورتی سەبارەت بە چۆنیەتی بەستنی کۆنگرەی 15ی کۆمەڵە و دەرەنجامەکانی پێشکەش بە هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی کرد و لە تۆی قسەکانیدا ئاماژەی بە بریار و پەسەندکراوەکانی کۆنگرە کرد. تەوەرێکی گرینگی ئەم چاوپێکەوتنە گەیاندی راسپاردە و پەیامی کۆنگرەی 15ی کۆمەڵە بوو روو بە لایەنە سیاسیەکان واتە نزیکی و یەکگرتنی هەرچی زیاتری حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات. هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕسی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە نزیکی و کاری هاوبەشی زیاتر بابەتی سەرەکی کاری ئەم دەورە نوێیە و هەروەها بیرۆکەی کۆمەڵە موعەرەفی دەکات بە هۆی ئەوەیکە ئاڵ و گۆڕ و رووداوەکان زۆر بە خێرایی تێپەڕ دەبن و بە باوەڕی کۆمەڵە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ئیئتلافی پێویستیەکی حاشاهەڵنەگەری سەردەمە.

دواتر بەڕێز مستەفا مەولوودی لە لایەن خۆی و سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی نوێی کۆمەڵە و سەرجەم ریزەکانی کۆمەڵە بە هۆی تەواوبوونی سەرکەوتوانەی کۆنگرەی 15ی کۆمەڵە پێشوازی لە پەیامی کۆنگرەی 15ی کۆمەڵە کرد. مەولوودی بە ئاماژە بە رووداو پێشهات و ئاڵوگۆڕەکان ئەم هەنگاوەی کۆمەڵەی بەرز نرخاند و ئاماژەی بە چەند کۆبوونەەوەکانی پێشووتری چەند لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کرد کە دەتوانرێت کاری هاوبەشی زیادتر بکرێت و هەر وەها ئەم هەنگاوانە دەتوانرێت لە داهاتوودا ئاکامێکی باشی هەبێت بۆ بەرەو پێشچوونی هەرچی زیاتری رەوتی ئازادیخوازانەی بزووتنەوی کوردستانی رۆژهەڵات.

ئەم دیدارە لە کەش و هەوایەکی زۆر دۆستانە چەند کاتژمێرێکی خایاند و لە کۆتاییدا هەر دولا لە سەر نزیکی و هاوکاری زیاتر جەختیان کردەوە.












ئه‌م بابه‌ته 839 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:26:05/06/2017