ئەبوبەکر مودەرسی
" />

هەڵبژاردنەکانی دوازدەهەمین خولی سەرۆک کۆماری و چارەنووسی رێفۆرمخوازیی دەوڵەتی لە کۆماری ئیسلامی


ئەبوبەکر مودەڕسی


نیزیک بە ٢٠ ساڵ لەوەپیش  و بە خۆپاڵاوتنی محەمەدی خاتمی وەزیری پێشووی ئیرشادی رەفسەنجانی و بەرپرسی کتێبخانەی میللی سەر بە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، بۆ سەرۆک کۆماری، رەوتێک لە ناخی کۆماری ئیسلامی سەری هەڵدا کە بە رێفۆرمخوازان ناوزەدکران و لە ئەدەبییاتی سیاسی کۆمەڵە بە رێفۆرمخوزانی دەوڵەتی ناسراون. رواڵەتە دیارەکانی ئەم رەوتە تێکەڵاوێک بوون لە کاربەدەستانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئێران لە وەزارەتی ئیتلاعات و چەند رواڵەتێ ناسراو لەناو خەتی ئیمامییەکانی پیشوو. زۆری پێنەچوو شان بە شانی رەوتی رێفۆرمخوازی دەوڵەتی جۆرێک لە رێفۆرمخوازی نادەوڵەتیش هاتە مەیدان بەڵام هیچ کات نەیتوانی دەورێکی  ئەوتۆ لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران بگێڕێ، دەوری هەرە گرینگی ئەم رووناک بیرانە دروستکردنی پاشخانێکی هەزری و تیوریک بوو بۆ رەوتی رێفۆرمخوازی دەوڵەتی. بیرۆکەی ئەو رەوتە لە سەر بنەمایەک داندرابوو کە دەتوانین لەو چەند خاڵەی خوارەوە بە کورتی دەسنیشانیان بکەین:

-کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی لەو مەترسیانەی هەرەشەی لێدەکەن دەبێ ئاڵ و گۆڕێکی ئیسلاحخوازانە لە خۆیدا پێک بێنێت و کەش و هەوای سیاسی کراوەتر بکات. ئازادی چاپەمەنی و دەربڕینی بیروڕا، بەشداریەکی پان و بەرینتر لە پرۆسەی  بڕیاردان و شتی لەو بابەتە کە هەمووی دەگەرایەوە بۆ بانگەشە بۆ فەزایەکی کراوەتری سیاسی کە تا ماوەیەک لەوە پێشیش تەوەری سەرەکی باس و ئامانجەکانی رێفۆرمخوازی بوو. (ئەو رەوتە لە هەر جێگایەک باسی لە ئازادی و بەشداری  (مشارکت) دەکرد مەبەستی تەنیا خودییەکانی رژیم بوو، هەرچەند لاینگری هەڵسوکەوتێکی ئەهوەنتریش بوو بەرامبەر بە نەیارانی رادیکاڵتری رژیم.

-رژیمی سیاسی ئێران قابلییەتی ئیسلاحی تێدایە و دەبێ ئەو پوتانسییەلە وەکار بخرێ و کەڵکی لێوەربگیرێ.  
-رێفۆرم دەبێ لە ناوەوەی دامودەزگاکانی دەسەڵات و لە رێگای بە دەست گرتنی هێندێک کەرەستەی وەک دەوڵەت و پۆستی سەرۆک کۆماری، زۆرینەی پەرلمان و هتد، ئەنجام بدرێ.هێزی خەڵک و شەقام تەنیا بە مەبەستی گوشارهێنان  بە دەگمەن بە کار بهێندرێ.
-    
سەرجەمی ئەم باسانە لە گەڵ زۆر وردەکاری دیکە گووتاری ئیسلاحخوازی لە ئێرانی پێکدەهێنا.
رێفۆرمخوازان دەستیان بە سەر زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەرەسانە دا گرت کە بۆ ئیسلاحی رژیمی ئێران بە قسەی خۆیان پێویستیان بوو. بۆ وێنە بە دەستەوە گرتنی جومگەکانی دەسەڵات وەک دوو خوڵی سەرۆک کۆماری، زۆرینەی مەجلیس لە یەکێک لەو خولانە، (لەو کاتەش زۆرینە نەبوون بەڵام رێژەیەکی بەرچاوی نوێنەرانیان بوو). پشتیوانی پان و بەرینی خەڵکیشیان بوو و ئەگەر کەڵکی باشیان لێوەرنەگرت، ئەوە خەتای خەڵک نەبوو و بەشێک بوو لە فەلسەفەی رێفۆرمخوازان کە خەڵک تەنیا وەک گوشار و کەرەسە بە کار بێنێ نەک شەریک و هێزی بزوێنەری رێفۆرم.

بە هەموو ئەوانەشەوە رێفۆرمخوازان بە هیچکام لە ئامانجە سیاسییەکانیان نەگەیشتن، کرانەوەی  کەش و هەوای سیاسی زۆر کاتی بوو و رەوتی گرتن و بڕین و دەسبەسەر کردن بەردەوام. یەکیک لە دروشمەکانی رێفۆرم یاسامەند کردنی کۆمەڵگا بوو، لەو کاتەوە تا ئێستا بێقانوونی و کاری سەرەڕۆیانە لە دامەزراوەی قەزایی، دادوەری و هەواڵگری و ئەمنییەکان هەموو سنوورێکی بەزاندووە. رێفۆرمخوازان لە ماوەی ٨ ساڵ دەسەڵاتی کارگێڕی و تەنانەت لە کاتێکدا مەجلیسی یاسا دانانیان بە دەستەوە بوو نەیانتوانی هیچ یاسایەک بگٶڕن، رەوتی رێفۆرمخوازی لە ئێران بەر لەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆک کۆماری و یان نوێنەرایەتی مەجلیس ببینێتەوە لە چاپ و بلاوکراوەکان هاتە مەیدان، بۆیەش چاپەمەنی و ئازادبوونیان لە بڵاوکردنەوەی بیری رێفۆرمخوازی زۆر گرینگ بوو. هەر لە سەر ئەو ئەساسە چاکسازی لە یاسای چاپەمەمەنی و بڵاوکراوە یەکێک بوو لە ئەولەوییەتەکانیان و کاتێک زۆرینەی مەجلیسیان بە دەستەوە بوو و سەرۆکی مەجلیسیش مێهدی کەرروبی بوو، هەوڵیان دا یاسای چاپەمەنی و بڵاوکراوە بگۆڕن و فەزایەکی ئازادتر و ئاسودەتر بۆ چالاکانی ئەم بوارە بخوڵقێنن. هەوڵەکەیان بۆ ئەو کارە شکستی هێنا و بە دەستووری خامنەیی کە بە ''حوکمی حکوومەتی'' ناوی دەرکرد پرۆژەیاساکە لە دەستووری کاری مەجلیس دەرهاویژرا. لە دوای دەوری دووهەمی سەرۆک کۆماری خاتەمی رەوتی دەرکردنیان لە بازنەی حکوومەتیش دەستی پێکرد.

لە دوای خاتەمی هەوڵێک درا کە رێفۆرمخوازان جارێکیتر بێنە مەیدانی رکابەری  بۆ بە دەستەوە گرتنی سەرۆک کۆماری بەڵام بە برێک ساختەکاری و تا رادەیەکیش هەڵوەرینی دەنگدەرانیان، لە بەرامبەر ئەحمەدی نەژاد شکستیان خوارد.  لە هەڵبژاردن بۆ دەوری دووهەمی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نەژاد،  رەوتی رێفۆرمخوازی بۆ یەکەمین جار لە حاڵێکدا خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشوو ئامادە نەبوو وەک کاندید بمێنێتەوە، بە پشتیوانی لە کەسێک لە دەرەوەی بازنەی رێفۆرمخوازان، هاتنە ناو مەیدانی رکابەری. جیاوازییەکە لە گەڵ ئێستا ئەوە بوو کە کاندیدەکەیان واتە میرحوسێنی موسەوی راستە لە دەرەوەی بازنەی ئیسلاحخوازان هاتبوو بەڵام دەتوانین بڵێین تا رادەیەکیش لە دەرەوەی سیسیتەمی دەسەڵات بوو، بە دروشمی ژیانەوەی دەورانی خومەینی وەک دەورانێکی زێرین هاتە مەیدان و هەر بۆیەش بە جۆرێک خاڵی هاوبەشی لە گەڵ ئیسلاحخوازان هەبوو، سەرەڕای ئەوەی لە سەر کیشەی کۆن و ئەو کاتەی سەرۆک وەزیر بوو کێشە و ململانەی لەگەڵ خامنەیی کە ئەو کات سەرۆک کۆمار بوو هەبوو. هەروەها زۆرێک لەو کەسانەی پێشووتر خۆیان بە خەتی ئیمامی دەزانی  و لەناو ئەوان ئەندامانی بنەماڵەی خومەینی خۆیان لە ئیسلاحخوازەکان بە نیزیک دەزانی. سەرئەنجام و سەرەڕای پشتیوانی جەماوەری لە میر حوسێنی موسەوی، ئەحمەدی نەژاد جارێکی دیکە لە سەندووقی سەرۆک کۆماری هاتە دەرێ. باقی ماجەرا هەموو کەس دەزانێ و پێویست بە دووبارەکردنەوە نیە. خەڵک بۆ یەکەم جار بە فراوانی هاتنە سەر شەقام و لە دژی ساختەکاری حکوومەت لە بژاردنی دەنگەکان، نارەزاییان نیشاندا. لێرەدا بزووتنەوەی نارەزایەتی ئەو سەردەمە و یان بزووتنەوەی سەوز تاوتوێ ناکەین و مەجالێکیش بۆ ئەو کارە نیە. بەڵام ئەم بزووتنەوە بە هەموو سنووردارییەکەی و رێبەری لاوازی ئیسلاحخوازان ''ئەفسانەی'' ئامادەنەبوونی خەڵک بۆ گۆڕینی نیزامی سیاسی ئێران کە رێفۆرمخوازان چەندین ساڵ بوو بەردەوام لە سەری دەرۆیشتن و ترس لە شۆرشیان لە ناو خەڵک بڵاو دەکردەوە، ئەگەر نە بە تەواوی، تا ڕادەیەکی زۆر پووچەڵ کردەوە، بەشی زۆری چالاکانی ئەم بزووتنەوەیە کە خۆیان بەشداری نارەزایەتیەکان بوون لە سەر ئەو  باوەرە کۆکن کە ئەگەر رێبەری بزووتنەوەکە ساغ بوایە لە خۆپێشاندانی گەورەی رۆژی عاشورا، خەڵک هەڵیان دەکوتایە سەر دامەزراوەکانی رژیم، هەرچەند لەوانەیە کە لە کۆتاییدا ئەم جارە سەرکەوتوو نەبوایەن.

لەو کاتەوە تا ئێستا رەوتی رێفۆرمخوازی دەوڵەتی لە ئێران لە حاڵی پاشەکشەی بەردەوامدا بووە. هۆکارەکانی ئەم پاشەکشەیه زۆرن، ئەوان لەو چەند ساڵەدا بەرەو دەرەوەی دەسەڵات پاڵپێوەنراون و هەموو دەرگاکانیان بۆ هاتنە ناو سیستەمی دەسەڵات لێداخراوە. رێفۆرمخوازی ئێران دەوڵەتیە و بە حووکمی ئەوە ناتوانێ وەک ئۆپۆزیسیۆن کار بکا و دەبێ بەشێک بێت لە قەوارەی رژیم. هاتنی دۆناڵد ترامپیش بۆ سەر کورسی سەرۆک کۆماری ئامریکا و زمانی تووند و رەخنەئامێزی لە دژی ئێران نیگەرانێکی گشتی ساز کرددوە لە ناو دەسەڵاتداران. خاتمی بە ناوبانگترین رواڵەتی ئیسلاحخوازی کە چەند ساڵێکە قەدەغە لە سەر بڵاو کردنەوەی دەنگ و رەنگی داندراوە، مەجالی گوونجاو بینی و داوای کرد کە ئاشتەواییەکی نەتەوەی لە ئێران دەست پیبکرێ تا ئەوانیش (ئیسلاحخوازان) شان بە شانی ئوسوڵگەراکان لە بەرامبەر ئەو هەرەشانەی ئێران لە داهاتوودا بەرەورووی دەبێتەوە راوەستن و کۆماری ئیسلامی بپارێزن. ئەو پاڕانەوە و وڵامە رەقەکەی خامنەیی گورزێکی کوشەندەی مەعنەوی بوو لە رێفۆرمخوازان و هەموو ئومێدی ئەوانێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وەک ''خودی'' بێنەوە ناو کایەی سیاسەت پۆچەڵ کردەوە.

لە خولی یازدەهەمی سەرۆک کۆماری رەوتی رێفۆرمخوازی نە بە ناو و ناسنامەی خۆی بەڵکو بە ناوی "اعتدال گرایی" هاتە ناو کایەی هەڵبژاردن. ئەم جارە میر حوسێنی موسەوی نەبوو کە بۆ ماوەی دوورودرێژ لە بازنەی دەسەڵات دوور بووبێ و بتوانێت بەڵێن بدات کە شتێکی نوێ دێنێتە ناو روانگەی سیاسی و ئیداری حکوومەت، بەڵکو ئەوە رووحانی بوو کە خۆی یەکێک لە کاربەدەستانی چالاکی رژیم بوو، لە دەزگا ئەمنییەتییەکان کاری کردبوو و هتد. لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە بچینە سەر ڕابردووی روحانی و دەورێکی کە لە پۆستی سەرۆک کۆماری گێڕاوێتی، هەر ئەوەندە بڵێن کە چوونە ژیر ئاڵای ئێعتدال و میانەرەوی رۆحانی لە بەرئاورد لە گەڵ چوونە ژێر ئاڵای موسەوی بۆ ئیسڵاح تەلەبان یەک هەنگاوێکی دیکە بەرەو دواوە بوو.
پاشەکشە یەک لە دوای یەکەکانی رێفۆرمخوازان لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران و وەدەرنانیان لە بازنەی دەسەڵات، تەنیا ناگەرێتەوە بۆ هەڵبژاردنەکان و پۆستە حکوومییەکان، رێفۆرمخوازانی دەوڵەتی لە ڕەوتی چوونیان بۆ ژێر ئاڵای غەیرە رێفۆرمخوازان، لە فەلسەفەی وجوودی خۆیان و لەو گەوهەرەی کە بوونیانی لە ساحە سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران مانا دەبەخشی، واتە ئازادی و دیموکراسی و یان تەنانەت ئەو شەلەم شۆربایەی خۆیان ناویان نابوو، "" مردم سالاری دینی""  پاشەکشەیان کردوە، هەرچەند ئەو پاشەکشە تا ڕادەیەک نادیارە و جار جار خۆی لە ژێر ئەولەوییەتەکانی ژیانی رۆژانە و ئابووری و دەستەنگی خەڵک دەشارێتەوە. ئیسلاح تەلەبی لە بنەرەتدا بە مەبەستی کرانەوە و لیبرالیزەکردنی پرۆسەی سیاسی لە ئێران هاتە مەیدان. رەخنەی سەرەکی ئەوان لە نیزامی سیاسی ئێران و لە باڵی موحافیزەکار ئەوە بوو کە ئەوان، واتە بناژوخوازان، کۆۆماری ئیسلامییان بە لاڕێدا بردوە و بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵک لە رژیم دوور کەوێتەوە و ئەگەر هەر بەو ئاقارەدا بچێتە پێشەوە ئەوە گشتییەتی نیزام تووشی مەترسی گەورە دەبێ و هتد. لە ئەدەبییاتی سیاسی ئیسلاحخوازان لە حەوت هەشت ساڵی یەکەم باسێک لە سەر ئابووری و کێشەکانی پێوندیدار بە بژیوی خەڵک نەبوو و یا زۆر بە دەگمەن دەبیندرا. گوتاری  ئیسلاح تەلەبی، لە بنەرەتدا گوتارێکی سیاسی بوو. دیارە گەر هاتبایە و تووشی رەخنە و گازەندە بووایەن ئەوە  بە ئاشکرا ددانیان بەوە دادەنا کە ئەولەوییەتی ئەوان تەوسعەی سیاسیە نەک عەداڵەتی ئابووری.

ئیسلاح تەلەبانی ئێستا نە تەنیا لە حزوری راستەوخۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و پاشەکشەیان کردوە، بەڵکو گرینگتر لەوانە گووتاری تەوسعەی سیاسی و یان کرانەوەی کەش و هەوای سیاسیش بە تەواوی لە ئاجێندای رۆژانەیان ولاندراوە. تەوەری ئەسڵی رەخنەی ئەوان لە دەسەڵاتی سیاسی لە بازنەی سیاسەتی دەرەکی دایە و ئێستا دوای ٤ ساڵ سەرۆک کۆماری روحانی و گرێبەستی ناوکی، گوتاری رۆژانەی رێفۆرمخوازان پشتیوانی لە سیاسەتی نەرمتر لە گەڵ رۆژئاوایە. ئەوە سنووربەندی سەرەکیانە لە گەڵ باڵی ئوسولگەرایان،  دیارە ئێستا زۆرتر لە جاران باسی کێشە ئابوورییەکانیش دەکەن و دڵ بۆ خەڵکی فەقیر و هەژار دەسوتێنن، هەڵبەت بە راستی ئێرانی کۆماری ئیسلامی کێشەی گەورەی ئابووری هەیە و هێڵی هەژاری هەموو سنوورێکی بەزاندووە. گەندەلی لە ئاستی هەرە بەرز، حاشا هەڵنەگرە و ئەوانە هەموو دروستە، بەڵام کردنی دۆسیەی ئابووری و ژیانی خەڵکی ئاسایی و هەژار وەک تەوەری سەرەکی، زۆرتر وەک بەشێک لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکان دێتە گۆڕێ و یان بۆ ئەوەیە کەمتر باسی بێمافی و داخراوی سیاسی لە ئێران بکرێت.
رەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن بەڵام نامرن و بە تەواوی لەناو ناچن، ئێمەش ئەو ئیدیعایە ناکەین. تاوتوێ کردنی جێگە و پێگەی رێفۆرمخوازی لە ئێستادا و هۆکارەکانی گەیشتنی بە دۆخی ئێستای هەڵبەت نیازمەندی پێداچوونەوەیەکی تێرو تەسەلە و مەبەستی ئەو نووسراوەیە نیە. بەڵام دوای دوو دەورە سەرۆک کۆماری و تەراتێنیان لە ساحە سیاسی ئێران بۆ ماوەیەکی بەرچاو، ئەم پرسیارە کۆنە جارێکی دیکە زیندوو دەکاتەوە کە ئایا ئەو رەوتە داهاتوویەکی هەیە لە ئێران و شانسی گەیشتنی بە ئامانجەکانی کە بریتیە لە گۆڕینی نیزامی سیاسی ویلایەتی فەقیە و بە دیموکراتیک کردنی چەندەیە؟ کۆماری ئیسلامی و سیستەمی حکوومرانییەکەی دیکتاتۆریکی ئیدئۆلۆژیکی گشتییەتخوازە (تۆتالیتێر)، چارەنووسی ئەم حکوومەتە ئیدئۆلۆژیکانە مقاوەمەت لە بەرامبەر رێفۆرم و ویستی کۆمەڵگا بۆ ئاڵ و گۆڕی بنەرەتییە. بە پێچەوانەی دیکتاتۆرییە غەیرە ئیدئۆلۆژیکەکان وەک دەسەڵاتە نیزامییەکان کە بە هۆکاری سیاسی و لە سەردەمێکی تایبەت هاتنە سەرکار و خەڵکیان بە بێبەزەیانەترین شێوە سەرکووت کرد،  بەڵام بۆ وێنە لە ئامریکای لاتین و دوای نەمانی هۆکارە سیاسییەکان لە مەواریدێکدا ئامادەبوون بە بێ پێویستی شۆرشێکی سیاسی رێفۆرم قەبووڵ کەن و مۆڵەتی هەڵبژاردنی ئازاد بدەن، دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکان بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست باوەشیان بۆ رێفۆرم نەکردۆتەوە و تەنیا بە زەبری ئاخێزێکی گەورەی جەماوەری لە سەر کار لابردراون. 

ئاماژەکان هەموو باس لەوە دەکەن کە وڵامی پرسیارە کۆنەکە نێگاتیوە. کۆماری ئیسلامی ویلایەتی فەقیە تا ئێستا بە هەموو شێوەیەک تەحەدای هەموو ویستێکی چاکسازی و رێفۆرم لەلاین خۆدییەکانیشەوە کە خۆیان بە بەشێک لە نیزام زانیوە، کردوە و ئامادە نەبوو لەو بارەوە هیچ ئیمتیازێک بدات. تەنانەت دوای مردنی خامنەیی نەخۆش، دەسەڵاتی ئەو تاقمانەی بەرامبەر بە هەر ئاڵ و گٶرێک لە ئاراستەی رێفۆرم واکسینە کراون، زۆرتر لە ئێستاش دەبێ و هەڵدورینی راوەستان بۆ ئەو کاتەش هیچ کەس بە جێگایەک ناگەیەنێ.

هەڵبژاردنە نائازاد و نادیموکراتیکەکانی کۆماری ئیسلامیش، کە هەڵبژاردنی ئەم دەورەیەش یەک لەوانه،  بە هەر کام لە کاندیداکانیش کە لە سندووقەکانی دەنگدان بێنتە دەرێ، لەو راستییەی لە سەرەوە باسمان کرد هیچ ناگۆڕێ. رژیمی ویلایەتی فەقیە رۆژێک لە رۆژان و لە کاتی خۆی خەڵکی ئێران ناچار دەکا لە ئاخێزێکدا نەك بۆ رێفۆرم بەڵکو چارەنووسی رژیمەکە یەکسەر کەنەوە و ئیرادەی خۆیان بە سەر دامودەزگاکانی سەرکووت بسەپێنن.





ئه‌م بابه‌ته 790 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:01:01/05/2017