بەیانییەی هاوبەش



٦ پارتی سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات هەڵبژاردنی سەرۆکۆماری و شۆڕای شار و گوندەکانی ئێرانیان بایکۆت کرد.

کۆمەڵانی تێکوشەری خەڵکی کوردستان!
کۆماری ئێسلامی ئێران ڕۆژی 29 ی بانەمەڕی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و شوراکانی شار و دێ و بەڕێوە دەبات. ئەوەی بەناوی هەلبژاردن لەم ڕۆژەدا، لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئێسلامی ئێران بەڕێوە دەچێت، بە هیچ پێوەرێکی دیموکراتیک و ئەوڕۆیی ناتواندڕێت ناوی هەڵبژاردنی ئازادی لەسەر بێت. لەبارودۆخێکدا کە حیزبە سیاسیەکانی نەیاری رژیم قەدەغە کراون، ڕادەربرینی ئازاد  لەهەموو ئێران تاوانەو و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەسەڕەتاییترین مافی نەتەوایەتی و ئێنسانی خۆیان بێبەش کراو‌ن، ئەم بەناو هەلبژاردنە بە واتای بێ مافکردنی کۆمەڵانی خەڵک لەدیاریکردنی چارەنووسی خۆیانەو و یەکێک لەهۆکارەکانی  درێژکردنەوەی تەمەنی  کۆماری ئیسلامی ونیزامی سەرەرۆ و داپلۆسێنەرە لەئێران.
بەم بۆنەوە داوا لە هەموو خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەین وەکوو کاردانەوەێکی لێبڕاوانە بەرانبەر بەم هەموو بێ مافییە، لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی 29ی بانەمەڕدا بەشداری نەکەن. بە بەشداری نەکردنی خۆتان لەم شانۆگەریە  پەیامێکی روون لە ئێرادە و یەکدەنگی خۆتان بەرانبەر بە رژیمێک کە مافە ئێنسانی و ڕەواکانی ئێوە پێشیل دەکات، بەجێهان ڕابگەیەنن. بایکوت کردنی یەکدەنگی ئەو بەناو هەڵبژاردنە لەهەمان کاتدا ڕێگایەکە بۆ پێشگرتن لە داسەپاندنی هەر چەشنە فشار و سەرکوتێک بەبۆنەی هەڵبژاردن.
داوا لە هەموو چاڵاکانی بواری خەباتی کۆمەڵایەتی و مەدەنی، تێکوشەرانی سیاسی، لایەن و کەسایەتیە سیاسیەکان دەکەین کە لەپێناوی  بەجێهێنانی ئەرکی ئازادیخوازانەی خۆیان، هەڵسوڕاوانە بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێن و ریزەکانی ئەم یەکدەنگیە بەهێزتر بکەن.

حیزبی دیموکراتی کوردستان                    
کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران             
 حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
 سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران        

 کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران   

7ی بانەمەڕی 1396
27ی ئاوریلی 2017







ئه‌م بابه‌ته 1234 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:25:27/04/2017