پیرۆز بێت ١ مەی رۆژی جیهانی کرێکار



رۆژی کرێکار، کە بونیادی خەباتی بێ پسانەوەی کرێکارانی جیهانە، لە پێناو دادوەریی ئابووری و بە دەستهێنانی مافەکانیان، پیرۆز بێت لە کرێکارانی جیهان و کرێکارانی کورد و ئێران.

کرێکارانی کوردستان و ئێران، لە کاتێکدا بەرەو پیری ئەم رۆژە دەچن کە بێکاری ، گرانی، هەڵاوسانی ئابووری، چوونەسەرەوەی نرخەکان، کەمترین بنەمای هەقدەست، گرێبەستە کاتییەکان و یاساو رێسا دژە کرێکارییەکان، بووە بە نۆرمێکی باوی جیهانی سەرمایە و  جیهانی-ژینی گەمارۆ داوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران، بە درێژەدان بە سیاسەتە دژە کرێکارییەکانی خۆی، لە کۆی رەهەندەکانی ماف و رێکخستن و پیشەدا، ئاراستەیەکی دژەکرێکاری بەرجەستە و دیاری هەیە. کۆی یاساکانی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا دژایەتی ئەم چینە دەکەن.
مافی رێکخستن و سەندیکا و بەشداربوون لە دانانی بنەماکانی هەقدەست و یاسا کرێکارییەکان، بە گشتی و شێوەیەکی بەرچاو لە کرێکاران زەوت کراوە. نوێنەرەکانی دەزگا ئەمنیەتییەکان و خاوەنکاران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و دەستکەوتی زۆرتری دەسەڵات و مشەخۆران، رێکخستنە کرێکارییەکانیان خستۆتە پەراوێزەوە.  ئەم دۆخە ،دۆخێکی ئێگجار خراپ و پڕ تەنگەژەی بۆ کرێکاران خولقاندووە. کاری سەخت و درێژخایەن، کەمی هەقدەست، نەبوونی شوێن کار و کارگەی شیاو لە رووی تەندرووستی و ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لەو گرفتە سەرەکیانەن کە کرێکارانیان رووبەڕووی مەترسی دڵەڕاوکە، لە ناوچوون و نەبوونی زەمانەتی کاری کردۆتەوە.

نەبوونی زەمانەتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و پیشەیی و کارییەکانی وەک (بیمەی کرێکاری، بیمەی کۆمەڵایەتی و ئەمنیەتی کاری ئەمنیەتی شوێنی کار) لەم گرفتە سەرەکیانەن کە کرێکاران لە ئێران و کوردستان رووبەڕووی دەبنەوە. جێی ئاماژەیە سەرەڕای ئەم دۆخەش، بەشێکی زۆری کرێکارانی ئێران  و کوردستان، لە دەرەوەی بازنەی ناسنامەی کرێکارین کە کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی پێناسەی دەکات، کە ئەمە بۆ خۆی هەڕەشەیەکی جیدییە لە سەر ژیان و کاری کرێکاران.
بە پێی ئامارەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، نزیک بە ١٢ میلیۆن کرێکاری خاوەن ناسنامە هەیە، بەڵام لە راستییدا رێژەی کرێکاران زۆر لەمە زۆرترە، بە تایبەت کرێکارانی سەرسنوورەکان  و کرێکارانی وەرزی و کشت و کاڵی، کە ئەمانە هیچ زەمانەتێکیان بۆ کار و ژیانیان نەبووەو نییە.

یاسای کاری دژە کرێکار و دەستێوەردانی دەسەڵات لە یاسا کرێکارییەکان و کۆی رێکخستنەکانی کۆمەڵگای کرێکاران ئەم کۆمەڵگایەی خستۆتە بەردەم مەترسی لێک هەڵوەشاندنەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش روانگەی ئەمنیەتی بۆ کرێکاران و رێکخراوەکانیان و لە بەند و تاراوگە توندکردنی کرێکارانی چالاک و هۆشیار سەرباری هەموو گرفتەکانی ژیانی کرێکارانە، کە ئەمەش بە هۆی هەناوی دژە کرێکاری کۆماری ئیسلامییەوەیە.
بە نزیک بوونەوە لە ١ مەی رۆژی جیهانی کرێکار، پیرۆزبایی ئەم رۆژە لە سەرجەم کرێکاران و زەحمەتكێشانی کوردستان و ئێران دەکەین و بە هیوای دونیایەکی عادڵانە کە مافەکانی سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگای تێدا پارێزراو بێت. بێگومان یەکیەتی کرێکاران و هاودەنگیان دەتوانێت بەر بە سیاسەتە دژە کرێکارییەکانی ئەم دەسەڵاتە بگرێت.



کۆمیسیۆنی راگەیاندنی کۆمەڵە
٢٧ی ئاپریلی ٢٠١٧
بەرامبەر ٧ی گوڵانی ٢٧١٧


ئه‌م بابه‌ته 1752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:30:27/04/2017