کۆمیسیۆنی راگەیاندنی کۆمەڵە کوژرانی کاسبکارانی سەردەشت مەحکووم دەکات

راگەیاندنی کۆمیسیۆنی راگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک کۆڵبەر لە سەردەشت


شەوی رابردوو، ٢٦ ی خاکەلێوە، سەر لە نوێ هێزەکانی رژیم لە گوندی بێورانی سەر بە شاری سەردەشتی کوردستانی رۆژهەڵات تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکاری سەر سنوور کرد و بە داخەوەا ٤ کۆڵبەر کوژران و برینداربوون، پاش بینینی ئەم رووداوە لە لایەن خەڵکی شاری سەردەشتەوە، تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە ئینتزامییەکان هاتە ئاراوە.
ئەمە یەکەم جار نییە کاسبکارانی  کورد دەکەونە بەر پەلاماری هێزەکانی رژیم و دەبنە قوربانی، کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە بە بیانووی پاراستنی ئەمنییەتی سنوورەکان، هەوڵی کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد دەدات و هیچ ناوەند و بەرپرسێکی رژیمیش لە هەمبەر ئەم کردەوە دژە مرۆییە لێی بەرپرسیار نییە.
کۆمیسیۆنی راگەیاندنی کۆمەڵە وێڕای مەحکووم کردنی ئەم جنایەتەی کۆماری ئیسلامی لە شارە سنوورییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات رێز لە ئیرادەی قارەمانانەی خەڵکی شاری سەردەشت دەگرێت بۆ وەستانەوەیان لە هەمبەر کردەوە نامرۆڤانەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و لەو بڕوایە دایە کە پێویستە ئیرادەی خەباتکارانەی خەڵکی شاری سەردەشت بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەران بەهێزتر بکرێت و ببێتە هەوێنی ناڕەزایەتییەکی گەورە و هەموو شارەکانی کوردستان بگرێتەوە.
هەروەها داوا لە سەرجەم کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستانەکان و رێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکەین گرینگییەکی زیاتر بە پرسی کوشتنی بێ تاوانی کاسبکاران لە سنوورەکانی کوردستان بدەن و دەنگی کۆڵبەران بە گوێی دونیای دەرەوە بگەیێنن.
لە کۆتاییشدا جارێکیتر وەک کۆمیسیۆنی راگەیاندنی کۆمەڵە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیانی ئەم رووداوە دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی هەر چی زووتر بۆ بریندارەکان بە ئاوات دەخوازین.

کۆمیسیۆنی راگەیاندنی کۆمەڵە
16/4/2017ی زایینی بەرانبەر بە ٢٧ خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی




ئه‌م بابه‌ته 878 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:28:16/04/2017